کامەران عەبدە ساڵح
تەنها لەماوەی یەک مانگدا، لە سنوری ئیدارەی ڕاپەڕین، ئاگرکەوتنەوە زیانی 623 ملیۆن دیناری بە جوتیاران و هاوڵاتییانی ناوچەکە گەیاندووە، لایەنی پەیوەندیداریش دەڵێت ئەگەر لەکاتی پێویستدا ئاگرکەوتنەوەکان کۆنترۆڵ نەکرابان، زیانەکان زۆر لەوە زیاتر دەبوون.
نەقیب حسێن عەبدوڵڵا، وتەبێژی بەرێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی ڕاپەڕین بە خەندانی ڕاگەیاند، "تەنها لەماوەی مانگی حوزەیرانی ڕابردوودا، 181 ڕوداوی ئاگرکەوتنەوە لەسنوری بەڕێوەبەرایەتییەکەیان تۆمارکراوە، کە زۆربەیان سوتانی دانەوێڵەی جوتیاران و دارستان و پوش و پاوانی جوتیارانن".
وتیشی: بەپێی بەدواداچوون و خەمڵاندنمان، زیانە مادییەکانی ڕوداوەکانی ئاگرکەوتنەوە لە مانگی ڕابردوودا، بە زیاتر لە 623 ملیۆن دینار مەزەندە کراوە.
ئاماژەی بەوەشدا، کە تیمەکانی بەرگری شارستانی، لەکاتی پێویستدا ئاگرکەوتنەوەکانیان کۆنترۆڵکردووە، ئەگینا زیانەکان زۆر لەوەی ئێستا زیاتر دەبوون.
ئەمە لەکاتێکدایە، کە بەپێی دوایین ئاماری بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی، لەماوەی 6 مانگی یەکەمی ئەمساڵدا نزیکەی 11 هەزار و 850 دۆنم پوشوپاوان و دارستانی سروشتی لەسنوری پارێزگای سلێمانی سوتاون، بەوهۆیەشەوە 7 کەس دەستگیرکراون و ڕووبەڕووی یاسا کراونەتەوە.
بەپێی بەدواداچوونێکی خەندان، ماوەیەکە لە هەندێک لە ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان، سوتانی پووشوپاوانی جوتیاران وەک دیاردەیەک بەدیدەکرێت، کە بەپێی بۆچوونی شارەزایانی بواری ئابووری، کارێکی لەوجۆرە زیانی گەورە بە ژێرخانی ئابووریی هەرێم دەگەیەنێت و، پێویستە بەدواداچوونی ورد بۆ دۆزینەوەی ئەنجامدەرانی بکرێت و کەسی تاوانبار بەتوندی سزا بدرێت.
- 16-07-2014
This item has been written in (کوردیی ناوەڕاست) language, click on icon
to open the item in the original language!
ئەم بابەتە بەزمانی (کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی
بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!
This item has been viewed 4,193 times
Write your comment about this item!