بەیاننامەی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان لەسەر دەستێوەردانی دەرەکی لە بارودۆخی ...
ئاشکرایە کە مافی دیاریکردنی چارەنووس مافێکی رەوایە بۆ هەموو گەلان. گەلی کوردیش لە سەر خاکی خۆی و لە هەموو پارچەکانی کوردستاندا بە دەیان ساڵ بۆ بەدیهێنانی ئەو مافە خەباتی کردووە. ئەوە مافی گەلی کوردستانە بڕیار بدات چ جۆرە سیستەم و شێوازێکی بەڕیوەبردن بۆخۆی هەڵبژیرێت. هیچ دەوڵەتێکی هەرێمی و جیهانیش ئەو مافەی نیە دەست بخاتە کارو خەباتی کوردستانەوەو لە جیاتی گەلی کوردستان بڕیار بدات. دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستان بەردەوام ئەم پرەنسیپە گەردوونیەیان پێشێل کردووە. سەرەرای نکوڵی کردن و سەرکوتکردنی گەلی کورد لەو پارچانەدا کە لە بن دەستی خۆیاندایە، بەردەوام هەوڵی ئەوەشیان داوە کە دەستبخەنە کاری پارچەکانی تریشەوە. رژێمی ئێرانیش وەک تورکیاو رژێمە داگیرکەر و سەرکوتکەرەکانی گەلی کوردستان بە درێژایی مێژووی هاوچەرخی ناوچەکە هەوڵی داوە هەژموونی خۆی بەسەر کارو تێکۆشانی هەموو پارچەکاندا بسەپێنێ. بۆ ئەو مەبەستەش درێغی نەکردوە لە هەڕەشە کردن و هێرشکردن و سیاسەتی پەرتەوازەکردنی کوردان و ئاژاوە نانەوە لەنێو کورداندا.
ئەگەر ئێران بەراستی ئارامی و سەقامگیریی بۆ ولاتی خۆی و ناوجەکە ئەوێت، ئەگەر دۆستایەتی لەنێو گەلانی ناوچەکەدا ئەخوازێت، پێویستە بەر لەهەر شتێک دەست لە سیاسەتی سەرکوتکەرانەو نامرۆڤانە بەرامبەر گەلی کوردستان هەڵبگرێت. ئێران پێویستە ئیتر لەوە تێبگات کە نکوڵیکردن لە مافەکانی گەلی کوردستان و کوشتوبڕی سیاسەتمەدار و چالاکوان و خەڵکی سڤیل و کاسبکارانی سەرسنوورو، کۆکردنەوەی هێزی سەربازی لە ناوچەکانی کوردستان و تۆپارانکردنی هاوولاتیانی کوردستان، ناتوانن چیتر ئارامی بۆ خودی رژێمەکەی مسۆگەر بکەن. راپەڕینی بەشێک لە گەلانی رۆژهەلاتی ناوەراست لە هەمبەر رژێمە سەرەڕۆو دیکتاتۆرەکان نمونەیەکی زیندوون لەبەردەم ئێراندا و پێوستە دەرسیان لێ وەربگرێت. هۆشیاری گەلانی ناوچەکە بە گەلی کوردیشەوە گەیشتۆتە ئاستێک کە چیتر سیاسەتی دوژمناکارانەو ناعەدالەتی و ستەمکاریی قبوڵ نەکەن. بۆ رێگرتن لە سیاسەتی دەستێوەردانی دەرەکی، لەسەر گەلی کوردو پارتە سیاسیەکانی کوردستان پێویستە هەرچی زووتر ناخۆی ماڵی کوردو یەکریزی خۆیان پێکبێنن.
بێگومان گەلی کوردستان خوازیاری ئەوەن کە مافەکانی خۆیان بە رێگایەکی ئاشتی و دیموکراسی دابین بکەن. لەسەر رژێمی ئێران و رژێمەکانی تریش پێویستە ئەو راستیە قبوڵ بکەن و بەو ئاراستەیە هەنگاو بنێن. ئەگەر نا گەلی کوردستان هەموو شێوازێکی تێکۆشان و خۆپاراستن و بەرپەچدانەوە رەوا ئەبینن.
کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان کنک
10-07-2014 برۆکسل