سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە وەزیری دەرەوەی بریتانیا دەکات ئەمڕۆ هەینی 27ی 6ی 2014 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە ویلیەم هێگ وەزیری دەرەوەی بریتانیا و شاندێکی یاوەری کرد.
لە دیدارەکەدا سەرەتا وەزیری دەرەوەی بریتانیا سوپاسی سەرۆک بارزانی کرد بۆ ڕەخساندنی ئەم دیدارە و ئاماژەی بەوەدا کە سەردانەکەی بۆ عێراق لە کاتێکی زۆر هەستیاردایە و عێراق بەدەست گرفتی ئەمنی و سیاسیی گەورەوە دەناڵێنێت و ئەگەر چارەسەر نەکرێت دەبێ چاوەڕوانی قووڵتربوونی کێشەی ئەمنی و بەهێزبوونی تیرۆریستان بین کە هەڕەشەیەکی گەورە بۆ ناوچەکە دروست دەکەن.
لەم دیدارەدا وەزیری دەرەوەی بریتانیا داوای کرد کوردستان یارمەتیی دەستپێکردنەوەی پڕۆسەی سیاسیی عێراق و دامەزراندنی حکوومەتی تازە بدات و ڕۆڵی کاریگەری خۆی بگێڕێت.
ئەوەیشی خستەڕوو کە پێویستە حکوومەتی تازە لەسەر بنەمای شەراکەتی ڕاستەقینە و بە بەشداریی گشت لایەن و پێکهاتەکان بێت.
سەبارەت بە چارەسەرکردنی بارودۆخی ئەمنیی عێراق، وەزیری دەرەوەی بریتانیا ڕایگەیاند کە بەر لەوەی بیر لە چارەسەری سەربازی بکرێت پێویستە چارەسەری سیاسی بۆ دەستپێکردنی پڕۆسەی سیاسیی عێراق بدۆزرێتەوە و هەرێمی کوردستانیش دەتوانێ ڕۆڵی کاریگەری هەبێت. لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا وەزیری دەرەوەی بریتانیا ستاییشی ڕۆڵی پێشمەرگە و هێزەکانی ئاساییشی هەرێمی کوردستانی کرد لەوەی کە ڕێگەیان لە پێشڕەویی تیرۆریستان گرتووە بۆ ئەوەی نەتوانن دەست بەسەر ناوچە کێشە لەسەرەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراقدا بگرن.
وەزیری دەرەوەی بریتانیا سوپاس و دەستخۆشیشی لە هەرێمی کوردستان کرد بۆ یارمەتیدانی ئەو ژمارە زۆرەی ئاوارە کە ڕوویان لە هەرێم کردووە و ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی هەوڵ دەدات هاوکاری و یارمەتیی زیاتر پێشکەشی ئاوارەکان بکات.
پەیوەست بە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بریتانیا وەزیری دەرەوەی بریتانیا وێڕای ئاماژەدان بە سەردانی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ وڵاتەکەی هیوای خواست پەیوەندییەکانی هەردوولا بەرەوپێشچوونی زیاتر بەخۆیەوە ببینێت.
لە بەرانبەردا سەرۆک بارزانی زۆر بەگەرمی بەخێرهاتنی وەزیری دەرەوەی بریتانیا و شاندی یاوەری کرد و سوپاسی حکوومەت و گەلی بریتانیاشی کرد بۆ یارمەتیدانی گەلی کورد لە پڕۆسەی ئازادکردنی عێراق و، کوردستان زۆر بەباشی توانی سوود لەو دەرفەتە وەربگرێت بۆ بووژانەوە و پێکەوەژیان.
سەبارەت بە بارودۆخی ئەمنی و سیاسیی عێراقیش سەرۆک بارزانی هێمای بەوەدا ئەوەی ڕووی داوە ئەنجامی سیاسەتی هەڵەی حکوومەتی بەغدا بووە و توندڕۆ و تیرۆریستانیش ئیستیغلالی ئیدارەدان و مامەڵەی هەڵەی بەغدایان کرد و ئەم بارودۆخە مەترسیدارە هاتە کایەوە.
لەدرێژەی قسەکانیدا سەرۆک بارزانی ئاماژەی بەوەدا کە چارەسەری سەربازی بەهیچ شێوەیەک کۆتایی بە قەیرانەکان ناهێنێت و پێویستە سەرەتا چارەسەری سیاسیی هەبێت ئەوەیش لەژێر ڕۆشنایی ئەو واقع و بارودۆخەی ئێستاکە لە عێراقدا هاتووەتە کایەوە. لەبارەی بەشداریی کوردستان لە پڕۆسەی سیاسیی عێراقدا سەرۆک بارزانی ڕایگەیاند کە لە دەساڵی ڕابردوودا ڕەفتارێکی وا لە دەسەڵاتدارانی بەغدا نەبیندراوە کە جێگەی ئومێد بیت و ئەو ڕەوشەی ئێستا لە ئارادایە بەهیچ شێوەیەک کورد لێی بەرپرس نییە، بەڵکو هۆکاری سەرەکیی کێشەکان حکوومەتی بەغدا و سیاسەتە هەڵەکانی بووە.
سەرۆک بارزانی ئەوەیشی خستەڕوو کە دەسەڵاتدارانی بەغدا سوودیان لە دەرفەتەکان وەرنەگرت ئەگەرچی دەرفەت و هەلی زۆریان لەبەردەست بوو. ئێستا بارودۆخێکی دیکە هاتووەتە ئاراوە و کورد ئامادە نییە باجی هەڵەی ئەوانی دی بدات و بۆشمان ڕوون بووەتەوە کە دەسەڵاتدارانی بەغدا نایانەوێ کار بە مەفهوومی شەراکەت بکەن.
شایانی باسە لەدوای کۆتاییهاتنی کۆبوونەوەی سەرۆک بارزانی و وەزیری دەرەوەی بریتانیا هەر لە نووسینگەی بەڕێز سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆری میدیای ناوخۆیی و بیانی پڕێسکۆنفڕانسێک بۆ سەرۆک بارزانی و وەزیری دەرەوەی بریتانیا ڕێکخرا.
27-06-2014