پەرلەمانی کوردستان بانگەوازێکی گرنگ لەسەر تەنگەژەکانی عیراق بڵاودەکاتەوە
📝 بەڵگەنامەکان
بۆ / ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان
یەکێتیی پەرلەمانی عەرەبی
یەکێتیی پەرلەمانی نێودەوڵەتی
پەرلەمانی یەکێتیی ئەوروپا
خەڵکی عێراق بە هەموو پێکهاتە نەتەوەیی و ئاینییەکانیەوە بە ئومێدەوە لە ساڵی 2003 ەوە بەرەو پرۆسەی ئازادی و کۆتاییهێنان بە حوکمی شمولی – دیکتاتۆری چوون، کە گەلانی عێراق لە سایەیدا رووبەڕووی تاوانی نێودەوڵەتی بووبوونەوە.
دواتر بە هاوکاریی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی، گەلانی عێراق بوونە خاوەن دەستوورێکی شایستە، بەڵام بەشێوەیەکی ناڕەواو لە بری کارکردن بە چەمکە مرۆڤدۆستی و دیموکراسییەکان کە لە دەستووردا هاتووە، بە پاساوی جۆراوجۆرەوە کێشەی نەژادی و ئاینی و مەزهەبییەکان پەرەی پێدراو دەسەڵاتی ئیتیحادیش هاوکارێکی جدی و بابەتیانە نەبوو بۆ تێگەیشتن لە رەوشی ئاڵۆزی تیرۆر و کاردانەوە ناوخۆییەکانی گرووپ و لایەنە بەشەڕهاتووەکان.
بە درێژایی 10 ساڵی رابردوو کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لە ئەنجوومەنی ئاسایش و نوێنەری سکرتێری نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق و پەرلەمان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی تر و دەوڵەتانی دۆست، کۆششی زۆریان کرد تا ئاشتی و دیموکراسی لە عێراقدا بەرجەستە بێت، بەڵام بەشێک لە ئاڕاستەکان و دەستوەردانی ناڕەوای دەرەکی هاوجووت نەبوو لەگەڵ دەستوور و دامەزراندنی بناغەی عێراقێکی نوێ، هەرێمی کوردستانی عێراقیش لە زووەوە ئەو مەترسییەی خستە روو کە رەوەشی حوکمڕانیی عێراق بە ئاقارێکی نادروستدا دەڕوات.
بەڕێزان..
ئێستا عێراق لە رووی دامەزراوەیی و شەڕی تیرۆرەوە بە مەترسییەکی زۆر ترسناکدا تێپەڕ دەبێت، رۆژانە گرفت و کێشەکان قووڵتر دەبنەوە عێراق بەرەو دەوڵەتێکی فاشیل دەچێت، داواکارین کە کۆمەڵی نێودەوڵەتی لە بەرامبەر عەقڵیەتی سیاسیی دەسەڵاتی ئیتیحادی و دەستتێوەردانی ناڕەوا و پێشێلکردنی دەستوور و رێککەوتننامە نێودەوڵەتی و ناوخۆییەکان هەڵوێستی ئەرێنی نیشان بدەن و بەرپرسانە بەرامبەر بە چەسپاندنی ئاشتی لە عێراقدا هەڵوێست بنوێنن.
لای بەڕێزتان ئاشکرایە کە بەهۆی شەڕەکانی ئەمدواییەی رومادی و فەلوجە و دیالە و ئێستاش لە موسڵ و ناوچەکانی تر روودەدات پێشێلکاری مافەکانی مرۆڤ و کارەساتی زۆر ترسناکی لێدەکەوێتەوە، بەشێوەیەک ئاشتی و ئارامی و ئاسایشی ناوچەکە دەخاتە مەترسییەوە، ئەو عێراقەی کە ئومێدی پێکهاتەکانی بوو ئێستا بەرەو داڕمان دەڕوات.
بۆیە داوا لە بەڕێزتان دەکەین کە بە دیبلۆماسییەت و بەرپرسیاریەتییەوە لە رووی مەیدانی و عەمەلیەوە پشتگیری پێشکەشی گەلانی عێراق بکەن و هاوکاری گەلانی عێراق و هەرێمی کوردستان بن بۆ تێپەڕاندنی قۆناغی ترس و تیرۆر و تۆقاندن. هەروەها داوا لە هەموو رێکخراوە نێودەوڵەتییە پەیوەندیدارەکان ئەکەین کە بە هانای لێقەوماوان و ئاوارەکانی ئەم تەنگژەیەوە بچن.
ئێمە لە پەرلەمانی کوردستان بە وردی چاودێریی ئەو رەوشە کارەساتبارە ئەکەین کە لەپارێزگاکانی دراوسێی هەرێمی کوردستان دروستبووە، لیژنەکانی کاروباری پێشمەرگە و شەهیدان و قوربانیانی جینۆساید، ناوخۆ و ئاسایش و ئەنجومەنە خۆجێییەکان، مافەکانی مرۆڤی پەرلەمانی کوردستانیشمان راسپاردووە کە بەدواداچوون بۆ کێشەکانی هاونیشتیمانیانمان لە ناوچە کارەساتبارەکان ئەنجام بدەن. هەروەها چاوەڕێی ئەوەین کە هەریەک لە حکومەتی فیدرالیی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان بەرپرسیارییەتەکانیان سەبارەت بەم رەوشە جێبەجێ بکەن.
سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان
10-06-2014