دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت کە ژمارەی دانیشتوانی هەرێم زیاتر لە پێنج ملیۆن کەسە کە سەدا 3،3یان هەژارن و سەدا 6.5 یشیان بێکارن.
سیروان محەمەد سەرۆکی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆڵ ڕایگەیاند کە گومانیان لەسەر ئه و ژمارانە هەیە کە لەلایەن حکومەتی عیراقەوە لەبارەی ژمارەی دانیشتوانی هەرێمەوە بڵاودەکرێنەوە کە گوایە دانیشتوانی هەرێم کەمترە لە پێنج ملیۆن کەس.
سیروان محەمەد وتی: "بەپێی پێشبینییەکانمان کە پشت ئەستوورە بە دواین گەورەترین پرۆسەی گەمارۆسازی و ژماردن کە لەساڵی 2009 بەڕێوەچوو، ژمارەی دانیشتوانی هەرێمی کوردستان پێنج ملیۆن و 200 هەزار کەسن".
سەرۆکی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان ئاماژەشی بەوەدا کە لەکۆتایی ئەمساڵدا ئه و ژمارەیە دەبێتە پێنج ملیۆن و 330 هەزار کەس. کە سەدا 49یان مێ و سەدا 51 یشیان نێرن.
سیروان محەمەد ئەوەشی خستەڕوو کە ڕێژەی گەشەکردنی ساڵانەی دانیشتوان لە هەرسێ پارێزگاکەی هەرێم دەگاتە سەدا 2.7 و پارێزگای دهۆک زۆرترین و پارێزگای سلێمانی کەمترین ڕێژەیان هەیە و هەولێرش لە نێوانیاندایە.
وتیشی: "به و پێیە ساڵانە ژمارەی دانیشتوانی هەرێمی کوردستان 130 بۆ 150 هەزار کەس زیاددەبێت".
- 24-05-2014