راگەیەندراوێک لە فراکسیونی سەوز لە پەرلەمانی کوردستان
📝 بەڵگەنامەکان
وەک فراکسیۆنی سەوز بەپێویستی دەزانین هەندێ ڕاستی لەسەر بەیاننامەکەی سەرۆکایەتی پەرلەمان لە (04-05-2014) وهەردوو بەیاننامەی سەرۆکایەتی هەرێم لە (04-05-2014) بۆ رای گشتی بخەینە ڕوو:
1.سەرۆکایەتی پەرلەمان بێ لەبەر چاوگرتنی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان لە کۆبوونەوەی دوێنێ بڕیار درا لیژنەیەکی کاتی دروست بکریت بۆ بەدواداچوونی پێشێلکاریەکان ئەگەر سەرۆکایەتی باوەڕیان بە دادگا نیە دەبوایە چاوەڕێی بڕیاری لیژنەکەی پەرلەمان بکەن نەک لەبری دادگاو لیژنە لەبەیاننامەکەیان بڕیار دەربکەن.
2.بەییاننامەکە بە نەفەسی حزبی و لایەنگیری لایەنێک نووسراوە نەک دامەزراوەی پەرلەمان کە نوێنەرایەتی هەموو خەڵکی کوردستان دەکات.
3.لە هەڵبژاردنی 21/9 چەند شەقامێک دوورتر لەبارەگای سەرۆکی هەرێم لەهەولێر گەنجێک بەناوی (سەرکەوت عومەر فەرحان) کادیری یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەسەر رێگری کردن لە تەزویر شەهید کرا، بەڵام بۆچی ئەوکات هەر بۆ ئیدانەش بوایە سەرۆکایەتی هەرێم بەئەرکی خۆی نەزانی بەیاننامە دەربکات، بەڵام بۆ رووداوەکەی سلێمانی وا بەپەلەن یان ئەمە وەک رووداوی تیرۆرکردنی سەردەشت عوسمانە لەهەولێر کە بەتیرۆرست ناوی دەبەن و بەمەش دەڵێن سەروەری یاساو بۆ شەهید کاوە گەرمیانیش لەسەرۆکایەتی هەرێمەوە لیژنەی بۆ دروست دەکەن.
4.دەربارەی رای سەرۆکایەتی هەرێم بۆ ئەوەی پەرلەمان مەرجەع بێت بۆ کاندیدکردنی (سەرۆک کۆمار) بەپێویستی دەزانین یاداشتی ئەو 65 پەرلەمانتارەتان بیر بهێنینەوە کە لە خوولی (3)ی پەرلەمان پێشکەش سەرۆکایەتی هەرێممان کرد بۆ ئەوەی بەگوێرەی بڕیاری ژمارە (1)ی ساڵی 2005 پەرلەمان مەرجەع بێت بۆ پرسە چارەنووسازەکان بەگشتیو بەتایبەتی رێککەوتنی پێکهێانی حکومەتی عیراقی لەهەولێر کە ئەوکات نەگەڕابوونەوە بۆ پەرلەمان، لە وەڵامدا وتتان سەرۆکی هەرێم بەرزترین دەسەڵاتە لەئاستی ناوخۆیی و دەرەوە نوێنەرایەتیتان دەکات بەگوێرەی (ماددەی دووەم) لەیاسای (1) ی سەرۆکایەتی هەرێم. بۆیە پێویستە مەرجەع بوونی پەرلەمان بەڕای کەسی و پەرچەکردار نەبێـت بەڵکو دەبێـت سەرۆکایەتی هەرێم پابەند بێت بەدەقی بڕیاری ژمارە (1)ی ساڵی 2005 بەتایبەتی لە ئایندەیەکی نزیک پڕۆسەی دانیشتن و رێککەوتن لەگەڵ بەغدا بۆ پێکهێنانی حکومەت دەکرێت وبەگوێرەی بڕیاری ژمارە (1) ی ساڵی 2005 و ماددەی 56 بڕگەی دوو لەیاسای ژمارە (1) ی ساڵی 1992 هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەبێت یەکلاکردنەوەی پرسەکان و رێککەوتنەکان بێتەوە پەرلەمان و ئەندامان بڕیاری لەسەر بدەن. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بەپێویستی دەزانین لەرابردوودا بپرسین سەرۆکی هەرێم لەکام رێککەوتنو کام بڕیار گەڕانەوە بۆ پەرلەمان؟ دەپرسین کە بەڕێز سەرۆکی هەرێم خۆی رەتی کردەوە لەپەرلەمان متمانەی پێبدرێت ئایا ئەمە لەگەڵ بەیاننامەکەیان ناکۆک نییە؟ دەپرسین ئەی رێککەوتنی فرۆشتنی نەوت لەگەڵ تورکیا واژوو کرا بەڕێزیان بەگوێرەی یاسای پەرلەمان گەڕانەوە پەرلەمان بۆ پەسەند کردنی رێککەوتنەکە؟ ئایا رێککەوتنەکەی هەولێر کە سەرۆکی هەرێم سەرپەرشتی کردو مالیکی بو بە سەرۆک وەزیران (وەک دەستکەوت بۆ کورد باسکرا) لەپەرلەمان پەسەند کرا؟ یان پەرلەمان ئاگادار بوو؟ ئایا کە بەڕێز سەرۆکی هەرێم وتار دەدات و کارتی دەوڵەتی کوردی باس دەکات هەرگیز پرسی بە پەرلەمان کردووە کە سەرچاوەی شەرعیەتی دەسەڵاتیەتی؟
لەکۆتاییدا دەڵێین ئێستا قۆناغی جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی هەرسێ هەڵبژاردنی (پەرلەمان کوردستان، عیراق، پارێزگاکان) و ئەرکمان زەمینە سازییە بۆ رێککەوتن چونکە دەرئەنجامی هەڵبژاردنەکان دەریخست هیچ هێزێک ناتوانێ نە لەکوردسان ونەلە هیچ پارێزگایەک بەتەنیا بڕیار بدات و فەرمانڕەوابێت. وەک فراکسیۆنی سەوز پشتیوانی لەمەرجەع بوونی پەرلەمان بۆ هەموو پرسە چارەنووسازەکان دەکەین و ئومێدەوارین دەقی بەیاننامەکەی سەرۆکایەتی هەرێم لەئایندەدا ببێتە پراکتیک و هەموو هەوڵێک بۆ بەلاڕێدابردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانیش رەتدەکەینەوە.
فراکسیۆنی سەوز
لەپەرلەمانی کوردستان
05-05-2014