شەوی ڕابردوو لە نزیک (ئەلبیسەکە)ی سلێمانی چەند هەڵسوڕاوێکی گۆڕان کە چاودێری هەڵبژاردنەکان بون و بەمەبەستی چاودێریکردن و پاراستنی دەنگی دەنگدەران لەتەزویرو ساختەکاری لە چوارچێوەی یاساو ڕێنماییەکانی کۆمسیۆنی باڵا سەرقاڵی چاودێری کردنی پرۆسەکە بوون. بەڵام لەلایەن هێزێکی میلیشیاوە بەبێ فەرمانی دادوەر پەلاماری هەڵسوڕاوانی گۆڕان دەدەنو زۆر نامرۆییانە ئازارو ئەشکەنجە دەدرێن، دواتر لە ژێر فشارو زۆر لێکردندا ناچار بە دانپێدانانێکی نایاسایی و دوور لە هەموو پێودانگێکی مرۆیی و یاسایی کران. میدیاکانی یەکێتیش وەک هێزە میلیشیاکەی مامەڵەیان لەگەڵ ڕووداوەکە کرد.
ئێمە جگە لەوەی بە توندی ئیدانەی ئەو پێشێلکاری و بێ حورمەتیە دەکەین، کە بەئەندامان و هەڵسوڕاوانمان کراوە، هەمو لایەک و ڕای گشتیش لە پیلانێکی ترسناکی یەکێتی دژ بەئیرادەی دەنگدەران ئاگادار دەکەینەوە بۆ دووبارەکردنەوەی سیناریۆکانی ڕووداوی ئەلبیسەکەی هەڵبژاردنەکانی (21/9) کە لەلایەن هێزەکانی دژە تیرۆرەوە هەوڵی تەزویرو ساختەکاری دراو دواتر لەلایەن چاودێرەکانی گۆڕانەوە ڕێگریان لێکرا.
ئێستاو دوای ئەوەی کە ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنەکانی (30/4)دەریخست کە گۆڕان لە پارێزگای سلێمانی لە پێشەنگداییەو براوەی بێ ڕکابەرەو زیاتر لە (95) هەزار دەنگی لە یەکێتی زیاترە. هەربۆیە یەکێتی پەشۆکاوەو سەرباری ساختەکارییە بەرچاوەکانی نەیتوانی دەنگی پێویست بهێنێ. ئێستا دەستی داوەتە دروستکردنی سیناریۆی بێ بنەما بۆ نانەوەی ئاژاوەو پشێوی بۆ ئەوەی لە تاریکیدا پرۆسەی تەزویرو ساختەکاریەکانی جێبەجێبکات.
بزوتنەوەی گۆڕان دووپاتی دەکاتەوە کە بەهۆی بێ لایەن نەبونی بەرێوەبەری کۆمسیۆنی سلێمانی و هەندێ لەبەرپرسانی هێزەکانی ئاسایش و دژە تیرۆر ناچارە خۆی بەرگری لە دەنگی دەنگدەرەکانی بکات. تا دوا سنور داکۆکی لەدەنگە پاک و بێ غەشەکانی دەکات. هاوکات بەتوندی پرۆتستۆی ئەو کارە دژە مرۆییانەی هێزەکانی سوات و دژە تیرۆر دەکەین. سەرجەم ئەوانەی بەشداری ئەو تاوانە بون ناوەکانیان لای بزوتنەوەی گۆڕان تۆمارەو ڕووبەڕووی یاساو دادگا دەکرێنەوە، ئەمە جگەلەوەی لەشارەکانی کۆیەو چەند شوێنی تر، هەمان ئەو هێزانە بەهەمان شێوە پەلاماری دەنگدەرانیان داوەو سوکایەتییان بەدەیان کەسایەتی ئەو شوێنانەکردوە، لەدوای کۆتاییهاتنی ئەنجامەکان، کۆی ئەنجامدەرانی هەموو ئەو کارانە ڕووبەرووی دادگا دەکەینەوە.
ئێوەش جەماوەری سەربەرزی کوردستان. دەنگدەرانی ورە بەرزی گۆڕان. دڵنیا بن لە یەک دەنگی ئێوە خۆش نابین و پاریزگارییان لێ دەکەین. ئۆباڵی هەر پێشهات و ڕووداوێک دەخەینە ئەستۆی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و هێزی دژە تیرۆرەکەی کەکارێکی وایانکردووە هاوڵاتیان متمانەیان بەدەزگا ئەمنییەکان لاوازبوە، چونکە کراونەتە حزبی و بەرگری لەبەرژەوەندییەکانی حزب و گروپێک دەکەن. هاوکات سەرلەبەری ئەو تۆمەتانە ڕەتدەکەینەوە کەبۆ هەڵسوڕاوانی بزوتنەوەی گۆڕان دروستکراون و هەندێکیان بەهۆی ئەشکەنجەدانی زۆرەوە لەشەوی ڕابردوەوە لەنەخۆشخانەی فریاکەوتن. لەژێر چاودێری وردی پزیشکیدان.