ماوەیەکە هەردوو ڕاگەیاندنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان هەموو سنورەکانیان بەزاندووە لە هێرشکردنە سەر پارتیمان، لە زۆر کەناڵی جیاجیاوە بۆ نیەت پاکیمان ئاگادارمان کردنەوە کە بێدەنگیمان نیشانەی بە خەمەوەبوونی ئارامی و نیگەران نەکردنی خاڵکی کوردستانە و دەبێ سنورێک بۆ ئەم هێرشە نارەوا و دوور لە ئیتیک و ئەخلاقی ڕۆژنامەگەرییە دابندرێ و ڕیکلام و بانگەشە بۆ هەڵبژاردن لەگەڵ ناوزڕاندن و چەواشەکاری تێکەڵاو نەکرێ.
کوڕان و کچانی 16ی ئاب لە ڕاگەیاندنی پارتی وەڵام نە دانەوەیان لە پێناو ئارامی و ڕێزگرتنی خەڵکی کوردستانە ئەگینا ئەوەندە بەتوانان و ئەوەندەشیان پێیە کە بتوانن ووشە چرچ هەڵگەڕاوەکانی دەرنەهاتووی گەروتان پێ وشک بکەن، نەک هەر وەڵامی نووسینە بێ سەرویەرەکانتان بدەنەوە بەڵکو کۆمەڵێک بابەتی ئەوەندە هەستیاری لە گریس دەرنەهاتوو بخەنە بەرچاوی خەڵکی کوردستان کە خۆشتان پێتان سەیربێت، ڕاگەیاندنی یەکێتی نیشتمانی وا ڕەفتاردەکات کە لە چەند ساڵی ڕابردوو بەشێک نەبوبێت لە دەسەڵات، بەڵیێ هەر بەم بەرچاو نا ڕوونیەتان، کە چین و لە کوێن و چیتان دەوێ حزبەکەتان گەیاندە ئەو ڕۆژەی ئێستا کە کەس حەسودی پێنابات.
ئەم ڕاگەیاندنە هەموو وتە وقسە ناشرین و دوور لە ئەخلاقی ڕۆژنامەوانی کە ڕاگەیاندنی گۆڕان بە هەردوو حزب و دەسەڵاتیان وتووە دووبارە و سێ بارە دەیڵێنەوە کە گوایە گۆڕان ئاوای بە پارتی وتووە! دەی ڕاگەیاندنکاری زیرەک ئەوە بزانە بەشێکی زۆری بۆ هەردوو حزب بووە، ئەی بیرناکەنەوە زۆر بابەتی هەستیار لە ڕاگەیاندنی گۆڕان سەبارەت بە حزبەکەتان بڵاوکراوەتەوە؟! لە لایەکی دیکەوە هەڵبژاردنی ڕابردوش حاشاتان لە شەریکبوونی حکومەتکرد.
ئێمە لە ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان و کوران و کچانی 16ی ئاب شەربەرزین کە حزبەکەمان ئەوەندەی دەسەڵاتی بەسەرداشکاوە لە کوردستان ئاوەدانی و پێشکەوتنی بەدیهێناوە، کادیرە بەتوانا و لێوەشاوەکانی حزبەکەی 16ی ئاب کوردستانیان خستەسەر نەخشەی وزەی جیهانی، سەرۆکی حزبەکەمان دیواری شەرم و ترسی باسکردنی دەوڵەتی کوردی ڕوخاند، ئەو دەوڵەتەی بە خەون لە قەڵەم دەدرا.
بەڵی مادام ئێوە حزبەکەتان بێ بەش دەکەن لە شەریکی بەڕێوەبردنی وڵات لە چەند ساڵی ڕابردوو، ئەوا ئێمە سەربەرزین کە خزمەتی پرسە نەتەوەیی و نیشتمانیەکانمان کردووە و هاوکاربوین لە پێشخستنی وڵاتەکەمان و پێشکەشکردنی خزمەتگۆزاری.
لێرەدا هەموو خەڵکی کوردستان و ڕۆشنبیر و ڕۆژنامەنوسان بە شاهێد دەگرین تا ئەمڕۆ 24-04-2014 هەموو توانای خۆمان بەکارهێناوە بۆ ڕاگرتنی کادیرە ئازا و دڵسۆزەکانی پارتی و ڕێبازی بارزانی لە ڕاگەیاندن کە دان بەخۆیاندابگرن، تا شەوی ڕابردوو کە ڕادیۆیەکی دەنگ ناخۆش و درۆزن وشەی (سەرسەری) بەکارهێنا، دڵنیابن ئەگەر بەردەوامبن لەسەر ئەم ڕەفتارەیان (سەرسەریەکان) بەخەڵکی کوردستان دەناسێنین.
هەر لێرەوە ڕووی قسەمان لە سەندیکای ڕۆژنامەنوسان و تەواوی ڕۆشنبیران و ڕۆژنامەنوسان و خەمخۆرانی ئەم گەلەیە بۆ ڕێزگرتن لە هەموو لایەکتان و جەماوەری کوردستان و بۆ بەخەمەوەبوونی هەبوونی کەشوهەوایەکی ئارام، بەم ڕاگەیاندنانە بڵێن بگەڕێنەوە بۆ ئیتیک و ئەخلاقی ڕۆژنامەگەری، چونکە ئێمە لە ڕوانگەی بەرپرسیارێتی حزبەکەمان و خەبات و مێژووی پارتەکەمان و پێگە و کەسایەتی سەرۆکی حزبەکەمان (سەرۆک مەسعود بارزانی) لە ئاستی کوردستان و ناوچەکە و جیهان دا ئەم بێدەنگیەمان هەڵبژاردووە نەک شتێکیتر.
وتەبێژی دەزگای ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی
پارتی دیموکراتی کوردستان
24-04-2014