17 ساڵی تر سلێمانی لە مین پاکدەکرێتەوە
خەندان – هۆگر کەمال
بەڕێوەبەری گشتی کاروباری مین لە سلێمانی، رایدەگەیەنێت، تاوەکو ئێستا لە سنوری پارێزگای سلێمانی توانراوە 100 ملیۆن مەتر دووجا زەوی لە مین و تەقەمەنی پاکبکرێتەوە، ئاماژە بەوەش دەکات کە پێویستیان بە 17 ساڵی ترە بۆ پاککردنەوەی ئه و زەویانەی لە سنوری پارێزگای سلێمانی مینڕێژکراون.
ئەمڕۆ سێشەممە، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، سەباح حەسەن بەڕێوەبەری گشتی کاروباری مین لە سلێمانی رایگەیاند: بەڕێوەبەرایەتی گشتی کاروباری مین لەسلێمانی لە ساڵی 2013 لێپرسراو بووە لە پاکسازی چەک و تەقەمەنی لە سلێمانی، چونکە پێشتر تا ساڵی 2012 پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی گەرمیان و کۆیە و بەشێک لە شەقڵاوە لە دەسەڵاتی ئەم بەڕێوەبەرایەتییەدا بووە، بەڵام لەساڵی 2014 ئیدارەی گەرمیان بەڕێوەبەرایەتی خۆی بۆ دانراوە و لێپرسراو دەبێت بەرامبەر ناوچەی گەرمیان.
سەباح حەسەن، وتی: "لە ساڵی (2005) تاوەکو کۆتایی ساڵی 2012 بەڕێوەبەرایەتی گشتی کاروباری مین توانیویەتی زیاتر لە (70) ملیۆن مەتر دووجا زەوی لە مین و تەقەمەنی پاک بکاتەوە".
وتیشی: "ئەگەر بەم شێوازە کارکردن بەردەوامبێت، 17 ساڵمان پێویستە هەتا ناوچەکانی پارێزگای سلێمانی لە مین و تەقەمەنی پاک بکەینەوە".
بەڕێوەبەری گشتی کاروباری مین لە سلێمانی ئەوەشی خستەڕوو کە هەرچەندە لە پلانی ساڵی 2013 دا دەبوو چوار ملیۆن مەتر زەوی لە مین پاک بکەنەوە، بەڵام "توانیمان 757 هەزار مەتر لەوە زیاتر پاک بکەینەوە.
بەڕێوەبەری کاروباری مین لە سلێمانی، ئاشکراشیکرد، کە "لەدوای راپەڕینەوە توانراوە 100 ملیۆن مەتر دووجا زەی لە مین و تەقەمەنی پاکبکرێتەوە لە پارێزگای سلێمانی، ئه و رووبەرەی زەوی لەسلێمانیشدا ماوەتەوە بۆ ئەوەی لە مین پاکبکرێتەوە 172 ملیۆن مەتر دووجایە، واتە بەڕێژەی 23% ناوچە مینڕێژکراوەکان مەترسیان تێدا نەماوە.
وتیشی: "لە ناوچەی گەرمیانیش 38 ملیۆن مەتر دووجا ماوەتەوە بۆئەوەی لە مین پاکبکرێتەوەە، واتە 52% مەترسی تێدانەماوە".
بە وتەی سەباح حەسەن، بۆ کار و چالاکیەکانیان بڕی 26 ملیار دیناریان لەبەردەستدا بووە، روونیشیکردەوە کە "کۆی گشتی قوربانیانی مین و تەقەمەنی نۆ هەزار و 211 کەسن لە سلێمانی و گەرمیان، له و رێژەیەش تەنها چوار کەسیان کارمەندی بەڕێوەبەرایەتی گشتی کاروباری بواری مین بوون، هەر له و ژمارەیەش یەکێکیان شەهیدبووە، هەروەها 74 قوربانیشیان کارمەندی کۆمپانیاکان و رێکخراوەکان بوون.
سەباح حەسەن، باسی لەوەشکرد، کە "بۆ ئەمساڵ پلانی ئەوەمان هەبوو شەش ملیۆن مەتر دووجا زەوی لە مین پاک بکەینەوە، ئەوەیش بە دابینکردنی 35 ملیار دینار، بەڵام بەهۆی بارودۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان لەڕووی داراییەوە ئه و بڕەیە کەمکرایەوە بۆ 12 ملیار و 500 هەزار دینار".
بەڕێوەبەری گشتی کاروباری مین لە سلێمانی، رونیشیکردەوە: "هەرچەندە لەناوبردنی ئه و مین و تەقەمەنیانەی لە هەرێمی کوردستاندان ئەرکی حکومەتی ناوەندە، بەڵام تائێستاش حکومەتی ناوەندی بەهیچ شێوەیەک ئه و ئەرکەی نەگرتۆتە ئەستۆی خۆی، هەموو ئه و کاروچالاکیانەی ئەنجامیشمانداوە لە سەر بودجەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بووە".
- 19-02-2014