بەپێی ئه و ئامارەکانی ئەنجومەنی دادوەری و دادگاکانی هەرێمی کوردستان، لەماوە 8 سالێ ڕابردودا 33هەزار و137 حاڵەتی تەڵاقدان لەهەرێمی کوردستان تۆمارکراوە کە زیاتر لە 12 هەزار حاڵەتیان لەدو ساڵی ڕابردو تۆمارکراوە.
ئاوێنەنیوز، باس: بەپێی ئه و داتایانەی دەست هەفتەنامەی باس کەوتون لەساڵی 2006 (2928) حاڵەتی تەڵاق هەبوە، لەساڵی 2007 (3620) تەڵاق هەبوە، لەساڵی 2008 (3663) حاڵەت هەبووە، لەساڵی 2009 بۆتە (4237) حاڵەت لەساڵی 2010 (2555)، لەساڵی 2011 بەرزبۆتەوە بۆ (3728) حاڵەت، لەساڵی 2012 ئامارەکە بەرزبۆتەوە بۆ 6 هەزار حاڵەت، بەڵام لەساڵی 2013 زۆرترین حاڵەتی تەڵاقدان تۆمارکراوە کە گەیشتۆتە 6 هەزار و 417 حاڵەت.
ئەگەر ئاماری ساڵی 2013 وەر بگرین ئەوە هەولێر لەتەڵاقدان یەکەم بووە بە 2 هەزارو 760 حاڵەت پاشان پارێزگای سلێمانیە بە 2 هەزار و 184 حاڵەت.
بەپێی ئامارە فەرمیەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان هۆکارەکانی بەرزبونەوەی ڕێژەی تەڵاق بۆ چەند هۆکارێک دەگەرێتەوە لەوانە" 35% نەگونجان لەگەڵ یەکتر، 19% نەبونی ماڵی سەربەخۆ، 10% خیانەتی هاوسەری، 8% خراپیی باری ئابوری، 8% کێشەی کۆمەڵایەتی، 7% تەکنەلۆژیایی سەردەم، 3% جیاوازی تەمەن، 2% ژنهێنانی دووەم، 2% نەزۆکی، 1% نەخۆشی یەکێک لەهاوسەرەکان، 5%ی هۆکارەکانی تریش نەزانراوه.
لەوبارەیەوە وتەبێژی ئەنجومەنی دادوەری لەهەرێمی کوردستان، ئومێد موحسین، دەڵێت، بەبەراورد بەساڵی 2012 لەساڵی 2013 ڕێژی تەڵاق لەرێژی هاوسەرگری و مارە بڕی زیاتر بووە. وتیشی، بەپێی ئاماری دادگاکانی هەرێمی کوردستان حاڵەتەکانی تەڵاق بەگشتی ڕوی لەزیادبوونکردوە، ئەوەش مەترسی کۆمەڵایەتی لێدەکەوێتەوە.
بەپێی ئامارێکی سەرۆکایەتی دادگای تێهەڵچونەوەی ناوچەی هەولێر هاوسەرانی تەمەن 15 – 20 ساڵان بەرزترین ڕێژەی تەڵاقیان لەساڵی 2012 پێکهێناوە.
بەرێوەبەری دادنوسی هەولێر، مەریوان فەتحوڵا، وتی، ئامارەکانی تەڵاق ڕوو لەزیادبونە کە بەباوەی ئه و هۆکارە سەرەکیەکەی بۆ تەکنەلۆژیا دەگەرێتەوە بەتایبەتی لای ئافرەتان کە نەیانتوانیوە ئامێرە تەکنەلۆژیەکان وەکو خۆی بەکاربهێنن.
بەوتەی مەریوان فەتحوڵا، خراپ بەکارهێنانی ئامێرە تەکنەلۆژییەکان وەکو مۆبایل و ئینتەرنێت وا دەکات خیانەتی هاوسەرگیری ڕوبدات، هۆکارێکی تر زو بریاردانە بۆ هاوسەرگیری کە ئەوەش وا دەکات هاوسەرکان باش یەکتر نەناسن و زوو جیا ببنەوە. تەدەخولکردنی خزمان لەکاروبارەکانی هاوسەرەکانت هۆکارێکی ترە بۆ زیادبونی تەڵاق و جیابونەوە.
- 18-02-2014