تەنها لەماوەی دو مانگی سەرەتای ئەمساڵدا نزیکەی 20 خۆپیشاندان و گردبونەوەی ناڕەزایی لەسەرتاسەری هەرێمی کوردستان ئەنجامدراوه و چالاکوانێکیش هۆشداری دەداتە حکومەت بەوەی ئەگەر چارەسەری قەیرانەکان نەکات ئەوا "چاوەڕێی تەقینەوەیەکی گەورەی جەماوەر بێت".
رامان عومەر، سلێمانی، بەهۆی هەڵکشانی ئاستی ناڕەزایەتیەکان و شڵەژانی دۆخی سیاسی لەهەرێمی کوردستان و بۆشایی پێکنەهێنانی حکومەت، لەسەرتای ئەمساڵەوە تا ئێستا زیاتر لە 20 خۆپیشاندان و گردبونەوە لەهەرێم کوردستان ئەنجامدراوە.
ئه و خۆپیشاندانانە لەکاتێکدایە پارە لەبانکەکان نەماوه و موچەی فەرمانبەران بەدرێژایی ئه و دوو مانگە دوا کەوتووە، بەشێکی تر لەخۆپیشاندانەکان بەهۆی نەبونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانەوە بوه و بەشێکی تریش وابەستەیە بەتیرۆری ڕۆژنامەنوسان و پێشلکاری بەرامبەر بەئازادییەکان.
چەقی ئه و خۆپیشاندان و ناڕەزاییانە پارێزگای سلێمانی بوه و زۆرترین خۆپشاندان و گردبونەوەی تێدا سازکراوە، بەدوای ئەویشدا شاری هەولێر بەپلەی دووەم دێت. دیارترین ئه و خۆپیشاندانانە دژی تیرۆر کردنی ڕۆژنامەنوس کاوە گەرمیانی و دواکەوتنی موچه و نەمانی پارە لەبانکەکان و نەبونی خزمەتگوزاری لەقەزای سەیدسادق بووە، لەگەڵ هەندێک داواکاری چین و توێژە جیاوازەکان.
چالاکوانی مەدەنی، شۆڕش ئەمین، ئاماژە بەوە دەدات هەرچەندە ئه و خۆپیشاندانانە زۆر سەرەتاین، بەڵام ئەگەر هەیە دۆخی هەرێمی کوردستان بەره و مەترسی ببات.
ناوبراو بەئاوێنەی وت، حکومەت لەقەیراندایه و حساب بۆ هاوڵاتی خۆی ناکات و تەنها خەریکی پڕکردنی گیرفانی هەندێک کەسە، ئەم خۆپیشاندانەش زۆر سەرەتاین و ئەگەر ئەم قەیرانانە زیاتر بەردەوام بێت "ئەوا ئەگەری هەیە دۆخەکە بەره و تەقینەوە بچێت، چونکە نەدانی موچە واتە بڕینی قوتی خەڵک. سەرەنجامەکەشی خێر نابێت."
لەدوای خۆپیشاندانەکانی 17ی شوباتی 2010وە ئەمە یەکەمجارە به و بەرفراوانیە خۆپیشاندانی ناڕەزایی سازبکرێت.
- 15-02-2014