لە رانیە 19 حاڵەتی پەلاماردانی پۆلیسی هاتوچۆ تۆمارکراوە
📊 ئامار و راپرسی
خەندان کامەران عەبدە ساڵح
لە سەرەتای ساڵی رابردووەوە تائێستا، 19 حاڵەتی پەلاماردانی پۆلیسی هاتوچۆ لە لایەن شۆفێرانەوە، لە سنووری ئیدارەی راپەڕین تۆمارکراوە، لایەنی پەیوەندیداریش رایدەگەیەنێت کە سەرپێچیکاران بە دوو شێواز سزادەدرێن.
نەقیب سامان ئیبراهیم، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی راپەڕین، بە خەندانی راگەیاند: زۆربەی رووداوەکانی پەلاماردانی پۆلیسی هاتوچۆ لەسنوری رانیە و پشدەر، بەهۆی توڕەیی و ناحاڵیبوونی هەندێک لە شۆفێرانەوە دروستدەبن.
وتیشی: "زۆرجار پۆلیسی هاتوچۆ بەشێوەی ترسناک لێیدراوەو، خەڵتانی خوێن کراوە، دەیان حاڵەتی ئیهانەکردن و بەکارهێنانی وشەی نەشیاویش بەرامبەریان تائێستا تۆمارکراوه".
ئاماژەی بەوەشدا، ئه و کەسانەی هێرش دەکەنە سەر کارمەندانی هاتوچۆ، سەرەڕای ئەوەی دۆسیەکەیان رەوانەی دادگا دەکرێت، دواتریش لەڕێگەی لیژنەیەکی تایبەتەوە گفتوگۆ لەگەڵ فەرمانگەکانیان و ئه و شوێنانەدا دەکرێت کە کاری لێدەکەن، بۆ ئەوەی ئەوانیش لای خۆیانەوە لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکەن.
وەک وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی ڕاپەڕین باسیکرد، هەرکەسێک هێرش بکاتە سەر کارمەندانی هاتوچۆ، لە هەر پلە و پۆستێکدا بێت لێی خۆش نابن و، سکاڵای یاسایی لەسەر تۆمار دەکەن.
- 16-01-2014