سەرۆکایەتی حکومەتی هەرێم لەبارەی سەید سادق راگەیەندراوێک بڵاو دەکاتەوە
📝 بەڵگەنامەکان
سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران رایدەگەیەنێت کە خۆپیشاندانی مەدەنیانە مافێکی یاسایی و پارێزراوی هەموو هاوڵاتییەکی ئەم هەرێمەیە، بۆیە داواکاری و ناڕەزاییەکانی خۆپشاندەرانی قەزای سەید سادق لەو چوارچێوەیەدا بەهەند وەردەگیرێت و حکومەتی هەرێم بە پەرۆشەوە بەدەنگ داواکاریە رەواکانی ئەو ناوچەیەوە دەچێت.
هەر بۆ ئەم مەبەستەش سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران ئەمڕۆ بڕیاریدا بەپێکهێنانی لیژنەیەکی وەزاری بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی مەیدانی سەردانی ئەو ناوچەیە بکات و لەنزیکەوە لەگەڵ خەڵک و لایەنە پەیوەندیدارەکان کۆببێتەوە و داواکاریی خۆپیشاندەرانیش وەربگرێت.
بەپێی بڕیارەکەش لیژنەکە بە سەرۆکایەتی وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن و ئەندامێتی وەزیری شارەوانی وگەشتوگوزار و پارێزگاری
سلێمانیسلێمانی و نوێنەرێکی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران دەبێت، و لیژنەکە لەماوەیەکی دیاریکراودا دەستنیشانی کەموکورتی و پێداویستییە خزمەتگوزارییەکانی ناوچەکە و داواکاریەکانی تریش دەکات و دەیانخاتە بەردەم سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران، هەموو لایەکیش دڵنیادەکەینەوە کە حکومەتی هەرێم بەجیدی کاردەکات کە بە گوێرەی پلان وبوودجەی پێویست بەدواداچوون بۆ کەموکورتی بواری خزمەتگوزاری و بەڕێوەبردنی پڕۆژەکانی قەزاکە بکرێت.
سەبارەت بەئەرکی هێزە ئەمنیەکانیش، جارێکی تر دوپاتی دەکەینەوە رێنوێنی هێزە ئەمنیەکان کراوە کەدوور لەتوندوتیژی و لەرێگەی هێزی چالاکییە مەدەنییەکان و بە بەکارهێنانی ئەو شێواز و ئامرازانە رەفتار بکەن کە یاسا رێگەی پێداون و بە یەک چاو پارێزگاری لەخۆپیشاندەران و هێزەکانی چالاکی مەدەنی ودامودەزگا رەسمیەکان بکەن و هەوڵبدەن کە روداوی نەخوازراوی لێنەکەوێتەوە.
لە کۆتایشدا سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران پرسەو هاوخەمی خۆی بۆ کەسوکاری کاکە بڕیاری جوانەمەرگ دەردەبڕێت و هیوای زوو چاکبوونەوەش بۆ بریندارەکان دەخوازێت.
03-01-201403-01-2014