دوو هەفتە لەمەوبەر ئەرکی سازکردنی یەکەم کۆنگرەی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆران لەلایەن جڤاتی نیشتیمانیەوە روبەروی لیژنەیەکی ئامادەکار کرایەوە کە لە 13 ئەندام پێک هاتبون.
ئەرکی سەرەکی لیژنەی ئامادەکار بریتی بوو لە دەستنیشانکردنی 5 لیژنەی تایبەت بۆ هەریەک لە بوارەکانی بەرنامەی سیاسی رێنمایە بنەرەتیەکان،ژورەکان، فراکسیۆنەکان،راگەیاندن.
کاری ئەم لیژنە تایبەتانە بریتی بوو لە هەڵسەنگاندنی کاری سیاسی بزوتنەوەکە لەو بوارانەدا بۆ ماوەی 4 ساڵی کاری بزوتنەوەکە و پێشنیار کردنی راسپاردە و رێنمایی بۆ ساڵانی داهاتوی کاری بزوتنەوەکە.
هەر یەک لەو لیژنانە کە لە چەندین ئەندامی ئەکادیمی و پسپۆر و شارەزا پێک هاتبوون لەسەر بنەمای وەرگرتنی راپۆرتی لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ ماوی دوو هەفتە و رۆژانە بە بەردەوامی سەرقاڵی ئامادەکردنی ئەو راپۆرتانە بون کە دواتر بە چاپکراوی خرانە بەردەستی ئەندامانی کۆنگرە.
بۆ ئامادەکردنی ئەو راپۆرتانە لیژنەکان بۆ ماوەی چەندین رۆژ راوێژکاری چروپریان لەگەل خەڵکانی پسپۆر و خاوەن ئەزمون لە دەرەوە و ناوەوەی بزوتنەوەکە ئەنجامداوە.
لیژنەی ئامادەکار لە ماوەی ئەو دوو هەفتەیەدا لە کۆبونەوەی بەردەوامدا بوو، کە زیاتر لە 100 کاتژمێری خایاندوە، سەرپەرشتی کاری لیژنەکان و هەلبژاردن و لیستی ناوی ئەندامانی کۆنگرە و لایەنی کارگێری و لۆجستی و راگەیاندنی لە ئەستۆ بوە.
دوێنی 26-12-2013 لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا یەکەم کۆنگرەی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆران لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان دەستی بە کارەکانی کرد.
سەرەتا وتاری لیژنەی ئامادەکاری کۆنگرە لە لایەن سەرۆکی لیژنەکەوە پێشکەشکرا، دوا بەدوای ئەوە وتاری جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەکە لە لایەن بەریز رێکخەری گشتیەوە پیشکەش کرا کە تیایدا تیشکی خستە سەر کار و چالاکی بزوتنەوەکە و چوارچێوە و تێروانینێکی نوێی بۆ کاری ئایندە پێشنیار کرد.
دوای ئەوەی لیژنەی ئامادەکار کارەکانی خۆی کۆتایی پێهێنا دەستەی سەرۆکایەتی کۆنگرە لە لایەنی ئەندامانی کۆنگرەوە متمانەی پێبەخشرا.
یەکەم ئەرکی دەستەی سەرۆکایەتی بریتی بوو لە دابەشکردنی ئەندامانی کۆنگرە بەسەر 5 کۆنفرانسی تایبەتدا کە بریتی بون لە کۆنفرانسەکانی(راگەیاندن، رێنماییە بنەرەتیەکان، بەرنامەی سیاسی،ژورەکان، فراکسیۆنەکان)،هەروەها دروستکردنی لیژنەی سکاڵا بۆ سکاڵاکانی ئەندامانی کۆنگرە.
لەو کۆنفرانسانەدا لیژنەی ئامادەکاری راپۆرتەکان هەڵوەشینرانەوە و لیژنەی نوێ بۆ سەرپەرشتی کردنیان لە لەلایەن ئەندامانی کۆنفرانسەکانەوە هەڵبژێڕدران.
لەم کۆنفرانسە تایبەتانەدا راپۆرتە ئامادەکراوەکان جارێکی تر خرانە بەر باس و لێکوڵینەوە وگفتوگۆی چر و پڕ و بە بیرورای ئەندامان گۆرانکاریان تێداکراو دەوڵەمەند کران.
گفتۆگۆکانی ناو کۆنفرانسەکان تا درەنگانی شەوی رابردوو و بەیانی ئەمرۆ بەردەوام بون و لە ئەنجامدا ئەم راپۆرتانە بەرهەم هاتن لە کە لەبەرنامەی کاری دوەم رۆژی کۆنگرە خوێنرانەوە و لەسەر بنەمای زۆرینە و کەمینە پەسەند کران.
لە هەردوو رۆژی کۆنگرەدا لیژنەیەکی تایبەت بە سکاڵا دەرگای واڵابوو لەبەردەم ئەندامانی کۆنگرە بۆ تاوتوێکردنی هەر گلەیی و سکالایەک و ئەنجامدانی بەدواداچونی پێویست بۆیان.
وتەبێژی کۆنگرە کە لەلایەن دەستەی سەرۆکایەتی کۆنگرەوە ئەو ئەرکەی پێسپێردرا بوو لە هەردوو رۆژی کۆنگرەکەدا جیا لە ئەنجامدانی 2 کۆنفرانسی رۆژنامەوانی بە بەردەوامی لە پەیوەندیدا بوە لەگەڵ میدیاکاندا.
یەکەم کۆنگرەی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆران، وەک چۆن لە بواری بەرنامەی سیاسی و دەستور و ژورەکان و فراکسیۆنەکان و کاری راگەیاندن هەڵسەنگاندنی وردی بۆ 4 ساڵی رابوردوو ئەنجامداوە لەهەمان کاتدا لە رێگای راسپاردەکانیەوە نەخشە رێگای کارکردنی سالانی داهاتوی دارشتوە.
ئەم کۆنگرەیە مۆدێلێکی نوێێ سەرکەوتوبوو لە کۆنگرەی حیزبی و شیوازێکی گونجاو بوو بۆ بەشداری پێکردنی ئەندامان و هەڵسوراوان لە دەستنیشانکردنی ئاراستەی سیاسی بزوتنەوەکە.
بەو ئومێدەی کە کار و چالاکی داهاتوی بزوتنەوەی گۆران بەرجەستەکردنی دروشمی کۆنگرە بێت کە بریتیە لە (بەرەوە بە نیشتیمانیکردنی دامەزراوەکان و حکومەتی هاوڵاتی).
دەستەی سەرۆکایەتی یەکەم کۆنگرەی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆران
27-12-2013
هەولێر
|
📷 فایلی وێنە |
1.0.1 | 8 KB |
| |
Dec 27 2013 1:47PM | بەناز جۆڵا |