روونکردنەوەیەک لە لێژنەی باڵای فەتوا دەربارەی سروودی (ئەی رەقیب)
📝 بەلگەنامە
بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان
ماوەیەکە مشتومڕێک لەسەر سروودی (ئەی رەقیب) دروست بوووەو، لەسەر ئاستی شەقامی کوردی و ناوەندە رەسمییەکانیش دەنگدانەوەی هەبووە، هەروەها لە چەند لایەنێکیشەوە وەکو پرسیار ئاراستەی لێژنەی باڵای فەتوای کوردستان کراوەو، وەزارەتی ئەوقافی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش بە نووسراوی ژمارە (184) لە (11-11-2013) بە فەرمی داوای روونکردنەوەی لایەنی شەرعی سروودەکەی لە لێژنەی باڵای فەتوا کردووە، بۆیە دوای لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون لەگەڵ چەندان کەسایەتی و ناوەندی رۆشنبیری بەتایبەتی ئەکادیمیای کوردی، بە پێویستمان زانی ئەم روونکردنەوەی خوارەوە بڵاوبکەینەوەو، لە روونکردنەوەکەشدا تەنها تیشکمان خستۆتە سەر لایەنە شەرعی و ئایینیەکانی سروودەکە.
یەکەم: سەرەتا بە پێی نووسراوی ئەکادیمیای کوردی ژمارە (582) لە (13-11-2013) ئەم سروودە داندراوی (دڵدار)ی شاعیرەو، لە کاتی هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە کۆماری کوردستان بە ئامادەبوونی چەندین مەلا و زانای ئاینی و گەورە پیاوانی کۆماری کوردستان لە مهاباد ئەم شیعرە بە سروود گووتراوە و هەمووشیان وەک (مارشی نەتەوەیی) لەبەری هەڵساونەتە سەر پێ.
دووەم: لەبەر ئەوەی ئەم شیعرە کۆمەڵێک گومان و قسەی لێوە دروست بووە، بە پێویستی دەزانین تیشک بخەینە سەر چەند لایەنێکی شیعرەکە:
سەرەتا دەستەواژەی (ئەی رەقیب) مانای (خالق – پەروەردیگار) ناگەیەنێت، بەڵکو مەبەست (دوژمن) یان (ناحەز) یان (حەسوود)ە، ئەمەش لە دیوانی چەندان شاعیری کلاسیکی کورد وەک (نالی، کوردی، زێوەر) بەکار هاتووە.
سەبارەت بە (دینمان و ئایینمان هەر نیشتیمان) ئەوەی زیاتر گومانی دروست کردووە، هاتنی وشەی (هەر)ە، کە هەندێکجار بەوە مانای دەکرێتەوە، کە ئایینی ئێمە تەنها نیشتیمانە، بەڵام لە راستیدا دوای گەڕانەوەمان بۆ دەقە ئەسڵیەکەو، هەروەها بەپێی روونکردنەوەی ئەکادیمیای کوردی وشەی (هەر) لە دەقە ئەسڵیەکە نییە. ئەمەش بە مەبەستی خۆشەویستییەکی یەکجار زۆر بەکارهێنراوەو، لە دەقە ئیسلامیەکانیش هاوشێوەی زۆری هەیە. کەواتە ئەسڵی شیعرەکە بەم شێوەیە: (دینمان ئایینمانە نیشتیمان). ئەمەش بۆ ئەوەیە بڵێت: بە هێندەی دین و ئاین نیشتیمانمان خۆش دەوێ، چونکە خۆشەویستی نیشتیمان بەشێکە لە ئیمان، مرۆڤی موسڵمان ئایینی خۆی خۆش دەوێت و نیشتیمانەکەشی خۆش دەوێت، روونیشە کە ئایین بەبێ خاک و وڵاتێکی ئارام بە باشی جێبەجێ ناکرێت.
سەبارەت بە دەستەواژەی (نایشکێنێ دانەری تۆپی زەمان) ئەوەش مەبەست خوا نییە، بەڵکو دوو لێکدانەوەی بۆ کراوە:
یەکەم: مەبەست لە (تۆپی زەمان) چەکە، کە له و سەردەمەدا بەهێزترین و کوشندەترین چەکی شەڕ بووە.
دووەم: بە پێی ئەو دەقەی لە کتێبی مێژووی ئەدەبی کوردی هاتووە، دەقەکە بەم شێوە نییە، بەڵکو شیعرەکە دەڵێت: (نایڕمێنێ دانەیی تۆپی زەمان).
لە هەردوو حاڵەکەدا شاعیر دەیەوێت بە دوژمن بڵێت: ئەی دوژمن و ناحەز: کورد هەر دەمێنێ و ناڕوخێ بە دەست ئەو وڵاتە زۆردارانەی کە تۆپی ئەم زەمەنەیان دروست کردووە و خەڵکی کوردی پێ دەترسێنن، هیچ تۆپ و دانەیەک له و تۆپانە ناتوانێ کورد بڕمێنێ و بیروخێنێ.
بۆیە روونی دەکەینەوە، کە سروودەکە شتێکی تێدا نییە کوفر و دژە ئایین بێتو، پێشنیاز دەکەین کە لایەنە پەیوەندیدارەکان بگەڕێنەوە سەر دەقە ئەسڵیەکەی، کە وشەی (هەر)ی تێدا نییە، هەروەک لە سەرچاوەکان هاتووە.
والسلام علیکم ورحمە الله وبرکاتە
لێژنەی باڵای فەتوای کوردستان
19-11-2013
⚠️ ئەڤ بابەت ب زمانا (🏳️ کوردیی ناوەڕاست) هاتیە نڤیساندن، کلیک ل ئایکۆنا
بکە ژ بو ڤەکرنا ڤی بابەتی ب ڤی زمانا کو پی هاتیە نڤیساندن!
⚠️ ئەم بابەتە بەزمانی (🏳️ کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی
بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!