مافی مرۆڤ: زیاترلە 18%ی دانیشتوانی عیراق لەژێر هێڵی هەژارییەوەن
📊 ئامار و راپرسی
بەپێی راپۆرتێکی ناوەندی نیشتمانیی مافی مرۆڤ، کەسەر بەوەزارەتی مافی مرۆڤی عێراقە، زیاتر لە18%ی دانیشتوانی عیراق لەژێر هێڵی هەژارییەوەن،کەدەکاتە (6.4) ملیۆن کەس و زۆربەیان گوندنشینەکانن.
بەغدا، ئاوێنەنیوز: بەگوێرەی بەیاننامەیەکی وەزارەتی ناوبراو کە ئەمڕۆ (شەممە) بڵاوبۆتەوە و وێنەیەکی دەست ئاوێنەنیوز کەوتووە، هاتووە، عیراق یەکێکە لەوڵاتە دەوڵەمەندەکان لەڕووی سامانی نەوتەوە بەڵام ئاستی خەرجیی تاک بەبەراورد لەگەڵ وڵاتانی هاوسێدا زۆر نزمە."
بەپێی ئەو راپۆرتە، ئامارەکان روونیدەکەنەوە کە زیاتر لە (18%)ی دانیشتوانی عیراق لەژێر هێڵی هەژاریدا ژیان بەسەردەبەن و ژمارەیان نزیکەی (6.4) ملیۆن کەسە بەتایبەتیش لەگوندەکاندا."
راپۆرتەکەی ناوەندی نیشتمانیی مافی مرۆڤ چەند رێنمایی و راسپاردەیەکی پێشنیارکردووە بۆ کەمکردنەوەی ئەو ژمارە زۆرەی هەژاران لەعیراق وەک "خوێندنی ئیلزامی قۆناغی ناوەندیش بگرێتەوە وەک لەوڵاتە شارستانییەکاندا پەیڕەودەکرێت بەمەبەستی رەخساندنی دەرفەت لەبەردەم زۆرترین ژمارەی نێر و مێ بۆ بەردەوام بوون لەخوێندن".
هەروەها لەراسپاردەکانی دیکەی راپۆرتەکە "کۆمەککردنی ئەو کەسانەی توانای کارکردنیان نیە وەک کەمئەندامان و هەتیوان و بێوەژنان لەڕێی تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتیی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی و رێکخراوە مرۆییەکانەوە".
وێرای "ئامادەکردنی چەند پرۆژە یاسایەک دەربارەی رێزگرتنی مافەکانی مرۆڤ لەچوارچێوەی دەستوری عیراق و رێکەوتنامە نێودەوڵەتییەکان کە عیراق ئەندامە تێیدا."
- 24-08-2013