پێنج لەو کەسانەی توشی ئایدز بوون لە رەگەزی مێن
خەندان – هۆگر کەمال
وتەبێژی رەسمی وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێم، ئاشکرایدەکات، تائێستا لە هەرێمی کوردستان 19 هاوڵاتی کورد تووشی نەخۆشی ئایدز بوون، کە چواریان گیانیان لەدەستداوە، ئەمە جگەلەوەی 102 کەسی بیانیش کەسەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووه و تووشی ئەو نەخۆشییە بوون و رەوانەی وڵاتەکانیان کراونەتەوە.
د. خاڵس قادر، وتەبێژی رەسمی وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان، تایبەت بە خەندان راگەیاند: تەنها لە حەوت مانگی ئەمساڵدا 11 کەس لە هەرێمی کوردستان تووشی نەخۆشی ئایدز بوون، کە چوار کەسیان کورد بوون و دانیشتووی هەرێم بوون، بەمەش کۆی گشتی ئەو هاوڵاتیە کوردانەی توشی ئایدز بوون لە ساڵی (1986)ەوە تا کۆتایی مانگی تەمووزی ئەمساڵ گەیشتۆتە 19 کەس.
بەوتەی د. خاڵس،" پێنج له و توشبووە کوردانە ژنن، چواریشیان بەهۆی نەخۆشییەکە گیانیان لەدەستداوە"، جگەلەوەش لەماوەی رابردوو" 102 هاوڵاتی بیانی کە لە هەرێمی کوردستان ماونەتەوە دوای ئەنجامدانی پشکنین بۆیان دەرکەوتووە دوچاریی ئایدز بوونەتەوە، رەوانەی وڵاتەکانی خۆیان کراونەتەوە، کە زۆربەیان لە رەگەزی نێر بوون".
د. خاڵس قادر وتی: "پێویستە بۆ سەلماندنی ئەو کەسانەی کە گومانی ئەو نەخۆشییەیان لێدەکرێت، پشکنینی (چەسپێنەر)یان بۆ بکرێت، بۆئەوەی بزانرێت ئەو کەسە تووشی نەخۆشی ئایدز بووە یان نا".
وتیشی: "لە هەرێمی کوردستان مەترسی ئەوەیە خەڵکانێک هەبن هەڵگری ئەو ڤایرۆسە بن، بەڵام لەبەر ئەوەی کە پشکنینیان بۆ ئەنجام نەدراوە، رەنگە خۆشیان هەستی پێنەکەن و ئێمەش نایزانین، چونکە ئەگەر کەسەکە پشکنینی بۆ نەکرێت کەس نازانێت هەڵگری ڤایرۆسەکەیە یان نا، تا دەگاتە حاڵەتی ئەوەی تووشی نەخۆشییەکە دەبێت، ئەوەش پێویستی بە ماوەیەکی زۆرە".
وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی، ئەوەشی خستەڕوو، کە "ئێمە بەردەوامین لە رێگری کردن له و نەخۆشییە، ئەویش لە رێگەی پشکنینەوە، کە پشکنین بۆ هاوڵاتیانی بیانی دەکەین کە بەپێی یاسا لە 10 رۆژ زیاتر لە هەرێمی کوردستان بمێننەوە، هەروەها پشکنین بۆ ئەو کەسانەش دەکەین، کە لەناوخۆی هەرێم تووشی هەوکردنی جگەر دەبن، یاخود ئەو کەسانەی خوێن دەبەخشن، ئەو کەسانەی کە تووشی نەخۆشی سیل دەبن، ئەو کەسانەی کە لەلایەن پزیشکەوە گومانیان لێدەکرێت هەڵگری ڤایرۆسەکە بن، هەموو ئەو کەسانەشی نەشتەرگەری گەورەیان بۆ ئەنجام دەدرێت پێش ئەنجامدانی نەشتەرگەرییەکە پشکنینیان بۆ ئەنجام دەدرێت، هەروەها ئەو کەسانەشی ژیانی هاوسەری پێکدەهێنن، بەرلەوەی لە دادگا مارە بکرێن دەبێت ئەو پشکنینەیان بۆ ئەنجام بدرێت".
د. خاڵس ئاماژەی بەوەشکرد، کە وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێم بۆ رێگری کردن له و نەخۆشییە، کار لەسەر زیاتر هۆشیارکردنەوەی هاوڵاتیان دەکات لەبەرامبەر مەترسی نەخۆشییەکە، داواش لە کەناڵەکانی راگەیاندن و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی دەکات هاوکارییان بن لە بڵاوکردنەوەی ئەو هۆشیارییانەدا بۆ پاراستنی هاوڵاتیان لە نەخۆشی ئایدز.
ئه و پزیشکە، رونیشیکردەوە، کە ئێستا وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێم توانای پشکنین و چارەسەریی باشتری هەیە، دەشڵێت: "ئەوانەی لە هەرێمی کوردستان پشکنینیان بۆکراوە، دەرکەوتووە تووشی ئەو نەخۆشییە هاتوون، هاوڵاتییە بیانییەکانیش سەرجەمیان لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان تووش بوون، هاوڵاتییە کوردەکانیش پێشتر گەشتیان بۆ دەرەوەی وڵات کردووە، بەڵام یەک هاوڵاتی کوردی دانیشتووی هەرێم لەناو هەرێمی کوردستان تووشی ئەو نەخۆشییە بۆتەوە".
پزیشکە کە باسی لەوەشکرد، کە ئەو 15 هاوڵاتییەی هەرێمی کوردستان کە لە ژیاندا ماون و تووشی نەخۆشییەکە بوون لەژێر چاودێری پاراستنی تەندروستیدان، تەنها دوانیان نەبێت پێویستیان بەوەیە، کە لەژێر چاودێری بەردەوامدا بن، کە مانگانە دەرمان وەردەگرن، ئەوانی تر پشکنینی دەوریی بۆ خۆیان و کەسە نزیکەکانیان دەکرێت و رێنمایشیان پێدەدرێت.
وتەبێژەکەی وەزارەتی تەندروستی هەرێم، جەختیکردەوە کە تائێستا نەخۆشییەکە چارەسەری نیە، بەڵام ئەوانەی تووش بوون دەتوانن بە وەرگرتنی دەرمان کۆنترۆڵی بکەن، چونکە کە دەرمانەکە وەردەگرن تا ماوەیەک بەرگری لەشیان بۆ ڤایرۆسەکە باشتر دەبێت.
خاڵس قادر، تەئکیدی کردەوە، ئەوانەی تووشی ئەو نەخۆشییە بوون و خێزاندارن بەهیچ شێوەیەک پێویست ناکات لە هاوسەرەکانیان جیاببنەوە، بەڵکو دەتوانن لە رێگەی بەکارهێنانی "کۆندۆم" و دەرمانەوە هاوسەرەکانیان لە نەخۆشییەکە بپارێزن، وتیشی:" نمونەی لەوجۆرە هەیەن پیاوێک لە هەرێمی کوردستان تووشی ئەو نەخۆشییە بووە، بەڵام تا ئێستا لە ژنەکەی جیانەبۆتەوە و هاوسەرەکەشی تووشی نەخۆشییەکە نەبووە، چونکە رێنماییە تەندروستییەکانیان جێبەجێ کردووە".
د. خاڵس قادر، ئاماژەی بەوەشکرد، کە ئەو نەخۆشییە مەترسی زۆرتر بووە لەسەر رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی و کوردستان بەتایبەتی، ئەویش "بەهۆی باشبونی ئابوری تاکەکانی و گەشتکردنی زۆری هاوڵاتیان بۆ دەرەوەی وڵات".
وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی، وتی: "هۆشیارییەکی گرنگ بۆ هاوڵاتیانی هەرێم ئەوەیە، ئەو کەسانەی گومانی نەخۆشییەکەیان لێدەکرێت خۆیان بێن بە خۆبەخشی پشکنینیان بۆ بکەین، چونکە تائێستا ئەو پشکنینانەی ئەنجاممان داون بە زۆر بووە، بەتایبەتی ئەو کەسانەی زۆر سەردانی دەرەوەی وڵات دەکەن و لە دەرەوەی ژیانی هاوسەرییان سێکس ئەنجام دەدەن پێویستە بۆ تەندروستی خۆیان کۆمەڵگەش بێن پشکنینیان بۆ ئەنجام بدرێت".
وتیشی: "گرفتی ئەو نەخۆشییە لەوەدایە تا کەسەکە تووشی ڤایرۆسەکە نەبێت هیچ نیشانەیەکی نیە، جگە لە ئەنجامدانی پشکنینیش ناتوانرێت بزانرێ ئەو کەسە هەڵگری ڤایرۆسەکەیە یان نا، چونکە له و قۆناغەدا هیچ نیشانەیەکی نیە، بەڵام کە دەبێتە نەخۆشییەکە، ئەو کاتە نەخۆشەکە تووشی تایەکی درێژ خایەنی زیاتر لە مانگێک دەبێت، هەروەها بەبێ هۆکاری تر کێشی زۆر دادەبەزێت و بەبێ هۆکار تووشی کۆکەیەکی بەردەوام دەبێت و لیمفە گرێکانی زۆر گەورە دەبن بەتایبەتی لیمفە گرێکانی مل، جگەلەوەش کەسەکە زۆر بێهێز دەبێت".
- 16-08-2013
⚠️ Ev babet bi zimana (🏳️ کوردیی ناوەڕاست) hatiye nvîsandin, klîk li aykona
bike ji bu vekirina vî babetî bi vî zimana ku pî hatiye nvîsandin!
⚠️ ئەم بابەتە بەزمانی (🏳️ کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی
بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!