جلی کوردی
جلی کوردی، پۆشاکی نەتەوەیی خەڵکی کورد و کوردستانە. لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی تر دەگۆڕێت، بەڵام بەگشتی خۆیی لە کراسی درێژ بۆ ژنان و ڕانک یان شەڕواڵدا دەبینێتەوە بۆ پیاوان. ئەم جلانە نەک تەنها بۆ خەڵکی کورد بەڵکو بۆ کوردستانییانی ناکوردیش تاڕادەیەک بە هەمان شێوەیە. بۆ نموونە ئاشووری و کوردە جولەکەکانیش هەر هەمان پۆشاکیان پۆشیوە.
ناوی پارچەکانی جلی کوردی لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێک دەگۆڕدرێت، رانک و چۆغە، شەڕواڵ و مرادخانی، ستارخانی، شاڵ و شەپیلک، کەوا، سەڵتە، هێلەک و ئاوەڵ کراس، هەندێک لەو زاراوە و دەستەواژانەن کە بۆ جلی کوردی بەکاردێن.
لە باشووری کوردستان هەموو ساڵێک لە رۆژی 10ی مانگی مارت رۆژی جلی کوردییە و خەڵکانێکی زۆر ئەم جلانە دەپۆشن. لە جەژنە نەتەوەییەکانی وەک نەورۆز و ئەوانی تردا ئەم جلانە زۆر بەشێوەیەکی بەرچاو لەبەردەکرێن.
لە ئەدەبی کوردی، بەتایبەتی بەند و هۆنراوەکان پەسنی زۆری جلی کوردیی تێدایە. زۆر جار لە بەیتەکاندا رەنگی کراسی خانمان بووەتە پێناسی ئەو کەسە و بەندبێژەکە بەهۆیەوە بەندی بەسەردا گوتووە.
لەگەڵ جلی کوردیدا هەندێک ئێکسسواری تایبەتیش هەیە، کە ئەوانیش رەنگدانەوەی مێژوو و کلتووری کوردین. بۆ نموونە خشڵ و سەروکڵاو بۆ ئافرەتان و بۆ پیاوانیش مشکی، جامانە، فەقیانە و خەنجەر و زۆری تر تەواوکەری ئەم جلانەن.
زۆرێک لە بێگانەکان چ ژن، چ پیاو، کاتێک هاتوونەتە کوردستان، بە جلی کوردییەوە وێنەیان گرتووە و پێی سەرسام بوون.
[1]