هاوکات لەگەڵ توندبوونەوەی شەڕو پێکدادانەکان لە ناوچە کوردنشینەکانی سوریادا و کوشتاری وەحشیانەی هاوڵاتیانی مەدەنی کوردزمان لەلایەن گروپە ئیسلامیەکانی سەر بە "سوپای ئازاد"ەوە، هەزاران هاوڵاتی ناچاربوون ناوچەکانی نیشتەجێبوونی خۆیان بەجێ بهێڵن و ڕوو لە پەناگایەکی ئارام بکەن بۆ دەربازکردنی خۆیان له و کوشتارەی بەرەوڕوویان بۆتەوە. لەروانگەی بەشێکی بەرچاوی ئەو خەڵکە ئاوارەو بێدەرەتانەوە، ئەو پەناگە ئارامە پەڕینەوەیە بۆ کوردستانی عێراق، کە لەلایەن بەرزانی و حزبەکەیەوە بەرێوە دەبرێت. بەڵام بەپێچەوانەی چاوەڕوانیەکانی خەڵکی ئاواره و هەر پرەنسیپێکی ئینسانیەوە، بەرزانی و دەسەڵاتەکەی لەپێناو ئامانج و بەرژەوەندی سیاسی خۆی و بردنەپێشەوەی سیاسەتەکانی تورکیا، دەرگای بەڕووی ئاوارەکاندا داخستووه و ئەوانی لەبەردەم شەڕو کوشتارو هەڕەشەی گروپ و دەستە ئینسانکوژەکاندا ڕاگرتووە.
راگەیاندنی ڕەسمی حکومەتی هەرێم سەبارەت بەم مەسەلەیە بەڕۆشنی ئەوەی ئاشکراکردووە، کە پارتی و دەسەڵاتەکەی سنوریان تەنها بەرووی کۆچی خەڵکدا داخستوە بەرەو ناو هەرێم، دەنا سنور بۆ مەسەلەکانی پەیوەند بە بازرگانی و دیپلۆماسیەوە کراوەیە! کرۆکی مەسەلەکەش ئەوەیە کە ئەوان دەرگایان بە ڕووی پەناهێنانی خەڵکی ئاواره و کارەساتباری جەنگێکی کۆنەپەرستانه و ئینسانکوژیدا داخستوە، کەبۆ دەربازکردنی ژیانیان چاویان بڕیوەتە کوردستانی عێراق.
حکومەتی هەرێم و بەپلەی سەرەکی پارتی دیموکراتی کوردستان وەک حزبێکی دەسەڵاتدار، کە ڕاستەوخۆ کۆنترۆڵی ئەو سنورانەی لەدەستدایە، خۆی تەرەفێکە لەکێشەکانی ناوچەکوردنشینەکانی سوریا. داخستنی سنور بەرووی شەپۆلی هاوڵاتیانی هەڵاتوو لە مەرگ، بۆئەوەیە کە هێزەکانی(پەیەدە)ی سەر بە(پەکەکە)،کە دەسەڵاتی ئەو ناوچە کوردنشینانەی بەدەستەوەیە، بەچۆکدابێنێ و ناچاری بکات مل بدات بەمەرجەکان و داواکاریەکانی پارتی بدات. لەم ڕێگایەشەوە بتوانێ دەورێکی کاریگەر لەروداوەکانی سوریاو بەتایبەتی لەناوچە کوردنشینەکاندا، بەدەست بهێنێ و سەرەنجام لەخزمەت سیاسەت و بەرژەوەندیەکانی تورکیادا، کەلە ئێستادا لە هاوپەیمانیەکی سیاسی- ئابوری بەهێزدان، هەنگاو هەڵگرێ.
بێگومان داخستنی سنورەکان له بارودۆخی هەڵایسانی شەڕ لەناوچە کوردنشینەکانی سوریادا، شتێکی زیاتر لەوە ناگەیەنێ کە پارتی و حکومەتەکەی گەرەکیانە بۆ بەرژەوەندیەکانی خۆیان سیاسەتێکی تەواوکەری ئەو هێرشانە بگرنەبەر کە هێزە ئیسلامیەکانی هاوپەیمانی دەوڵەتی تورکیا کردویانەتە سەر هاوڵاتیانی مەدەنی کورد و قەتڵوعامیان دەکەن و مناڵانیان سەردەبڕن و ژنەکانیشیان بەغەنیمە دەگرن!
داخستنی سنورەکان بەرووی خەڵکی سوریادا هیچ پاساوێکی نیە. خەڵکی کوردستان نەک هەر نابێ ئەم سیاسەتە دژی ئینسانیەی دەسەڵاتدارانی پارتی بەداخستنی سنورەکان بەڕووی هاوڵاتیانی مەدەنی کوردزمانی سوریادا، قبوڵ بکەن، بەڵکو دەبێ بەتەواوی تواناوە بۆ پەکخستنی دەنگی ناڕەزایەتی هەڵبڕن وخوازیاری کردنەوەی دەستبەجێی سنورەکان و بەهاناوەچوونی خەڵکی ئاواره و لێقەوماوی سوریا بن. حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان، داخستنی سنورەکان لەلایەن پارتی و دەسەڵاتەکەیەوە بەتوندی ئیدانه و سەرکۆنە دەکات و لەپاڵ دەنگی ئازادیخوازان و ئینساندۆستان و هەر جوڵانەوەیەکی جەماوەریدا بۆ کردنەوەی سنورەکان و بەهاناوەچوونی خەڵکی ئاوارەی سوریا، ڕادەوەستێ.
حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان
09-08-2013