لە دووەم ڕۆژی جەژنی پیرۆزی ڕەمەزانی شاری #هەولێر# و لە چوار ڕووداوی هاتووچۆدا، سێ ژن گیانیان لەدەستدا و 10 کەسی دیکەش برینداربوون.
رائیدی پۆلیس کاروان عەبدولکەریم، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و وتەبێژی پۆلیسی پارێزگای هەولێر، بە خەندانی ڕاگەیاند: لە یەکەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزاندا، بەهۆی کێشەی کۆمەڵایەتی نێوان دوو بنەماڵەوە، یەکێک لە بنەماڵەکان، کەسێکی بنەماڵەکەی تری بریندار کرد و بریندارەکەش ڕەوانەی نەخۆشخانە کرا و دۆسیەی لێکۆڵینەوەش بۆ ڕووداوەکە کراوەتەوە.
وتیشی: ئەمڕۆ هەینی کە دووەم ڕۆژی جەژنە، چوار ڕووداوی هاتووچۆ ڕوویداوە، ڕووداوی یەکەمیان لەسەر ڕێگای هەولێر – هەریر بووە، کە ئۆتۆمبێلێکی جۆری (هۆندای ئەلەنترا) بەهۆی تیژرەوییەوە وەرگەڕاوە و لە ئەنجامدا سێ ژن گیانیانلەدەستدا و ژنێکی دیکەش بە سەختی بریندار بوو، کە باری تەندروستی زۆر جێگیر نیە و لە نەخۆشخانەیە.
رائید کاروان عەبدولکەریم، ئاشکرایکرد هەر ئەمڕۆ لە ڕووداوێکی هاتووچۆی تردا لە سەر ڕێگای بنەسڵاوە – کە#سنە#زان، دوو ئۆتۆمبێلی کیای سیراتۆ و پیکابێک پێکیاندا و بەهۆیەوە 5 کەس بریندار بوون.
هەر ئەمڕۆ لە ڕووداوێکی دیکەدا لەسەر ڕێگای هەولێر – بەغدا و لەنزیک گوندی قوشتەپە، ئۆتۆمبێلێک لە جۆری ئۆپترای ڕەنگ سپی کە هاوڵاتی عەرەبی تێدابووە و بۆ گەشت هاتبوونە هەولێر، لەگەڵ ئۆتۆمبێلێکی جۆری سۆناتا پێکیانداوە و بەهۆیەوە سێ کەس بریندار بوون، کە باوکێک و دوو کوڕ بوون.
بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و وتەبێژی پۆلیسی پارێزگای هەولێر، ئاماژەی بەوەشکرد، کە هەر ئەمڕۆ هەینی لە سنوری ناوچەی شەمامکی سەربە پارێزگای هەولێر، ئۆتۆمبێلێکی پیکاب وەرگەڕاوه و بەهۆیەوە کەسێک بریندار بووە و ڕەوانەی نەخۆشخانە کراوە.
#09-08-2013#