پەروێزخان: تەنها لە تەمموزی رابردو دەستبەسەر زیاتر لە 580 تەن خۆراکی نەشیاودا دەگیرێت
📊 ئامار و راپرسی
بەپێی ئامارێکی یەکەی پشکنینی خۆراک لەمەرزی پەروێزخان، لەماوەی مانگی رابردودا دەستبەسەر زیاتر لە 580 تەن خۆراکی خراپ و نەشیاودا گیراوە.
ئاودێر محەمەد، گەرمیان: لێپرسراوی یەکەی پشکنینی خۆراک لەمەرزی پەروێزخان، عومەر محێدین، ئەمڕۆ، چوارشەممە، بەئاوێنەنیوزی راگەیاند، لەماوەی مانگی تەمموزدا، یەکەکەیان پشکنینی بۆ زیاتر لە 55 هەزار تۆن خۆراک و خواردەمەنی و کەرەسته و شمەکی جیاواز کردوە کە رێژەیەکیان بەهۆی نەشیاویان و دەرنەچونیان لەپشکنینەکان، دەستیان بەسەردا گیراوە.
وتیشی، بڕی ئەو خۆراک و شمەکە نەشیاوانە، 586 تەن و 988 کیلۆ بون و جۆرەکانیشیان بریتی بوە لە، دۆشاوی تەماتە، بابەتەکانی شیرەمەنی "دۆ و ماست"، شیرینی و کێک، خوێ، ئایس کرێم و...هتد.
عومەر محێدین، ئەوەشی خستەرو، ئەو خۆراکە گیراوانە، یان لەناوبراون، یاخود بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران گەڕێنراونەتەوە.
لێپرسراوی یەکەی پشکنینی خۆراک رونیشیکردەوە، هەموو خۆراکێک کە لەئێرانەوە دێت، لەلایەن یەکەکەی ئەوانەوە بەسێ ئاست و لەبوارەکانی، فیزیایی، کیمیایی و بەکترۆلۆجی پشکنینی بۆ دەکرێت بەمەبەستی دڵنیابوون لەشیاویان.
- 07-08-2013