پارێزەریش هاتە ناو لیستی توندوتیژی بەرامبەر بەرۆژنامەنوسان
📝 بەڵگەنامەکان
سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە مافی رۆژنامەنوسان
بەیاننامەی رۆژنامەوانی
پارێزەرانیش نامانپارێزن
سلێمانی، 16ی تەموزی 2013– سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە مافی رۆژنامەنوسان ئیدانەی دەسدرێژی بۆ سەر پەیامنێری کەناڵی knn دەکات و رایدەگەیەنێت "پاریزەر"یش هاتە ناو لیستی توندوتیژی بەارمبەر بە رۆژنامەنوسان.
روداوەکانی ماوەی رابردوو ئاماژەی روونن کە پاراستنی ژیانی رۆژنامەنوسان و بەشێک نین لە پلانی حکومەت. سەروەری یاساو رێزگرتن لە یاسای کاری رۆژنامەنوسی، جارێ نوسراوی سەرکاغەزن و رۆژنامەنوسان ناپارێزێت.
• هۆشمەند سادق، پەیامنێری کەناڵی knn بە سەنتەری میترۆی وت" لەلایەن پارێزەرێکەوە بە ناوی سەنگەر هادی پەلامار درام، بە بۆکس ئاگام لە خۆم نەماو پاشان بردیانم بۆ نەخۆشخانە" جەختیکردەوە" کاسێتەکەیان پێشتر لێسەندین و کامێراکەشیان شکاند"
• هاوکار حەمەد، پەیامنێری کەناڵی پەیام لە شاری هەولێر،بەربەیانی 9ی تەموز، لە پەیوەندییەکی تەلەفونیدا، هەڕەشەی کوشتنی لێدەکرێت " کاتژمێر 1:20 بەرەبەیان کەسێک پەیوەندی پێوەکردم هەڕەشەی کوشتنی لێکردم بە قسەی خۆی دەمدرێژیم کردوە"
سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە رۆژنامەنوسان ئیدانەی رەفتاری ناشارستانی بەرامبەر بە پەیامنێرەکەی کەی ئین ئین دەکات. تیمەکەیان بەشێک نەبون لە لە ململانێی هەڵبژاردنی پارێزەران و ئەو رەفتارەی بەرامبەریان کراوە، رەتدەکەینەوە.
سەرهەڵدانەوەی توندوتیژیی و هەڕەشە بەرامبەر بە رۆژنامەنوسان شکاندنی کەرەستەکانی پەیامنێران پێمان دەڵێت جارێ یاسای کاری رۆژنامەنوسی، رۆژنامەنوسان ناپارێزێت و "پارێزەر"یش هاتە ناو لیستی توندوتیژی بەارمبەر بە رۆژنامەنوسان.
- 16-07-2013