لە 24ی جۆزەردانی ئەمساڵ دا، لە ئێران دوو هەڵبژاردنی سەرکۆماری و شووراکانی شار و دێ بەڕێوە دەچن. حیزبی دیموکراتی کوردستان ڕوانین و هەڵوێستی خۆی لە بارەی ئەم هەڵبژاردنانەوە بەم جۆرە ڕادەگەیەنێ:
باوەڕی قووڵ بە دەسەڵاتی خەڵک و هەڵبژاردن لە هەموو ئاستەکانی سیستمی بەڕێوەبەریدا یەکێکە له و بنچێنه خەڵکی و دێموکراتیانەی حیزبی دێموکراتی کوردستانیان پێ دەناسرێتەوه. ئەم حیزبە هەر لە سەرەتای هاتنە سەر کاری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە ئێران، تەنیا بە تاوانی ئازادیخوازی و پێداگری لە سەر مافە نەتەوایەتییەکانی گەلی کورد، تێکۆشانی سیاسیی ئازادی لێ قەدەغە کراوه و مافی بەشداریی قانوونی لە پرسە سیاسییەکانی وڵات_ یەک لەوان بەشداری لە هەڵبژاردنەکانی_ دا، لێ زەوت کراوە.
پرسی هەڵبژاردنەکان لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی دا، لە ڕوانگەی جۆراوجۆرەوە بۆ حیزبی دێموکراتی کوردستان گرنگیی هەبووه. ئەو هەڵبژاردنانە لە لایەکەوه بە هۆی نێوەرۆکی سیستەمی سیاسیی وڵات و دەستێوەردانی ڕاستەوخۆی بەیتی ڕێبەری و زاڵبوونی ئۆرگانە ناخەڵکی و داسەپاوەکانی وەک شوورای نیگابان، لە هەموو تایبەتمەندییەکی دێموکراتیک بەتاڵ کراونەوه. لە لایەکی دیکەوە لە چوارچێوەی بارودۆخی سیاسیی ئێراندا، هەڵبژاردنەکان دەرفەتێکی بەرتەسک بوون بۆ هاتنەگۆڕی داخوازەکانی خەڵک و وەستانەوه و ململانێی ئەوان لە گەڵ ناوەند و دەسته و تاقمەکانی نێو ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی و پاشەکشە بە سیاسەت وبەرنامەکانیان.
بە تێگەیشتن له و ڕاستییە و، باوەڕهەبوون بەسوودوەرگرتنی خەڵک لە لانیکەمی شانسەکان، حیزبی دیموکراتی کوردستان لە چەندین بڕگە و قۆناغدا،هاندەری خەڵک بە گشتی و چالاکانی سیاسی و فەرهەنگیی نێوخۆی کوردستان بە تایبەتی بووە کە دەرفەتی هەڵبژاردن بۆ خستنەڕووی ویست و داخوازییه نەتەوەییەکانی خۆیان بقۆزنەوە. لەم ڕوانگەیەوه هەڵوێستی سیاسیی خۆی به لێکدانەوەی هەلومەرجی تایبەتیی کاتی هەڵبژاردنەکان و چەند و چۆنی شوێندانانی خەڵکی کوردستان لە سەر ڕەوتی هەڵبژاردنەکان دیاری کردوە. هەر بۆیە هەر فاکتەرێک کە لە خزمەت پاشەکشە بە سیستەمی سیاسیی وڵات و دابینکردن و جێبەجێبوونی مافی خەڵک دابووه، بە چاوێکی ئەرێنی لێی ڕوانیوە و هاندەر وپشتیوانی بووە. ئەو کاتەی هیچ بوار و شانسێکی بۆ شوێندانان لە سەر ڕەوتی هەڵبژاردن بە قازانجی داخوازەکانی خەڵک بەدیی نەکردبێ، داوای تەحریمی هەڵبژاردنەکەی کردوە. هەر کاتێکیش، کەمترین ئیمکان بۆ سەرکەوتنی خواست و ئیرادەی خەلک لە ڕێگای دەنگدانەوە هەبووه، خەڵکی بۆ بەشداری لە دەنگدان و پشتیوانی لە کاندیدای دڵخوازی خۆیان هان داوە و بەمجۆرە چۆنیەتیی ڕووبەڕووبوونەوە لە گەڵ هەڵبژاردنی کردوە بە مەیدانێکی دیکەی بەربەرەکانیی خەڵک و ڕێژیمی دەسەڵاتدار.
هەڵبژاردنی جۆزەردانی 1392 لە ئێران هەڵگری کۆمەڵێک تایبەتمەندیی ئاڵۆزە. ڕێبەریی کۆماری ئیسلامی هەموو هەوڵی ئەوە بووە ئەم هەڵبژاردنانە، بۆ یەکدەستکردنی هەر چی زیاتری دەسەڵات له و ڕێژیمە دا بە کار بێنێ و ململانێی نێوخۆیی نیزامەکەش بە قازانجی خۆی یەکلا بکاتەوە. هەڵبژاردنی ئەمجارە، بۆ خەڵکێکیش کە دەنگەکانیان لە دەیەمین هەڵبژاردنی سەرکۆماریدا لێدزرا و کاندیدا دڵخوازەکانیان دەسبەرکران، هەر وەها بۆ هێنانەکایەی کەشوهەوایەکی سیاسیی تا ڕادەیەک کراوە و دۆزینەوەی ڕێگایەک بۆ دەرچوون له و قەیرانە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەی تووشی وڵات بووە، هەلێکی ئارەزووکراو بوو. هەر وەها بۆ ڕیفۆرمخوازان و قۆڵ و تاقمه ڕقەبەرەکانی دیکەی نیو ئەو نیزامەش، کە خەریکە دەخرێنە پەراوێزەوە، ئەم هەڵبژاردنە دەرفەتێک بوو بۆ هەڵسەنگاندنەوەی هێز و دیاریکردن و قایمکردنی جێی پێی خۆیان لە شەترەنجی سیاسیی داهاتووی دەسەڵات دا. بەڵام وەک دەبینین ڕێبەریی کۆماری ئیسلامی، هەلبژاردنی یازدەیەمین دەورەی سەرکۆماریی لە ڕێگای ڕەتکردنەوەی سەلاحیەتی زۆربەی هەرەزۆری کاندیداکانەوه بە جۆرێک موهەندیسیی کردوە کە نەک کاندیداکانی نزیک بە خەڵک، بەڵکوو کاندیداکانی سەر بە نیزامیش کە بڕواپێکراوی بە تەواویی شەخسی خامەنەیی نین لە مەیدانی ڕەقابەت وەلاناوە. دیارە لە پێوەندیی لە گەڵ هەڵبژاردنی شووراکانیش دا، سیاسەتی وەلانان و ڕەتکردنەوەی سەلاحییەتی زۆربەی هەرە زۆری ئەو کاندیدایانەیان گرتووەتەبەر کە لە خەڵک نزیکن و تەنانەت ڕەحمیان به و بەشە لە مۆرە و دەستوپێوەندەکانی خۆشیان نەکردوه کە بۆنی لایەنگری لە هێندێک تاقم و کەسایەتیی ڕقەبەرو ناڕازیی نێو نیزامیان لێ دێ.
حیزبی دیموکراتی کوردستان لە هەڵبژاردنی دەورەی پێشووی سەرکۆماری دا سەرەڕای تەحریمی بەرینی هەڵبژاردن لە لایەن حیزب و ڕێکخراوەکانی ئۆپۆزیسیۆن لە کوردستان و ئێران، له و بڕوایە دابوو کە بە تەحریم نەکردنی هەڵبژاردن و هاندانی خەڵک بۆ پشتیوانی له و کاندیدایانە کە هەڵگری بەشێک لە داخوازەکانی ئەوانن، دەتوانێ کۆماری ئیسلامی بەرەوڕووی کێشە بکاتەوە و یارمەتی بە کرانەوەی کەشوهەوای سیاسی بکا. لە ئاکامی هەڵبژاردنی ئەو هەلوێستە دابوو کە توانی هاندەری هاتنەگۆڕی داخوازە نەتەوەییەکان و دەنگدانەوە و ڕەنگدانەوەیان له بەرنامەی هێندێک لە کاندیداکان و باسە سیاسییەکانی ئەو کات دابێ. ئەمجاریش سەرەڕای جیاوازیی نێوان هەلومەرجی سیاسیی ئێستا و چوارساڵ لەمەوبەری ئێران، لە چەند مانگ بەر لە هەڵبژاردنەوە قۆستنەوەی کەشوهەوای هەڵبژاردن بە قازانجی هێنانە گۆڕی پرسی کورد و نەتەوە بندەستەکانی ئێرانی کرد بە ئامانجی کاری سیاسی لە سەر ڕەوتەکە. هەوڵدان لەم پێناوەدا لەگەڵ پێشوازیی چالاکانی سیاسی و مەدەنیی دڵسۆز لە نێوخۆی وڵاتیش بەرەوڕوو بووە. هەستیاربوونی خەڵکی کوردستان لە ئاست پرسی نەتەوەیی خۆیان و ڕوانینیان لەم ڕوانگەیەوه بۆ هەڵبژاردن و کاندیداکانی سەرکۆماری، بووە بە هۆی ئەوە هێندێک لە کاندیداکانی ئەم دەورەیەش، بە هەر مەبەستێک بووە کەمتاکورت باس لە پرسی نەتەوە بندەستەکان و هەڵاواردن وپشتگوێخرانیان لە ئێراندا بکەن. ئێمه لەم پێوەندییە دا بە چاوی ڕێزەوە دەڕوانینە هەوڵی چالاکانی سیاسی و فەرهەنگیی دڵسۆزی نێوخۆی وڵات و بە هەر ڕادەیەک لە سەرکەوتن و بەرەوپێشچوونیان لە سەر بناغەی گرنگیدان بە پرسی نەتەوەیی لە فەزای سیاسیی ئێستای کوردستان و ئێران دا خۆشحال دەبین. بەڵام وەک حیزبی دیموکراتی کوردستان، ئەوەندە ئاوڕدانەوەیەی کاندیداکانی سەرکۆماری لە پرسی نەتەوە بندەستەکانی ئێران، زۆر بە بچووک و ناتەواو و تاکتیکی دەزانین. لە لایەکی دیکەشەوە هیچ گەرەنتی و شانسێک بۆ پارێزرانی دەنگی خەڵک نابینین و هیچ دوور نیە هەر وا کە جاری پێشوو ڕێبەری نیزام و سوپای پاسداران، سەرەڕای حوزووری دەیان میلیۆنیی دەنگدەران و وەڕێکەوتنی بزووتنەوەیەکی گەورەی ڕیفۆرمخوازی،توانیان کەسی دەستنیشانکراوی خۆیان لە سندووقەکان بێننە دەر، ئەمجاریش ئەگەر پێویست بێ،هەمان سناریۆ دووپات نەکەنەوە. بە سەرنجدان بە هەمووی ئەو ڕاستییانە، حیزبی دیموکراتی کوردستان، هەڵبژاردنی24ی جۆزەردان بایکۆت دەکا.
ئێمە وێڕای ڕێزمان بۆ تەشخیش و بڕیاڕی خەڵک لە ڕووبەرووبوونەوە لە گەڵ دوو هەڵبژاردنی سەرکۆماری و شووراکان دا،چوونە سەر سندووقەکانی دەنگدان، بێئەوەی دەسکەوتێکیان بۆ خەڵک بە دواوە بێ، بە زیانی خەباتی ئازادیخوازیی خۆیان لە کوردستان و ئێران دەزانین. هەر له و حالەش دا بە وریایی و هەستیارییەوە بەدواداچوونی ڕووداو و ئالوگۆڕەکانی پێوەندیدار بەم هەڵبژاردنە و ئاکامی هەڵبژاردنەکان دەکەین و بە پێی پێویست خوێندنەوە و پەیام و هەڵویستی گونجاوی خۆمان، ڕادەگەینین.
حیزبی دیموکراتی کوردستان
دەفتەری سیاسی
15ی جۆزەردانی 1392
5ی ژوئەنی 2013