بە ناوی خوای مەزن و دلۆڤان
لە بیست و دووەمین ساڵیادی ڕاپەڕینی خەڵکی کوردستان لە دژی چەوسانەوە و داگیرکاریدا گەرمترین پیرۆزبایی لە خەڵکی سەربەرزی کوردستان بە هەموو پێکهاتەکانیەوە دەکەین. هیوادارین ئەو یادە پیرۆزە ببێتە مایەی بەهێزی و بەردەوامیی ئەزموونەکەمان و پاراستنی ئەو دەستکەوتانەی بە خوێنی شەهیدان و خەبات و کۆڵنەدانی گەلەکەمان هاتوونەتە دی.
ڕاپەڕین خاڵی وەرچەرخان بوو لە ژیانی گەلی کورد و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان و ئەوەی سەلماند کە دەکرێ بە یەکڕیزی گەورەترین سەرکەوتن تۆمار بکرێت. حەق وایە گەلی کوردستان و هێزە سیاسییەکان هەمیشە ئەو ئەزموونەیان لەبەرچاو بێت و لە یادی نەکەن.
لە ڕاپەڕیندا کورد پێشانی جیهانیدا گەلێکی لێبووردە و ئاشتیخوازە و بیر لە تۆڵەکردن ناکاتەوە. لەو یادەدا داوا لە هاووڵاتییانی کوردستان و تێکڕای هێز و لایەنە سیاسییەکان دەکەم هەموومان بۆ بەهاکانی ڕاپەڕین بگەڕێینەوە و بیکەینە هەوێنی سەربڵندیی گەلەکەمان و قووڵترکردنی دیموکراسی و پێکەوەژیان و بڕوابەخۆبوونی تاکی وڵاتمان. هەر بەو بۆنەیەشەوە هەزاران سڵاو بۆ گیانی پاکی شەهیدانی ڕێگەی کورد و کوردستان دەنێرین کە خوێنی ئاڵی ئەو ئازیزانە بوو ئازادی و سەروەری بۆ گەلەکەمان بەدی هێنا.
مسعود بارزانی
سەرۆکی هەرێمی کوردستان
5ـی 3ـی 2013