گوندی کەڵکەسماق سەر بەقەزای دوکانەو دەکەوێتە نێوان بەرزاییەکانی شاخی زەردو شاخی کۆسرەتو شاخی ساراو هاوکات دەکەوێتە نێوان گوندی قەڵاتو سارتکەو قامیشەو کانی سورەکەو ئیلەڵاوە، شوێنی جوگرافی ئەم گوندە وایکردووە کەشوهەواکەی ساردو بەفراویی بێت بەوپێیەی کەدەکەوێتە بناری چیاکەوە. سەبارەت بەناوی کەڵکەسماق دەڵێن ئەم گوندە سماقێکی زۆری هەبووەو لەگەڵ ئەوەشدا ئەم شوێنە شوێنی کەڵەکو بەرزاییە هەربۆیە بەکەڵەکی سماق ناونراوەو پاشان دەماودەم بۆتە کەڵکەسماق.
نەبوونی خزمەتگوزاریی پێویست
دانیشتووانەکەی پێکهاتووە لەبنەماڵەی مەلا عەباس کە بە بەگەکانیش ناودەبرێنو لەبنەچەدا لەگوندی دارەشمانەی پشت قەڵادزێ-وە هاتوونو لەو گوندەدا نیشتەجێبوونو دوو بنەماڵەی تر کە لەگوندەکانی شیوکو گەڵاڵەی لای قەزای ماوەت لەبەر کێشەی کۆمەڵایەتی هاتوونەتە کەڵکەسماق لەکۆنداو لێرە نیشتەجێبوون، هەروەها دانیشتووانی گوندی قەرەقۆشەنو گوندی قۆچ بەگ کەسەرکردە بووە، گوندەکە بەناوی ئەوەوە ناونراوە بەهەرهۆیەک بووبێت گوندەکانیان جێهێشتووەو چوونەتە گوندی کەڵکەسماقە کۆن، سەرکردەکەیان قەرەقۆشەن لەوێ بووە، کەئایینی ئیسلام هاتووە ئەوان جێیانهێشتووەو هەندێکیشیان لەبەربەرەکانیدا لەناوچوون، کەبەمدواییانەش شوێنەواری گۆڕەکانیان دیاربوو لەگەڵ گۆڕستانی کیژان کەگۆڕستانی مەسیحییەکان بوو کەدەکەوێتە نێوان گوندی قەڵاتو گوندی کەڵکەسماقە کۆن. کەڵکەسماق لەساڵی 1986 چۆڵکراوەو لەساڵی 1988 خاپورکراوە، ئەوکاتە ژمارەی دانیشتووانەکەی دەگەیشتە زیاتر لە150ماڵ کە بەداخەوە لەئێستادا ئەو ژمارە زۆرە نەیانتوانیوە بگەڕێنەوەناو گوند لەئێستا زیاتر لە110 ماڵی تێدایە، هەرچەندە دانیشتووانی ئەم گوندە پێیانوایە نەبوونی خزمەتگوزاریی پێویست وایکردووە ئەم ڕێژە کەمە بگەڕێتەوەناو گوند، بەبەراورد بەزیادبوونی ژمارەی دانیشتووانەکەی.
کانیو کارێزەکان
سەرچاوەی ئاوی گوندەکە بریتیبوون لە(کانی کەسکەو کانی وەنەوش) کە بۆ خواردنەوەو پێداویستیی ڕۆژانە بەکاردەهاتنو کشتوکاڵی وەک تەماتەو بامێو سەوزەواتی لەبەردەکرا، (کانی کورگە) کە لەگەڵ کانی کەسکە تێکەڵ دەبوو، ئاوی ئەم کانی توتنێکی زۆری لەبەردا دەکرا، لەگەڵ باخە هەنارو هەنجیرو ڕەزو هەروەها تەماتەو بامێ، (کانی پاش قەبران) کە بەکاردەهات زیاتر بۆ ئیشوکاری ژنانو کەمێکیش کشتوکاڵی لەبەردا دەکرا، (کانی بەرزی سپی) کەتووتنو چەند باخە هەنارو هەنجیری لەبەردا بووە جگە لەسەوزەوات، (کانی چکە چکە) لەشاخ دەهاتە خوارەوە کەم کەم جۆگەلەی بۆ کراوە، ئاوەکەی سازگاربووە بۆ خواردنەوە. هەروەها چەندین کارێزیش هەبوون کەئەوانیش کارێزەکانی: (فەقێ سڵێمان، بەردە سپی، کانی قازی، قەرەقۆشەن، پەینکەی بڕەی، مەلا هەباس، گورجێ، قۆچ بەگ، پەڕکان،کانی مێویلە، تۆپزاواو کارێزی هەنجیری کەتان، کەئەم کارێزانە کشتوکاڵی زۆری لەبەرداکراوە، بەڵام بەهۆی وشکەساڵییەوە زۆربەیان وشکیانکردووەو ئەوەندە ئاوی پێدانایەت کەسوێسکەیەک تێر ئاو بکات.
لەپێش ڕاگواستندا ڕووبەرێکی زۆر توتن کراوە بەشێکی زۆری بژێویی ژیانی ئەم گوندە لەسەر تووتن بووە، هەروەها ڕەزو باخە هەنارو هەنجیری زۆر بووە، ئەوکات خەڵک دیارنەبووە لەبەر باخو باخات، خەڵکی ئەم گوندە هاوینان چوونەتەسەر باخو ڕەزەکانیانو لەوێ ماونەتەوە، تاساردی کردووە ئەوسا گەڕاونەتەوە ماڵەکانی خۆیان کە لەناو گوند بوو، بەڵام ئێستا زۆرێک لەو کشتوکاڵانە ناکرێت لەبەر کەمئاوی، بەروبوومی سەرەکی ئەم گوندە لەئێستادا ڕەزە. چەندین ڕەزیشیان هەیە کە لەلای خاوەنەکانیانەوە پشتگوێخراون لەبەرئەوەی ئەو بڕە پارەیەی لەبەرهەمی کشتوکاڵ دەستیاندەکەوێت بژێویی خێزان بەڕێوەنابات.
ساڵی 1968 قوتابخانە لەگوندی کەڵکەسماق کراوەتەوە کەیەکەم مامۆستا ئەیوبە فەندی بووەو یەکەم خوێندکار کەمال خدر حەمەد بووە کەتۆمارکراوەو ئێستا خوێندنگەی بنەڕەتی تێدایە واتە تا سێی ناوەندی خوێندکارەکانیان بۆ خوێندنی دواناوەندیی ڕوودەکەنە قەزای دوکان.
خوالێخۆشبووانی گوند
خوالێخۆشبوو شێخ مامە ڕەزا کەدروستکەری خانەقای کەڵکەسماقە لەساڵی 1919-1920 کەدرێژەپێدەری تەریقەتەکەی شێخ ئەحمەد سەردار کەئەویش لەمەولانە خالیدی وەرگرتووە، پاشان پشتاوپشت بۆیان ماوەتەوە، کەهەر لەسەرەتاوە هەوڵیداوە کارەبا بۆ گوندەکە ڕابکێشێت، سەرەتا مامە ڕەزا کەدێتە ئێرە هیچ تەکیەو خانەقایەکی نەبووە بۆیە دەستیکردووە بەدروستکردنی مزگەوت چەندین فەقێی لەمزگەوت پێگەیاندووە کەئێستا بوونەتە مەلا دواتر بەهاوکاریی گوندەکە دەستیکردووە بەدروستکردنی خانەقا هەر لەبیستەکاندا لەوکاتەدا ئەو خانەقایە کەدروستکرا زیاتر لە100 موریدو سۆفی تێدا ژیاوە بەژنو پیاوەوە، دواتر مزگەوتو خانەقاکە پەرەدەستێنێتو بەدرێژایی شۆڕشەکانی کورد بەشداریانکردووە، لەوانە مامەڕەزا 40 کەسی بەسەرکردایەتیی شێخ محەمەد ئەمین مەڵحە دەنێرێت بۆ کۆماری مهاباد بۆ بەشداریی شۆڕش، ساڵانی 1961و 1975 بەشداریی شۆڕشی ئەیلولیان کردووەو لقێکیان هەبووە بەناوی مامەڕەزاییەکان کەکاک عەبدولحەمیدی مامەڕەزا لێپرسراوی لق بووە لقەکەش پێکهاتبوو لەبرایانی حەقەو مامە ڕەزاییەکان پاش ساڵی 1986 دەربەدەری دەستپێدەکاتو مامە ڕەزا تیپێک دروستدەکات لەبرایانی حەقەو مامە ڕەزاییەکان بەناوی تیپی 29ی کەڵکەسماق کەشێخ هاوڕێی کاکە حەمەی کوڕی دەکاتە سەرتیپو بەشداریی شۆڕشی نوێ دەکەن، پاشان بەهۆی بارودۆخی سیاسیی کوردستانەوە چەندین شوێن دەگۆڕنو دەچنە ئێرانو دوای ڕاپەڕین دەگەڕێنەوە. کەڵکەسماق لەساڵی 1997دا شێخ مامە ڕەزا بەنەخۆشیی کۆچی دوایی دەکات، ئێستاش مەرقەدەکەی لەتەنیشت خانەقای کەڵکەسماقە پاش ئەویش شێخ هاوڕێ بەکۆی دەنگ دەکرێتە ڕابەری بزووتنەوەی حەقەو درێژەپێدەری هەم تەریقەتەکەو هەم خانەقاکە تەریقەی نەقشبەندی. ئەم بنەماڵەیە هەمیشە هاودەمو هاوکاری گوند بوون، هەمیشە هەوڵیانداوە کێشەکانیان بۆ چارەسەربکەن، ئەگەر هەبووبێت هەردەم لەهەوڵی ئەوەدابوون کەخزمەتگوزاریو ڕۆشنبیریی بهێننە گوندەکەو بەرەوپێشی بەرن.
کەسە دیارەکانی گوند
لەکەسە دیارەکانی ناو گوند: خوالێخۆشبوو مام قادری حەمانی کەجەراحی گوند بووە دەستو قاچی لەجێچوو و شکاوی چاککردۆتەوە لەساڵەکانی چلەکانداو هەروەها دەرمانی کوردەواریی دروستکردووە بۆ سووتان برینو دەرمانی چاو ئێشەو (دەردە مانگا) ئەوکاتە منداڵ تووشی سکچوونێکی زۆرو ڕشانەو دەبوو منداڵ وشکدەبۆوەو هەندێجار لەهۆشخۆی دەچوو، ئەو نەخۆشییە باوانەی ئەو سەردەمە هەروەها بەبۆن کەوتنی چارەسەرکردووە. خوالێخۆشبوو گوڵەی ئەوڕەحمان کەمامانی گوند بووەو منداڵێکی زۆری ئەم گوندە لەسەردەستی ئەودا هاتۆتە دنیاوەو دەرمانی بۆ منداڵان دروستکردووەو ئێستاش خورشیدی حەمەی حاجی حەمەدئەمین دەستگرتنەوە قاچگردنەوەی کردووە.
مام ساڵح ڕەسوڵ مەلا ئەوڵا ڕیشسپی گوندبووە کێشەی نێو گوندی چارەسەرکردووە، حەمەی مەحمود خدر ڕیشسپی گوند بووە، کاتی خۆی جووتیارو دەستڕۆیشتوو بووە لەکاتی خۆیدا شێخ مامە ڕەزا تاڕای ئەوی وەرنەگرتبێت هیچ کارێکی نەکردووە.
هیچ سوودێکی وەرنەگرتووە
لەڕووی گەشتوگوزاریەوەو لەگەڵ هەڵکەوتنی گوندەکە وەک شوێنێکی گەشتیاریو بوونی گوندی گەشتیاری لەناوچەکەو بوونی گەشتیار بۆ ناوچەکە کەڵکەسماق هیچ سوودێکی ئەوتۆی وەرنەگرتووە لەجووڵەی گەشتوگوزار لەناوچەکەدا تاوەک خۆیان دەڵێن بۆ دروستکردنی ئەو کابینەو بینا گەشتیاریانەش دەستی کاریان لەدەرەوەی ناوچەکە هێناوە، ئەمان هیچ سوودمەندنەبوون، ئەوکاتەی گوند چۆڵکراوەو ئەو خێزانانەی پێشمەرگەیان هەبووە چوونەتە دەشتی کۆیە لەوێ بەر چەکی کیمیایی کەوتوون، پێنج خێزانیان کەخەڵکی ئەم گوندە بەرکەوتوون کەئەوانیش خێزانی عەبدوڵڵا شەریف پێنج کەسو خێزانی کاکەمەمو مەولود دوو کەسو خێزانی حەمە ئیبراهیم حەوت کەسو خێزانی سەعیدی مام فەتاح دوو کەسو غەریبـی مەلا دوو کەس بوون، ئەمە جگە لەدوو شەهیدی سەنگەرو چەندین شەهیدی تر کەبەر تۆپباران کەوتوون، هەروەها ئەم گوندە قوربانی مینیان هەیە کەڕژێمی فاشی ئەوسا لەو ناوچەیە چاندبووی.
ئەم گوندە پڕۆژەی ئاوی لەسەر بیرێکی ئیرتیوازی بۆ کراوە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە، بەڵام بەداخەوە ئەو بڕە ئاوە لەگەڵ ژمارەی دانیشتووانو پێداویستی ئەمڕۆی خەڵکەکەدا ناگونجێت بەتایبەت لەوەرزی هاویندا تەنانەت ئاوەکە ئەوەندە نییە کەبۆ ئامێری فێنککەرەوەکان بەکاربهێنرێت. لەلایەکی ترەوە خەڵکی ئەم گوندە داواکاربوون کەدیواری ڕاگر بۆ ئەو شاخەی پشتی گوند بکرێت، کەساڵانە لەوەرزی زستانداو بەهۆی بارینی بەفرو بارانێکی زۆرەوە دادەڕمێ، هەربۆیە ترسی ئەوەش هەیە کەئەم تلە بەردانە بەربێتەوە بۆ ناو گوندو ببێتەهۆی داڕمان یاخود گەیاندنی زەرەری گیانی یاخود ماڵی.
خۆشبەختانە خێزانێکی زۆر سوودیان لەپێشینەی خانووبەرە وەرگرتووە، تائێستا 60 ماڵێک بەپشتبەستن بەم پێشینەیە خانووەکانیان بەشێوەکی مۆدێرن دروستکردووە، ئەم گوندە خزمەتگوزاریی کارەبای پێگەیشتووە، کارەبایان وەک شارەکان هەیەو بنکەی تەندروستی تێدایەو بۆ نەخۆشیی قورس ڕوو لەدوکان دەکەن.
دوکانەکەی کەڵکەسماق
شایانی باسە، لەم گوندەدا دوکانێک هەیە کەخاوەنەکەی وەستا عوسمانە، شەوو ڕۆژ کراوەیە بەڕووی خەڵکی گوندو ڕێبواراندا بەبێ ئەوەی کەس لەدوکانەکەدا بێت، تەنها بەنووسراوێک کەهەڵیواسیوە بەڕووی دوکانەکەیدا بڕوای تەواوی خۆی بۆ ئەو کەسانە دەربڕیوە، کەسەردانی دوکانەکەی دەکەن، هەروەها نرخی شتومەکەکانیشی هەڵواسیوە، هەر کەسێکیش پێداویستییەک لەدوکانەکەی دەکڕێت، خۆی پارەکەی دادەنێتو باقیش ئەگەر هەبێت هەڵدەگرێتەوە.