بەردەشان
سەر بەناحیەی بنگردی قەزای دوکانە، دەکەوێتە نێوان بەرزاییەکانی چیای کۆسرەت و چیای ئاسۆس و گردە باسک و باسکی بەردبەرداوی و گردە کەروێشک و گردە ژیلوانەوە. هەروەها دەکەوێتە نێوان گوندەکانی سێوکان و مەرگەو ناحیەی بنگردەوە.
بەگوێرەی گەورەیی گۆڕستانەکەی بێت مێژووی دروستبوونی بەردەشان زۆر کۆنە چونکە خاوەنی گۆڕستانێکی زۆر گەورەیە کە ئەمەش شایەتی دێرینی گوندەکەیە. لەسنووری ئەم گوندەدا جۆرە بەردێک هەیە کەهاوشێوەی شانەی هەنگە، هەر بۆیەش پێدەچێت ناوی بەردەشان لەوەوە سەرچاوەی گرتبێت، دەڵێن سەرەتا وتراوە شانە بەرد یان بەردەشانەو پاشان دەماودەم بۆتە بەردەشان.
دووبەردەشان
ئەم گوندە پێشتر بناغەی دروستبوونی لەسەرووی شوێنی ئێستایەوە بووە، پاشان وردەوردە بەرەوخوارەوە هاتوون بەهۆی بوونی ئاوی باشترو زەوی کشتوکاڵی لەبارتر. تا ساڵی 1994 یش یەک بەردەشان هەبووە، بەڵام لەوساڵەداو دوای کۆچی دوایی سەرکردە رەسوڵ مامەندو بەخاک سپاردنی لە زێدی باب و باپیرانی لەبەردەشان، کۆمەڵێک خێزان لەدەوروبەری مەزارەکەی خانوویان دروستکردو بەردەشانیان جێهێشت، بەمەش بەردەشان بوو بەدوو بەش ماڵە تازەکان ناونرا بەردەشانی خواروو کە ژمارەیان 25 خێزانە کە ئەم گوندە نوێیە نزیکی جادەیەو گوندە کۆنەکەش ناونرا بەردەشانی سەروو کە ژمارەیان 40 خێزانە.
دانیشتووانی بەردەشان بەگشتی بەسەروو خوارووشەوە سەر بەهۆزی شیلانەن و ژیانێکی ئاسوودە پێکەوە دەگوزەرێنن.
بژێوی گوندەکە
بژێوی ژیانی ئەم گوندە پشتی بەستووە بەکشتوکاڵ و ئاژەڵداری و راوە ماسی، ئەوەی شایانی باسە بەردەشان خاوەنی رووبەرێکی زەوی کشتوکاڵی بەرفراوانە کە ساڵانە دەکرێت بە گەنم و جۆو نۆک و لەکۆنیشدا تا پێش راگواستن دەکرایە توتن و گەنم و جۆو نیسک و نۆک و گوڵەبەڕۆژەو و کاڵەک و شووتی. لەناو گوندیشدا هەندێ پارچە زەوی بەراو هەیە کەپێی دەوترێ دەرماڵ کە لەساڵانی زوودا دەکران بە توتن و بامێ و تەماتە، بەڵام ئێستادا ئەم دەرماڵانە بەشێکیان کراون بەباخچە لەلایەن خاوەنەکانیانەوە، هاوکات چەندین باخی هەنارو هەنجیرو رەز، ئەمە جگەلە داری سروشتی وەک دارەبەن و بەڕوو، لەکۆندا گرنگی زیاتر بەکشتوکاڵ دەدرا، چونکە بەروبوومەکەیان پارەی دەکرد بژێوی ژیانیانی دابین دەکرد، بەڵام بە گوتەی خۆیان لەئێستادا حکومەت وەک پێویست هاوکاری جووتیاران ناکات بەپێدانی تۆوی باش و پەینی کیمیایی و کڕینەوەی بەروبوومەکانیان هەر ئەو هۆکارەشە وایکردووە لەو ژمارە زۆرەی دانیشتووانی بەردەشان کە زیاتر لەسەد ماڵ بووە ئەو ژمارە کەمە بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان بە بەراورد بەزیاد بوونی ژمارەی دانیشتووانەکەی.
ئاژەڵداریی
سەبارەت بە ئاژەڵداریش لەکۆندا تا پێش راگواستن ژمارەیەکی زۆر ئاژەڵ لەم گوندەدا بەخێو دەکران لەبەر بوونی لەوەڕگاو شوێنی پێویست لەناوچەکەدا کەژمارەی ئاژەڵەکانیان دەگەیشتە 2000 سەر مەڕو بزن و زیاتر لە 90 سەر رەشە وڵاخ، لەئێستاشدا ئەم ژمارەیە زیادی کردووە تێکڕا لەهەردوو بەردەشانی سەروو خوارو زیاتر لە 3200 سەر مەڕوماڵات و نزیکەی 200 سەڕێک رەشە وڵاخ بەخێو دەکرێن.
خێزانێکی زۆریش بژێوی ژیانیان لەسەر راوە ماسی بووە، بەو پێیەی نزیکە لەدەریاچەی دوکانەوە لەئێستاشدا ژمارەیەکی زۆر لەو خێزانانە دەستبەرداری راوە ماسی نەبوون، ماسی لە بازاڕەکاندا داواکاری لەسەرەو نرخێکی تایبەتی خۆی هەیە.
ئێستاش دوو کێڵگە بۆ بەخێوکردنی پەلەوەر لەسنووری گوندی بەردەشاندا هەیە هەرچەندە موڵکی خەڵکی بەردەشان نییە بەڵام لەبەرئەوەی لەخاکی بەردەشاندا بەرهەم دەهێنرێت هەموو لایەک سوود لەبەروبوومەکەی وەردەگرن.
سەرچاوەکانی ئاو
سەرچاوەکانی ئاوی ئەم گوندە بریتین لە: (کانی گۆمەشین) کەئاوێکی باشی هەیەکە لەکۆندا کشتوکاڵێکی زۆری لەبەردا کراوە، لەساڵی(1996)ەوە لەلایەن رێکخراوی KLA ەوە پڕۆژەی ئاوی لەسەردروستکراوە بۆ گوندی بەردەشانی سەروو، (کانییە سەرچاوە) کە ئەم کانیەش سوودی لێوەرگیراوەو بۆ کشتوکاڵ بەڵام لەئێستادا لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی ئاوی دەوروبەرەوە سی کۆلی بۆ ئاودانی ئاژەڵ لەسەر دروستکراوە هەندێ جاریش سەرچاوەکە بۆ خواردنەوە بەکاردەهێنرێت. کانی مزگەوت یاخود کانی ژنان بەشێکی بۆ مزگەوت و بەشەکەی تریش بۆ پێداویستی رۆژانە سودی لێوەردەگیرا، هەروەها (کانی بەران) هیچ جۆرە کشتوکاڵێکی لەبەردا نەکراوە گوندنشینان خۆیان دەڵێن بەهاراوەکانی مام بایز کە مام بایز خۆی دۆزیویەتەوە بۆ کشتوکاڵ بەکار دەهێنرێت کە دەکەوێتە بەردەشانی خوارووەوە. پێشتر توتن و تەماتەو بامێ ئێستا کراوەتە حەوزی ماسی، جگە لەوەش حکومەتی هەرێم بیری ئیرتیوازی بۆ لێداون و تۆڕی ئاوی گونجاوی بۆ دروستکردوون ئەمە جگە لەوەی زۆربەی زۆری ماڵەکانی بەردەشانی سەروو و خوارووش بیری سوری-یان لێداوە بۆ خواردنەوە بەکاردەهێنرێت و کەمێکیش کشتوکاڵی لەبەردا دەکرێت. سەرچاوەیەکی تری ئاو کە وەک رووبارۆچکەیەک وایە پێی دەڵێن (خڕی بەردەشان) کە بەردەشانی سەرووی کردووە بە دوو بەشەوە بە ناوەڕاستی گوندا دێت و بەلای مزگەوتدا دەچێتە بەردەشانی خواروو دواجار تێکەڵ بەدەریاچەی دوکان دەبێت، ئەم ئاوە لە وەرزی باران باریندا زۆر زیاد دەکات کە خەڵکەکە ناچار دەکات بە ئۆتۆمبێل پیایدا بپەڕنەوە کە ئەمە کارێکی زەحمەتە بۆ خوێندکاران، زۆربەی جاریش ئاژەڵداران ناچار دەبن بە ئۆتۆمبیل ئاژەڵەکانیان لەم بەر بۆ ئەو بەر بپەڕێننەوە. ئەوەی شایانی باسە وەک خەڵکەکەی دەڵێن ئەم کێشەیە بە دروستکردنی سێ پردی بچووک لەسێ شوێنی جیاوازدا چارەسەر دەبێت.
رۆڵی لەشۆڕشدا
ئەم گوندە تاکە گوندە کە بەو فراوانییە لەبەری مەرگە بەشداری بەرچاوو کاریگەریان هەبووبێ لەشۆڕشی شێخ مەحمودی نەمر دژ بە سوپای ئینگلیز، هەرئەوەش بووە هۆی ئەوەی کە ئینگلیز بە توندی بۆردومانی ئەم گوندە بکات بە ناپاڵم و بەجۆرە چەکێکی تر کە پێی دەوترا شەستیر کە خەڵکەکەی زۆر زەرەرمەند بوون و خانوویەکی زۆر رووخاوەو مەڕوماڵاتیشی بەرکەوتووە. لەسەردەمی شۆڕشی ئەیلولیشدا ئەم گوندە خزمەتێکی زۆری کردووەو بارەگا هەبووە لەمزگەوتەکەی بەردەشاندا، هەروەها لە شۆڕشی نوێدا رۆڵی بەرچاویان هەبووە، لە ساڵی 1983دا لە شەڕێک کە هەر بەشەڕی بەردەشان ناسراوە سوپای رژێم و جاشەکانی لەگەڵ هێزی پێشمەرگە رووبەڕووی یەکدی بوونەتەوەو شەڕێکی گەورە لە نێوانیاندا روویداوە لە ئەنجامدا بەشێک لە ماڵەکان لەو شەڕەدا سووتاوەو حکومەت داوای لەخەڵکەکە کردووە گوندەکە چۆڵ بکەن خەڵکەکەش بە ناچاری روویان کردۆتە ناحیەی بنگردو چەند رۆژێک لەوێ ماونەتەوە پاشان گەڕاونەتەوە گوندەکەی خۆیان ماڵەکانیان دروست کردۆتەوە.
ئەم گوندە لەساڵی 1988 لەلایەن رژێمی بەعسەوە راگوێزراوە بۆ ئۆردوگای زۆرەملێی حاجیاوا کە تائێستاش ژمارەیەکی زۆر لەحاجیاوا نیشتەجێن چونکە حکومەت وەک پێویست هاوکارییان ناکات بۆ گەڕانەوەو خزمەتگوزاری پێویست لەگوندەکەدا جێبەجێ نەکراوە تاوەکو پاڵنەر بێت بۆ خەڵکەکەو بەتایبەتی گەنجانیش بگەڕێنەوە بۆ ناوگوند.
پاش راپەڕین و ئاوەدانکردنەوەی کوردستان جارێکی تر لەلایەن گوندنشینانەوە و لەساڵی 1992 ئەم گوندە ئاوەدانکرایەوە ژمارەیەک خێزان گەڕانەوە گوندەکەیان ئاوەدانیان کردەوەو زەوی و باخ و باخاتەکانیان ژیایەوە. لەساڵی 1964 یەکەم ئۆتۆمبیل کەدۆجێکی ئەمریکی بووە بۆ رژاندنی دەرمانی مەلاریا هاتۆتە ناوگوند، ساڵی 1970 جادەی گڵ بۆ گوند لێدراوە کە بەداخەوە تا ئێستاکەش قیرتاو نەکراوە، لە ساڵی1979 بۆ یەکەم جار کارەبای نیشتمانی گەیشتۆتە ئەم گوندەو پاشان لە ساڵی 2000 دا لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە کارەبایان پێگەیشتۆتەوە، لەساڵی 1980دا بۆیەکەم جار خوێندنگای تێدا کراوەتەوە یەکەم مامۆستاش مامۆستا جەمال سەنگەسەری بووە، لەساڵی 1999 خوێندنگایەکی شەش پۆلی تێدا کراوەتەوە کە تا پۆلی شەشی سەرەتایی تێدا خوێنراوە. ساڵی 1964 کوێخا برایم یەکەم رادیۆ و عەبدوڵڵا ئاڵی عەبدوڵڵا لەهەشتاکاندا یەکەم تەلەفزیۆنی بردۆتە ناوگوند.
لەگەڵ دروستکردنی گوندەکەدا مزگەوت دروست کراوەو مەلا حەمەد ئەمین بەردەشانی یەکەم مەلای مزگەوت بووە، تا ئێستا بنکەی تەندروستی تیادا دروستنەکراوە خەڵکەکەی ناچارن رووبکەنە ناحیەی بنگرد بۆ چارەسەر.
کەسە دیارەکانی گوند
لە کەسە دیارو بەناوبانگەکانی گوند رەحمەتی کوێخا عەبدوڵڵای ئاڵی کە ناسراوە بەئاڵای ئاڵی کەکوێخای گوند بووە کەسێکی شۆڕگێڕ بووە بەشداری بەرچاوی هەبووە لە شۆڕشی شێخ مەحمود چەکی ماوزەڕی لەلایەن شێخی نەمرەوە پێشکەشکراوە، لەبەرئەوەی لەشەڕی تابین لەگەڵ ئینگلیز دەورێکی کاریگەری هەبووە.
رەحمەتی کوێخا مەمەندی ئامۆزایشی کەکەسێکی دەست رۆیشتوو دەوڵەمەند و خانەدان و میوان دۆست بووە، ریش سپی گوند بووە زۆرێک لە کێشەکانی گوندی چارەسەرکردووە. عەلی بەردەشانی شاعیری میللیش لەم گوندە چاوی بەدونیا هەڵهێناوە،
خوالێخۆشبوو رەسوڵ مامەند کە لەسەرەتای شەستەکانەوە چۆتە رێزی شۆڕش و خزمەتێکی زۆری بە شۆڕشی کورد کردووە بەقۆناغە سەختەکانی پێشمەرگایەتیدا تێپەڕیوەو تا دواجار بۆتە کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان.
خوالێخۆشبووان کوێخا برایم و مەمەند ئاڵی عەبدوڵڵاو کوێخا پیرۆت کە برا گەورەی شەهید رەسوڵ مامەند بووەو دەستێکی باڵایان هەبووە لە چارەسەرکردنی کێشە کۆمەڵایەتییەکاندا.
محەمەد حاجی قادر کەکەسێکی شۆڕشگێڕەو تەمەنێکی لەشۆڕشی کوردستان بەسەربردووە ئێستاش بەردەوامە. مام کانەبی کەجەڕاحێکی لێهاتوو بووەو چارەسەری چەندین شکاوی و لەجێچوونی کردووەو لە ئۆردوگای حاجی ئاوا کۆچی دواییکردووە. لە ژنانیشدا پور بنەوش کە کەسێکی کارامەو دەست رەنگین و مامانی گوند بووە هاوکات حەکیمی مناڵان بووەو هاوکارو رێنیشاندەری ژنان بووە.