کانی وەتمان
سەربە ناحیەی خەلەکانی قەزای دوکانە، دەکەوێتە بناری زنجیرەچیای کۆسرەتەوە، لەڕۆژئاواشیەوە زنجیرەچیای هەیبەت سوڵتانە، هاوکات دەکەوێتە نێوان گوندەکانی مێوژەو باسەڕەو حاجی قەڵاو ئاودەلوکو سێوەسەنو ناحیەی خەلەکانەوە، سنووری ئەم ناوچەیە لەگەڵ دەشتی کۆیە پێک دێنەوە.
مێژووی دروستبوونی وەک دەیگێڕنەوە زۆر کۆنە کە رەنگە بگەڕێتەوە بۆ ساڵەکانی 1650، ئەوکاتە باوکو کوڕێک لە(کفری)یەوە هاتوونەتە ئەم ناوچەیە، جا بەهەرهۆیەک بێت کەنەزانراوە، باوکەکە ناوی وەتمان بووەو کوڕەکەشی ناوی حەسەن بووە لەلای کانیو ئاوێک گیرساونەتەوەو بڕیاریان داوە لەو شوێنە جێگیربن پاشان بەکانی وەتمان ناوی رۆیشتووە، ئێستا (حەسەن) گۆڕەکەی لەگوندی کانی وەتمانە باوکیشی کە وەتمان بووە کاتێ کوڕەکەی کۆچی دوایی دەکات، کانی وەتمان جێ دەهێڵێتو روودەکاتە ناوچەی باڵەکایەتیو لەشوێنێکی تر دەگیرسێتەوە کە گوندی شێخ وەتمانی سەر بەقەزای چۆمانەو لەوێ ژیان بەسەر دەبات تاکۆچی دوایی دەکاتو گۆڕەکەشی هەر لەوێیە.
بنەماڵەکانی کانی وەتمان
دانیشتوانی کانی وەتمان لەچوار بنەماڵە پێک هاتوون کە ئەوانیش (کەڵوڕ)، (بەبە- بابان) کە نەوەی فەقێ ئەحمەدی دارەشمانە بوون)، (باجەڵانی)، لەگەڵ بنەماڵەی (زەند) کە چەند ساڵێکە ئەم بنەماڵانە بە ئارامی ژیان پێکەوە دەگوزەرێننو تێکەڵاوی ژنو ژنخوازیان هەیە.
دانیشتوانی ئەم گوندە لەپێش راگواستندا نزیکەی 60 ماڵێک بووە، لەئێستادا ژمارەی ئەو خێزانانە دەگاتە 137 خێزان لەگەڵ هەندێکیان تائێستا لەحاجیاواو چوارقوڕنەو هەولێر نیشتەجێنو نەگەڕاونەتەوە لەبەر دۆزینەوەی سەرچاوەیەکی تری بژێوی ژیانو کەمیی خزمەتگوزاریی لەناوچەکەدا وەک خۆیان ئاماژەیان پێکرد.
ئەم گوندە چەندین جار کاولکاریی بەخۆیەوە بینیوە لەوانەش لەساڵی 1963 لەلایەن رژێمی ئەوسای عیراقەوە بەتۆپو تەیارە کاولکراوە، بەبیانووی بوونی پێشمەرگەو بوونی هەستی کوردایەتی لەناوچەکەوە ئەوسا کاکەحمەی مام رەزا بنکەیان هەبووە لەو سنوورە کە خەڵکێکی شۆڕشگێڕ بوون، لەئاکامدا خەڵکەکە ئاوارەی گوندەکانی دەوروبەر بوونو هەندێکیشیان چونەتە دەشتی کۆیەو پاش چەند مانگێک گەڕانەتەوە، پاشان جار جارە شەڕو پێکدادان لەم ناوچەیە رووی داوە تاساڵی 1970-1974 کە دانوستان بووە خەڵکەکە توانیویەتی بەئارامی بژی، ئەوەبوو دوای شکستهێنانی ئەو دانوستانەو نسکۆی 1975 جارێکی تر ئەم گوندە کەوتەوە ژێر هەڕەشەی تۆپو تەیارەی رژێمو خەڵکەکە ئاوارەبوون، هەندێکیان چوونەتە چیاکانی دەوروبەری گوندەکە، ئەو خێزانانەی پێشمەرگەیان هەبوو روویانکردە ئێران گوندەکەش هەندێکی تۆپی بەرکەوتو چەند ماڵێکیش سوتێنرا.
شۆڕش لەکانی وەتمان
ئەو خێزانانەی کە چوونەتە ناو ئێرانەوە یەک لەوانە کاک ئەحمەد عەبدوڵڵا ناسراو بەئەحمەدە رەش بوو کە کادری پارتی بووەو خەڵکی کانی وەتمانە وتی: (چووینە ئێران پاش ماوەیەکو دوای نسکۆکە 47000 کەس بوین کە گەڕاینەوە بۆ عیراق، ئەوەبوو رژێمیش نەفی کردین، دابەشی کردین بەسەر قەزاو ناحیەکانی خواروودا، منو خێزانەکەم نێردراینە ناحیەی مشخاب سەر بەپارێزگای نەجەف تاساڵی 1976 کە رژێم جارێکی تر بەقافڵە گەڕاندینیانەوە بۆ شوێنەکانی خۆمان لەگەڵ کۆمەڵێ خەڵکی پشدەرو سلێمانی من هاتمەوەو لەگوندی خۆمان نیشتەجێ بوومەوە تاسەرهەڵدانی شۆڕشی نوێ).
پاش دروستوبوونەوەی شۆڕشی نوێو سەرهەڵدانی پێشمەرگە لەناوچەکەدا جارێکی تر بارودۆخی گوندەکان تادەهات خراپتر دەبوو، بەبیانووی بوونی هێزی پێشمەرگە لەگوندەکەو دەوروبەری، رژێم سێ رەبابەی لە دەوروبەری ئەو گوندانە دامەزراند بۆ سەرکوتکردنی شۆڕشو خەڵکی گوندەکە.
پێشمەرگە لەناوچەکە جموجۆڵی هەبووە جارێکیان لەمانگی دووی ساڵی 1982 شەهید شەماڵ کە ئەوکات سەرتیپی تیپی 93 کۆیە بوو خۆیو 11 پێشمەرگە شەو لەگوندەکەدا مابوونەوە رژێم پێی زانیبوو هاتنە سەریانو پێشمەرگە بەهێزێکی کەمەوە بەهاوکاریو هیمەتی خەڵکی گوند لێیان هاتوونەتە دەستو پاش شەڕێکی قورس 13 ئیڤای عەسکەرییان سووتاندوەو 21 سەربازیان لێکوشتوونو چەندینی تر بریندار کراون لەپێشمەرگەش تەنها خدر خەلەکانی بریندار بووەو توانیوشیانە دەستبگرن بەسەر یەک دووربینی شەوبین کەزۆر گرنگبوو، لەگەڵ 21 کڵاشینکۆف. لەساڵی 1985-1986 گوندی کانی وەتمان تادەگاتە گوندی کانی مازوو چۆڵ کراو سوتێنرا، خەڵکەکەی رەوانەی ئۆردوگا زۆرە ملێکانی حاجیاواو پیرەمەگرون کران، هەندێکیشیان روویانکردە پارێزگای سلێمانیو هەولێر، تا لەساڵی 1992 ئەوگوندە جارێکی تر ئاوەدانکرایەوە.
باری ئابووری گوند
باری ئابووری ئەم گوندە پشتی دەبەست بە: یەکەم کشتوکاڵ کە لەکۆندا توتنو گەنمو جۆو نیسکو نۆکو گوڵەبەڕۆژەو سەوزەو میوەی هاوینە دەچێنراو چەندین رەزو باخە هەنارو هەنجیرو سێو قۆخو میوەی تریش کەمکەم دەکرا، بەڵام بەداخەوە بەهۆی سووتانی زۆرێک لەو باخانەو وشکەساڵییەوە بەم دواییانە نەتوانراوە وەک پێویست ئاوەدانبکرێتەوە.
دووەم ئاژەڵداریی کە دەکرێ بوتری زۆربەی زۆری ماڵەکان ئاژەڵیان هەبووە، ئەم گوندە لەپێش راگواستندا زیاتر لە 1250 سەر مەڕو 750 سەرێک رەشە وڵاخی هەبووە بەڵام لەئێستا نزیکەی 350 سەرێک ماڵاتو 250 سەر رەشە وڵاخی تێدایە.
سەرچاوەی ئاوەکان بریتین لە: (کانی پیاوان) کە ئاوەکەی دەچێ بۆ مزگەوتو کاروباری مزگەوت بەکاردەهێنرێت کە ئاوێکی زۆری هەبووە کە تا بەرجادە هاتوە خێزانێکی زۆر کشتوکاڵیان لەبەردا کردووە، (کانی ژنان) کە دەکەوێتە لای مەرقەدی شێخ رەشە کە باخو باخاتێکی زۆرو کشتوکاڵی لەبەردا کراوە، (کانی سەرسول) کە لەپاش چەند سەد مەترێک لەگەڵ کانی ژنان تێکەڵ دەبێتەوە ئەمیش توتنو بەراوێکی زۆری لەبەردا کراوە. (کانی نێر) کەدەکەوێتە رۆژئاوای گوندەکە شوێنێکی سەرنج راکێشی زۆر خۆشە ئاوەکەی وەک تاڤگە وایە. (کانی زێوکە) کە دەکەوێتە رۆژهەڵاتی گوندو ئێستا کراوەتە پڕۆژەی ئاو لەگەڵ ئاوی بیرێکی ئیرتوازی بۆ ناو گوندەکە، سەرچاوەیەکی تری ئاو کە پێی دەڵێن (ڕووبارەکە) تابەهارێکی درەنگ دەمێنێ بۆ ئاودانی مەڕووماڵات بەسوودە ئەم رووبارە بەچەند گوندێکدا تێپەڕ دەبێت پاشان دەچێتە ناحیەی خدران وپاشانیش دەریاچەی دوکان.
کەسایەتییەکان
مێژووی دروست بوونی مزگەوت زۆرکۆنە زۆر نزیکە لەدروستبوونی گوندەکەوە کۆنترین مەلاش کە بەبیری خەڵکەکەی بێت مەلا محەمەدی مەلا عەلی لەوێ دەرسی دینی وتۆتەوە چەندین فەقێی هەبووە، کانی وەتمان لەساڵی 1978 بۆ یەکەمجار کارەبای نیشتمانیی پێگەیشتووە، لەساڵی 1954 جادەیەکی تێکەڵەڕێژی بۆ لێدراوە، جار هەبووە لەزستاندا ئۆتومبیل کە چەقیوە بەمانگ لەوشوێنەدا ماوەتەوە، لەساڵی 1972 قیرکراوە. یەکەم رادیۆ ساڵی 1964 مام ئەحمەدە رەشو لەساڵی 1968 عەلی بەگ کە ئاغای گوند بووە تەسجیلی قاوانی هێناوەتە گوند، لە 1965 حاجی قادر کانی وەتمانی لۆری هێناوەتە ناو گوندو هی خۆی بووە.
لەکەسە دیارو بەناوبانگەمانی ناو گوند، خوالێخۆشبوان مام حەمەد ئەمینی پور حەنیف، عەبدوڵڵا عەزیزو مام حسەین عەبدوڵڵا (حسەین چاوشین)، هەروەها خوالێخۆشبوو کوێخا مەمەند کە کوێخای گوند بووە، کوێخا عوسمان کە موختارو ئەنجومەنی گوند بووە، هەموو ئەوانە پیاوچاکو ریش سپی گوندبوون هەمیشە کێشەکانی گوندیان چارەسەر کردووەو راوێژیان پێکراوە.
خوالێخۆشبوو حاجی رەسوڵ مەمەند کە کەسێکی چالاک بووە خزمەتێکی زۆری گوندی کردووە هەوڵیشی داوە کەموکووڕییەکانیان چارەسەر بکات، ئەحمەد عەبدوڵڵا عەزیز کە کادری پێشمەرگە بووە لێپرسراوی دارایی بووە لەناوچەکەداو هاوکاری گوند بووەو خەڵک گوێیان لێگرتووە.
لەژنانیشدا خوالێخۆشبوو پورە ئایشێ کە مامانی گوند بووە لەهەمان کاتدا حەکیمی منداڵان بووە چارەسەری ترسانو بەبۆن کەوتنو نەخۆشییە باوەکانی کردووە، هەروەها پورە خونچە کەمامانو حەکیمی منداڵانی گوند بووە بەڵام بەداخەوە چۆتە تەمەنەوەو توانای کارکردنی نەماوە.
ئێستا کانی وەتمان بۆتە شوێنێکی گەشتیارییو چەندین چێشتخانەی تیادا کراوەتەوە چەندین دوکانی ماستو میوەهاتی تێدایە کە جوڵەیەکی بازرگانی بچووک هەیە لەناوچەکەدا.
کەموکووڕییەکانی ئەم گوندەش بریتین لەنەبوونی جادەی قیر بۆ ناو گوندو نەبوونی ئاوەڕو نەبوونی خزمەتگوزایی شارەوانی تائێستاش لەسەر ئەرکی خۆیان سەیارەیان گرتووەو هەفتەی جارێک خۆڵو خاشاکەکانیان کۆدەکاتەوەو لەگوندەکە دووری دەخاتەوە تائێستاش میراویان نییەو خۆیان کەسێکیان بەکرێ گرتووە بۆ کۆنترۆڵکردنو بەردانەوەی ئاوی خواردنەوە.