ناوی (ئەینی بەهار)ە، بەڵام لە ڕادیۆ بەناوی بێلا ستورکی یان بەهار ستورکی دەناسرێت. بە وتەی خۆی ئەو بەناوی داپیری کراوە "دۆست و هاوڕێیەکانم لە قوتابخانە بەمنیان دەگوت چاو بێلا.."، بەهار لە بنەماڵەیەکی کوردی ئێزدی شاری تبلیسە. دوای 10 ساڵ خوێندن بە زمانی ڕووسی پەیوەندی بە زانکۆی حکومەتەوە کردووە لە تبلیس و لە کۆلێژی زانستی زماندا خوێندوویەتی. بێلا ستورکی یانیش بەهار ستورکی وەک هێمایەکی ڕادیۆی کوردی جۆرجیایە. ڕەنج و ماندووبوونی ئەو لە دوای کەرەمێ ئانگۆسیدا دێ کە تائێستاش بەردەوامە لەو کارەدا.
لە ڕۆژی 29-09-1978 لە سەردەمی ڕووسیای سۆڤیەتدا، بە ڕەزامەندی حکومەتی جۆرجیا مافی پەخشی ڕادیۆیی بە کورد درا. بە هەوڵ و کۆششی نووسەری کورد کەرەمێ ئانگۆسی ڕادیۆی جۆرجیا مافی پەخشی بەرنامەی 15 خولەکی دەداتە کوردانی جۆرجیا. وێڕای کەموکوڕی تەکنیکی، زمان و نەبوونی کارمەندی کورد ئەوان دەستبەرداری ئەو مافە بەدەستهاتووەیان نابن و دەستدەکەن بە ئامادەکردنی بەرنامەی کوردی. زینا ئەدۆ و عەلیێ ئەفەندی یەکەمین پێشکەشکاری بەشی کوردی بوون. ئەوکاتە پەروەردە و فێرکردنی کوردی لە قوتابخانەکانی جۆرجیادا نەبوو و زۆر بەربەستیش هەبوون لەبەردەم فێربوونی زمانی کوردیدا.
بەڵام وەک بەهار ستورکی بە (رووداو)ی ڕاگەیاند، بە هەوڵ و کۆششی کەرەمێ ئانگۆسی چەند لاوێکی خوێندکار کە بەهار ستورکی یەکێکیان بووە دەستدەکەن بە خوێندن و نووسینی کوردی "هەروەها وانەی ڕۆژنامەنووسی و بواری ڕادیۆشمان وەرگرت".
بەهار ئەوکاتە تازە قوتابخانەی ڕووسی تەواوکردبوو و تەمەنی 16 ساڵ بووە. ئەو دەڵێ "ئاستی زانینی زمانی کوردیم زۆر باش نەبوو، چونکە لە دەوروپشتمان کەس بە کوردی قسەی نەدەکرد". فێربوونی زمان بۆ لاوان زەحمەتە. بەڵام ئەوان هەوڵدەدەن و فێری دەبن. بەهار وێڕای کوردی پێنج زمانی دیکەش دەزانێ: ڕووسی، جۆرجی، ئازەری و ئەرمەنی. دوای فێربوونی زمانی کوردی بەهار دەستدەکات بە کاری چاپ"ئێمە بەرنامەی ڕادیۆمان بەپیتی کریلی چاپدەکرد، دواتر بوومە وەرگێڕ و دوای ماوەیەکی دیکەش بوومە بەرپرسی پەخش و پێشکەشکاری بەرنامە."