بابانییەکان و سلێمانی
بەر لەوەی بنەماڵەی بابانییەکان بیر لە دروستکردنی شاری سلێمانی بکەنەوە، ئیمارەتەکەیان لە گوندی قەڵاچوالان بوو، لەگەڵ بەرفراوان بوونی ئیمارەتەکە، جموجوڵی ئاوەدانکردنەوە و بنیاتنانی شارستانی لە ناوچەکەدا دەستی پێکرد، لە سەردەمی فەرمانڕەوایی باباندا ململانێ و توندوتیژیی لە نێوان فارسەکان و عوسمانییەکاندا هەبوو، شوێنی جوگرافیای قەڵاچوالانیش لەبەر نزیکی لە سنووری ئێرانەوە، شوێنێک بوو ببوە مەترسی شەڕ و پێکدادانی نێوان لەشکری فارس و عوسمانییەکان بۆیە هەریەکە لە (نادر شا و سوڵتان مەحمودی یەکەم) لە هەوڵی ئەوەدا بوون ئیمارەتی بابان بە لای خۆیاندا ڕابکێشن، کێشمەکێشی ناوخۆیش لە نێو بنەماڵەی بابانییەکان و ئیمارەتە کوردییەکاندا بۆ کورسی و دەسەڵات ئەوەندەی دیکە مەترسی لەسەر ناوچەکە دروست کردبوو، ئەمەش وایکرد مەحمود پاشای بابان ساڵی (1781)ی زاینی بیری لەوەکردەوە ناوەندی بەڕێوەبردنی سیاسی لە قەڵاچوالانەوە بگوێزێتەوە بۆ شوێنێکی تر، بۆیە سەرای حکومەتی لە نزیک گوندی مەڵکەندی دروستکرد، دواتر ئیبراهیم پاشای بابان لە ساڵی (1783)دا فەرمانڕەوایی ئیمارەتەکەی گرتە ئەستۆ و دەستیکرد بە دروستکردنی شاری سلێمانی تا لە ساڵی (1784)دا لە دروستکردنی شاری سلێمانی کۆتایی هات، لە هەمان ساڵدا بابانییەکان پایتەختی ئیمارەتەکەیان گواستەوە سلێمانی.
لە ساڵنامەی (1955)ی سلێمانیدا کە لە (ڕۆژنامەی ژین) دا بڵاوکراوەتەوە هاتووە: ئیبراهیم پاشای بابان خۆی حوکمداری شاری قەڵاچوالان بووە، لەبەر ناخۆشی و تەنگی شوێنەکە و لە ترسی هێرشی دوژمن بەتایبەتی لە نادر شای حوکمداری ئێران کە گەلێ جار ویستویەتی هەڵمەت بەرێتە سەری دەست بەسەری بکات، بە ناچاری شار و شوێنی هەڵسوڕانی کاروباری وڵاتەکەی گواستەوە ئەم شوێنە کە ئێستا شاری سلێمانییە.
Kurdipedia is not responsible for the content of this item. We recorded it for archival purposes.
This item has been written in (کوردیی ناوەڕاست) language, click on icon
to open the item in the original language!
ئەم بابەتە بەزمانی (کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی
بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!
This item has been viewed 11,607 times
Write your comment about this item!