سەر بەشارەدێی پیرەمەگرون-ی شارۆچکەی دوکانەو چەند کیلۆمەترێک لەپیرەمەگرونەوە دوورەو دەکەوێتە نێوان شاخی پیرەمەگرونو گردی ناو ڕەشکیو دەشتی چاڵە سەوزو دەشتی قەرەچەتان. هاوکات دەکەوێتە نێوان گوندەکانی بیرانو سوسێو کارێزی سەعیو زێوێو یاڵانقۆزو گردەبۆر قازیاواو هەروەها ناحیەی پیرەمەگرون.
ناوی قەرەچەتان
لەسەر ناوی قەرەچەتان چەندین ڕاو بۆچوونی جیاواز هەیە لەوانەش دەڵێن قەرەچەتان لەچەتە ڕەشەکانەوە هاتووە، قەرە بەمانای ڕەشو چەتان بەمانای چەتەکان کە گوایە ئەو ناوچەیە چەتەی زۆری هەبووەو خەڵکە قاچاخو چەتەکان کە هەڵدەهاتن لەو شاخەو ئەشکەوتانەی پیرەمەگرون خۆیان حەشار دەدا.
رایەکی تریش هەیە دەڵێت: لەبەردە ڕەشەکانەوە هاتووە، چونکە لەو شاخە گڕکان تەقیوەو ئەو بەردە ڕەشانەی لەگەڵ خۆی هێناوە، بەڵام تائێستا ئەوە ساغنەبۆتەوە. هەروەها ڕایەکی تریش هەیە کە دەڵێت، ئەم بەردانە بەفرو باراناو هێناویەتی، بەردەکان بۆشن کە پێی دەوترێت بەردی دانە سەگو مادەی ئاسنی کەمەو زۆر بەئاسانی هەڵدەوەرێنو دەبنە خۆڵەمێش). دوایین ڕاش ئەوەیە گوایە لەقەرەئەشکانیەکانی ئێرانەوە هاتووە، بەوپێیەی قەرەئەشکانیەکان ماوەیەک هاتوونەتە ئەم ناوچەیەو لەوێ ژیاون واتە قەرەئەشکان بۆتە قەرەچەتان دەماو دەم.
مێژووی قەرەچەتان
ئەم گوندە لەهەردوو بنەماڵەی هەرکیو گۆران پێک هاتوون. دەگێڕنەوە کە لەساڵی 1800 کاندا شێخ سمایلی عەواڵان چەند بنەماڵەیەکی هەرکی دەنێرێت بۆ قەرەچەتان لەوێ نیشتەجێ دەبن. شێخ سمایلی عەواڵان کەسێکی دەست ڕۆیشتوو ناودار بووە ئێستا مەزارەکەی لەگوندی عەواڵانی نزیک چەمی ڕێزانەکە تەکیەکەشی لەهەمان شوێن بووە، خەڵکێکی زۆر لەتەریقەتەکەی کۆبونەتەوە کە ئێستا تەکیەکەی لەلایەن شێخ سەید گوڵ بەڕیوە دەبرێتو ئێستا ئەم دوو هۆزە بەجۆرێک تێکەڵ بوون کە ڕەنگە هەندێکیان لەبیری ئەوەدا نەبن کە سەر بەچ هۆزێکن.
ئەم گوندە خاوەنی پێگەیەکی مێژوویی زۆر تایبەتە، دوو شوێنی ئاسەواری تێدایە کە ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە ژیان زۆر لەکۆنەوە لەو شوێنە هەیە کە نزیکە لەگوندەکەوە، یەکەم: میرقولی، ئەم شوێنە بەم دواییانە لەساڵی 1999 لەلایەن #چۆمان# ئیسماعیل دانیشتووی گوندی زێوێو دۆزرایەوە کە بۆ داربڕین چوو بووە ئەو ناوچەیە کە بەپێ دوو سەعات لەزێوێوە دوورە کە قۆناغی یەکەم دەشتاییەو هەتا دەگاتە سەر گردەکەو قۆناغی دووەم بەرزاییەکی سەختە بە ڕێڕەوێکی تەسکی کە وەک دەروازەیەکە بۆ چونە ناو ئەو میرنشینە کە پێ دەچێ میرو میرنشینێکی تێدا ژیاوەو چەندین ئاسەواریش لەو شوێنە هەیە. بەشێکی میرقولی لەقەرەچەتانو بەشەکەی تری لەزێوێوە نزیکە. دووەم شوێنەواری ڕەبەنەیە کە ئەویش شوێنەوارێکی کۆنە ئاماژەیە بۆ بوونی ژیانو میرنشین لەو ناوچەیە ئەم شوێنە بەڕێکەوت لەلایەن هاووڵاتیەکی گوندی زێوێو دۆزراوەتەوە لەساڵی 1993 کە دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتی گوندی قەرەچەتانو دەکەوێتە نێوان هەردوو چیای نسێو چیای ڕەبەنە کە پێ دەچێ هەر بەو ناوەوە ناونرابێت. لای خۆرئاواوە لەدەربەندێک دەچێ بەو پێیەی ئەم دوو چیایە لەیەک زۆر نزیک بۆتەوەو هەڵکۆڵراوی ڕەبەنە لەنێو ئەم دوو شاخەداو لە دەروازەکەی دروست کراوە.
ناسراوەکانی گوند
قەرەچەتان گوندێکی گەورە بووەو لەچلەکانی سەدەی ڕابردوودا بووە بەناحیە، بەڕێوەبەری ناحیەش شێخ یوسفی شێخ عەزیز شەدەڵەیی بووەو زۆربەی کاروبارە ئیداریەکان لەناحیەکە بەڕێوەچووە. لەساڵی 1932دا قوتابخانەی بۆ یەکەم جار تیاکراوەتەوە، لەساڵی چلەکاندا لەناوچەکە دوو پاسی تەختە هەبووە کە یەکێکیان پاسی قەرەچەتان بووە واتە خاوەنەکەی خوالێخۆشبوو عەبدوڵڵا ڕەزاق قەرەچەتانی بووە کە بەم دواییانە کۆچی دوایی کردووە کە لەهێڵی دوکان – #قەڵادزێ# کاری کردووەو هەندێک لەسەرنشینەکان لەبری پارەی کرێ، هێلکە و شتومەکی تر، لەکاتی حوکمی عوسمانییەکاندا زەوییەکانی قەرەچەتان تەسویە کراوەو لەتەسویەی1957 تاپۆی هەبووە کە گوندەکانی دەوروبەری وا نەبووە، ئەم گوندە بۆ یەکەمجار لەساڵی 1947 نەخۆشخانەی تیاکراوەتەوەو جێگەی 8 نەخۆشی هەبووە کە لەنەخۆشخانەکە بمێننەوەو تەنانەت نەشتەرگەری بچوکیشی تیادا کراوەو گوندەکانی دەوروبەری ڕوویان دەکردە ئەم نەخۆشخانەیە بۆ چارەسەرکردن، بەڵام بەداخەوە لەگەڵ گوندەکە ئەویش ڕوخێنراوەو دروست نەکراوەتەوەو ئێستا بڕیارە بنکەی تەندروستیان بۆ دروست بکرێت.
لەپێش ڕاگواستندا ئەم گوندە زیاتر لە 90 ماڵ بووە، زۆری دانیشتوانی ئەم گوندە وایکردووە کە پێویست بکات نانەواخانەی تێدا بکرێتەوە، لەساڵی پەنجاکاندا کە خاوەنەکەی خالید حەسەن عەزیز بووەو هەردوو وەستا عەبدولڕەحمان کەریم گورونو ئاڵی هوسەین -ئاری حسین- نانەوخانەکەیان بەڕێوە دەبردو کاریان تێدا دەکرد. هەر لەساڵەکانی پەنجاکاندا چایخانەی تێدا کراوەتەو کە بەچایخانەکەی خاڵە مارف ناسراو بوو کە خاوەنەکەی مارف حسین بووە، هاوکات لەسەرەتای هەشتاکاندا قەسابخانەی تێدا بووە کە لەلایەن عومەری خاوەرو حەمەخان محەمەدو مەحموود تەیفور حەمەلاو یاخسەمەریی بەڕێوەبراونو خاوەنیشی بوون، لەساڵی 1972 مزگەوتی تێدا دروستکراوەو یەکەم مەلاش مەلا محەمەد حسێن بووە. لەساڵی 1977 کارەبای نیشتمانی بۆ هاتووەو هەر لەهەمان ساڵدا ڕادێوو تەلەفزیونیش گەیشتۆتە ئەم گوندە.
قوربانیەکانی قەرەچەتان
نەجمەدین ئەحمەد بەم دواییانە پلێتی ژماریەکی ئۆتۆمبێلی کۆنی دۆزیوەتەوە لەکاتی ڕووخانی خانوو دیواری کۆندا کە لەحەوت جۆش دروستکراوە کە شکاوەو بەفافۆن شکاویەکەی چاککراوەتەوە کە نازانرێت ڕەقەمی چ سەیارەیەک بووەو لای خۆی پاراستویەتی، بەڵام نەیتوانیوە سەرچاوەکە بدۆزێتەوەو دەشڵێت بەنیازم پێشکەشی بکەم بەمۆزەخانەی #سلێمانی#.
خەڵکی ئەم گوندە دەگێڕنەوە کە هەر لەزەمەنی سەفەر بەلکەوە ئێمە شەهیدمان هەیەو گوندەکەمان تۆپباران دەکرێتو وەک دەڵێن فرۆکە ڕەشو قومبەلە ڕەشەکان لێی داون.
ئەم گوندە لەساڵی 1963دا سوتێنراوەو چۆڵ کراوەو خەڵکەکەی تا ماوەیەکی زۆر لەشاخو کێوەکانی دەوروبەری گوزەریان کردووە. پاشان لەساڵی 1974 جارێکی تر حکومەت بەفرۆکە لێیداونو بەتۆپ زۆربەی ماڵەکانی ڕووخاندوە، لەساڵی 1988 بەتەواوەتی داگیراونو هەموو خانووەکانی ڕووخێنراون، دوایەمین گوندی ئەم ناوچەیە بوو کە چۆڵ کرا لەگەڵ گوندی زێوێ. خەڵکەکەی نەهامەتیو دەربەدەری زۆریان بینی تا ڕاپەڕینە مەزنەکەی بەهاری 1991. خەڵکی گوند محەمەد تەیب یەکەم کەس بوو کە هاتەوە ناو گوندو بڕیاری ئاوەدانکردنەوەی دا پاشانیش چەندین خێزانی تر ڕوویان لەگوندەکەی خۆیان کردەوە بۆ جارێکی ترو ئێستا نزیکەی 35 ماڵێک لەم گوندەدا دەژینو ئاوەدانکردنەوەش بەردەوامە بەپشت بەستن بەپێشینەی خانووبەرە.
لەکۆنداو لەپەنجاو شەستەکاندا لەم ناوچەیە گەنمو جۆو نۆکو نیسکو توتن دەکراو خەڵکەکە دەچون لەچەمەکانی قازیاوا، چەرمەگا، کرژەو کۆکە، دەیان کردوو و لەپایزاندا دەگەڕانەوە، هەروەها پیازو تەماتەو سەوزەواتیش دەکرا. بەڵام ئێستا بەهۆی کەمی بارانو وشکە ساڵییەوە، بەربوومی بەراو کەم بۆتەوەو ناکرێت. هەرچەندە ئێستا گەنمو جۆ بەکەمی دەکرێت لەم ناوچەیە، بەڵام ئێستا ترشو دارەبەنو بەروو قەزوانو گۆیژو چوالەو بادام دەکرێت، ئەمە جگە لەبەربوومە سروشتیەکانی وەک ڕێواسو کاردو بارێزەو قارچکو چەندین بەربوومی تر. ئێستا بەربوومی سەرەکی ئەم گوندە باخە هەنجیرو هەنارو ڕەزە.
ئاوی گوند
چەند کارێزێکیان هەیە کارێزی ژنان، ژنان لەم کارێزە بەشەڵتە کە لەپێستی بزن دروستکراوە یان بەسەتڵ ئاویان هێناوە، بەڵام ئێستا بۆ کشتوکاڵکردن بەکاردەهێنرێت. کانی پیاوان، بۆ نۆێژکردنو مزگەوتو پاشانیش زیادەکەی بۆ ماڵانو باخە هەنجیر بەکاردەهێنراو ئێستا تەنیا بۆ کشتوکاڵ بەکاردەهێنرێت.
کارێزی محەمەد قادر -حەمەی قایەر چاوەش- کارێزی ماڵی حەسەنۆکە، کارێزی سادق، کارێزی کانی درێژ، کارێزی کانی پلوسک، کارێزی کانی نزرگە، کارێزی مەحموود و کارێزی کانی قوڵەرەش کە ئێستا وشکی کردووە، ژمارەیەک خێزان لەم گوندەدا بژێوی ژیانیان لەسەر بەخێو کردنی وڵاخو مەڕو ماڵاتە. کە ژمارەی وڵاخ لەم گوندەدا دەگاتە نزیکەی 500 سەروو و زیاتر لە 2150 سەر مەرو و بزن، ئەم ژمارەیە لەپێش ڕاگواستندا پێنج هێندەی ئێستا بووە.
بۆ خواردنەوەش پڕۆژەی ئاوو تۆڕی ئاویان بۆ کراوە لەسەر بیری ئیرتوازی، بەڵام بەداخەوە ئەم پڕۆژەیە ئێستا بەرەو لەکارکەوتن دەچێت، چونکە زۆربەی ماڵەکان لەسەروو تانکی ئاوەکەوە دروست کراوەو تەنکیەکەش لەسەر زەوی دروست کراوەو بەرز نییە، بەو پێیە ماڵەکانی سەروو تەنکیەکە بەسەتڵ دەبێ ئاو ببەن. قوتابخانەی قەرەچەتان تا پۆلی شەشی سەرەتایی تێدا دەخوێنرێتو بۆ ناوەندیو دوا ناوەندی قوتابیەکانیان ڕوو لەناوەندی پیرەمەگروون دەکەن. هاوکات هەرچەندە ڕێگەی قەرەچەتان خۆڵو ناخۆشە، بەڵام خەڵکەکەی دڵخۆش بوون بەوەی کە بڕیاری قیرتاوکردنی جادەکەیان بۆ دەرچووەو بڕیاریشە بەم زوانە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.