راگەیاندنی کۆتایی لێژنەی لێکۆلینەوەی رووداوەکانی پارێزگای دهۆک
🎵 Teokset
راگەیاندنی کۆتایی لێژنەی لێکۆلینەوەی رووداوەکانی پارێزگای دهۆک
دوا بەدوای ئەو رووداوانەی کە لە ناوچەکانی دهۆک و زاخۆ روویاندا و بووە مایەی زەرەر و زیانێکی زۆر، کە سەرئەنجام کۆمەلێک جێگاو شوێنی گەشتیاری، مەیفرۆشتن و مەساج و هەندێک بارەگای یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لەو پارێزگایە سووتێنران،
لەسەر فەرمانی بەرێز سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لێژنەیەک پێک هێنرا بۆ لێکۆلینەوە لەو رووداوانە، لە دوای دەرچوونی فەرمانەکە لێژنەکە لە رێکەوتی 03-12-2011 دەست بە کاربوو. سەرەتا لێژنەکە سەردانی ناحیەی قەسرۆکی کرد و لەگەل بەرپرسانی دامودەزگاکانی ئیداری و ئەمنی کۆبووەوە و زانیارییەکانیان لێ وەرگیران، هەروەها زانیاریش لە بەرپرسانی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستانە وەرگیراو و لێژنەکە و بەرپرسانی دامودەزگاکانی ئیداری و بەرپرسانی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان سەردانی بارەگا سووتێنراوەکەیان کرد
پاشان سەردانی قەزای زاخۆ مان کرد و بۆ هەمان مەبەست لەگەل دامودەزگا ئیداری و ئەمنییەکانی ئەو شارە کۆبووینەوە و دواتر چاومان کەوت بە بەرپرسانی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لەو شارە و سەرجەم زانیارییەکان کۆکرانەوە و دواتر هەمووان سەردانی سەرجەم ئەو شوێنانەمان کرد کە سووتێنرابوون و زەرەریان پێگەیشتبو
هەروەها لێژنەکەمان سەردانی پارێزگای دهۆکی کرد و لەگەل پارێزگار و دامودەزگای ئیداری و ئەمنییەکان کۆبووینەوە و چاومان کەوت بە بەرپرسانی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لە شاری دهۆک، سەرجەم زانیارییەکان کۆکرایەوە و دواتر هەموو ئەو شوێنانەمان سەردان کرد کە پەلاماردرابوون و سووتێنرابوون.
دواتر سەردانی قەزای سێمێل و گوندی سێجێ مان کرد و لەگەل بەرپرسانی ئیداری و ئەمنی و بەرپرسانی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لە شوێنانە کۆبووینەوە و دواتر سەردانی سەرجەم شوێنە زەرەرلێکەوتووەکا مان کرد و تەوای زانیارییەکان لە سەر ئەو رووداوانە کۆکرانەوە.
هەروەها سەردانی ناحیەی زاویتە مان کرد و لەگەل بەرپرسانی ئیداری و ئەمنی کۆبووینەوە و زانیارییەکان کۆکرایەوە
هەموو ئەم زانیاریانە کرا بە راپۆرتێک و پێشکەشی بەرێز سەرۆکی هەرێمی کوردستان کرا.
دوابەدوای ئەو راپۆرتە و هەلسەنگاندنی لیژنەکە لەسەر راپۆرتەکە و لەسەر ئەو زانیاریانەی کە کۆکراونەتەوە، گەیشتینە ئەم ئەنجامانەی خوارەوە :
1- لە دوای ئەو زانیاریانەی کە کۆکرانەوە بۆمان دەرکەوت کە هاندان هەبووە، لە لایەن هەندێک لە سایت و کەنالی راگەیاندن و هەندێک لە کەسانی سەر بە یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لەو ناوچەیە.
2- لە دوای ئەو زانیاریانەی کۆکرانەوە بۆمان دەرکەوت کە کەمتەرخەمی ئیداری و ئەمنی لەو ناوچانە هەبووە بۆ کۆنترۆلکردنی بارودۆخەکە.
3- لە ئەنجامی ئەم رووداوانە دا، کاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا، بەرامبەر بە بارەگاکانی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان،کە کە متەرخەمی بەرچاو دەبیندرێت لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ کۆنترۆل نەکردنی لایەنگرانیان لە هێرش کردنە سەر بارەگاکانی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان.
4- هەروەها بۆمان دەرکەوت کە زیانی گیانی لەو رووداوانە نەبووە، بەلام هەندێ لە کارمەندانی دامودەزگاکانی ئەمنی و هاولاتیان بریندار بوون. ئەم رووداوانەش کاریگەریان هەبووە لە سەر بارری دەرونی هاولاتیان.
5- پێویستە بریاری کۆتایی لەلایەن دادگاوە بێت و یاسا سەروەربێت و دەست بەجێ چارەنووسی سەرجەم گیراوەکان یەکلایی بکرێتەوە.
هەرکەسێک سکالا یان زانیاری لەسەر ئەو رووداوانە هەبێت، با ئاگاداری دادگا بکاتەوه.
لیژنەی لێکۆلینەوە لە رووداوەکانی شاری زاخۆ و ناوچەکانی پارێزگای دهۆک
25-12-2011
⚠️ Tämä tuote on kirjoitettu (🏳️ کوردیی ناوەڕاست) kieli, klikkaa kuvaketta
avata kohteen alkukielellä!
⚠️ ئەم بابەتە بەزمانی (🏳️ کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی
بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!