محەمەد ئەمین کوڕی حاجی عەبدوڵڵا، کوڕی موعینودەولە، کوڕی حاجی عەبدوڵلا، کوڕی حاجی سە عید، کوڕی حاجی محەمەد ئەمین، کوڕی حاجی عەبدوڵلا، کوڕی حاجی سە عید،کوڕی موعین، کوڕی حاجی مەولانا، لە ساڵی1910ی زایینی(1288ی هەتاوی) لە شاری سابڵاغ لەدایکبووە. تەمەنی پێنج ساڵان دەبێت کە باوکی لە نزیک ماوەت، دەکوژرێت. قۆناغی منداڵی و لاوێتیی ئەو بە دەستکورتی تێدەپەڕێت. دوای چەندێک دەکەوێتە بواری بازرگانی و سەرو سامانێک پێکەوەدەنێت. ساڵی 1931ز (1310هەتاوی) دەگەڵ خاتوو (زارا قادری) خێزان پێکەوەدەنێن. پاش ساڵێک کوڕێکیان دەبێت و ناوی (سولەیمان)ی لێدەنێن. دوای سولەیمان، سێ کچیان بە دوای یەکتردا دەبێت بە ناوەکانی: (فاتمە، پەریزاد و ئامین). دوای سێ کچەکان کوڕێکی تریان دەبێت کە ناوی دەنێن (سەعید)، کە زیاتر بە (خانە)ی بانگدەکەن.
محەمەد ئەمین لە سەفەر بۆ تەورێز و بەردەوامبوونی لە کاری بازرگانی دا، ساڵی 1942 لە شاری تەورێز، دووەمین هاوسەری خۆی هەڵدەبژێرێت کە خاتوو (زەری خانمی) تەورێزی دەبێ. لەو خانمەیش چوار کوڕ و سێ کچی دەبێ بەناوەکانی: (عەبدوڵلا، جەعفەر، نەوید، مستەفا، سورەییا، ڕەعنا، فەریبا).
لە سەردەمی کۆماری کوردستاندا، بەهۆی ناسراویی کەسایەتیی ئەو لە کۆمەڵگای کوردستانی ئەو سەردەمەدا و هەروەها چالاکی سیاسی، لە کابینەی حکومەتی کۆماری کوردستاندا پلەی وەزیری ناوخۆی کوردستانی پێدەدرێت و لە پەیوەندییەکانی دیپڵۆماسی حکومەتی کوردستان و ئازەربایجان و ڕوسەکان، بەڕێوەبەرایەتیی کاری میوانداری و پێڕاگەیشتن وەئەستۆ دەگرێت. لە ڕاستیدا قورسایی پێڕاگەیشتنی میوانانی دەرەکی دەکەوێتە سەرشانی بنەماڵەی ئەو. لەم پەیوەندییەشدا ئەرکی سەرشان و خزمەت بە کوردستان کردنی خێزانی میرزا محەمەد ئەمین، واتە زاراخانمی خێزانی لە هی مێردەکەی نامێنێتەوە و دەکرێ بگوترێ ئەو شێرەژنە چەشنی پێشمەرگەیەکی ماندوونەناس بۆ بەڕێوەبردنی ئەرکی سەر شان تێکۆشاوە.
کاری میوانداریی بنەماڵەی موعینی وەک ئەڤینێکی ڕاستەقینە بووە بۆ کوردستان. چونکە لە بری میواندارێتی و خزمەت بە دیپڵۆماتەکانی ئازەر و ڕووس، هەر نەک هەرگیز هیچ جیرە و پاداشێکی لە حکومەتی کوردستان وەرنەگرتووە، بەڵکە لە باری ئابوورییەوە یارمەتیدەری حکومەتی کوردستانیش بووە. میرزا محەمەد ئەمین خۆی گوتەنی، بۆ بەرەوپێشبردنی کار و باری ولات و بۆ خزمەت بە کوردستان و گەیشتن بە ئامانجی نەتەوەیی، خۆی و بنەماڵەکەی هەموو هەنگاوێکی پێویستیان هەڵێناوەتەوە بەبێ چاوەڕوانیی باری مادی. ئەوەی کە لە حکومەتی کوردستان وەری گرتووە، تەنیا یەک (تمەن)ی کاغەزی بووە کە لە دەستی پێشەوای وەرگرتووە و لە هەموو تەمەنی دواییشیدا ئەو تاک (تمەن)ەی پاراستووە. جار جاریش بە شانازییەوە ئەو تاک تمەنەی بە ماڵ و منداڵەکانی نیشانداوە و فەخری پێوە کردووە. گەلێک جاران خۆی بە ژن و منداڵانی خۆی گوتووە کە ئەو تمەنە لە هەموو گەنج و سامانی دنیا بەرزترە و وەک متفەڕک و بەرەکەتێکی پیرۆز بەلای منەوە هەر دەبێ بمێنێت، چونکە ئەوە پاداشی خزمەتەی خۆمە و یادگاری دەستی پێشەوای نەمرمانە.
لە دانیشتنەکانی خۆماڵیدا گەلێک جار بە منداڵەکانی دەگوت:
(ڕۆڵەکانم! هەتا لە دەستتان دێت و دەتوانن، بەبێ چاوەڕوانی لە مزی و موچەخۆری، خزمەت بە وڵاتەکەتان بکەن و هەردەمیش هەوڵبدەن گەل و وڵاتەکەتان پێشکەوێ و ئەوەندەی لە دەستتان دێت لە دووبەرەکیی خۆ بپارێزن. پێشکەوتووتن و یەکگرتنی خەڵک، سەربەستی و سەربەخۆیی وەدیدێنێ. ئەمەش بزانن کە دوژمنانتان فێڵبازن و لە نەزانی ئێوە کەڵک وەردەگرن بۆ گوراندنی دوژمنایەتیی ناوخۆ و پێکەوە بەشەڕدانتان...).
محەمەد ئەمین موعینی لە سەرەتای گەنجی و لاوییدا تێکەڵ بە چالاکیی کۆمەڵەی (ژ. ک) دەبێت و بەپێی گوتەی خۆی و باسکردنی زانایی (حوسێنێ زێڕینگەران)، دەبێ لە ژێر گارێگەریی ئەو کەسایەتییەوە ڕاکێشرابێتە نێو هەڵسووڕانی سیاسیەوە.
دوای ڕوخانی کۆماری کوردستان، محەمەد ئەمین موعینی وەک زۆربەی لێپڕسراوان و کاربەدەستانی کۆمار، بۆ ڕاگرتنی یادگارەکانی کۆمار و بۆ پاراستنی گیان، خۆ حەشاردەدەن، بەڵام بە بیستنی لە سێدارەدانی پێشەوا و ڕابەرەکانی دیکەی کۆمار، لە پەناگا دێنەدەر و بوێرانە دەچنەوە ماڵ. ڕژێمی پاشایەتی هەموو بگێڕان و کاربەدەستانی کۆمار دەگرێت و زۆربە یان حوکمی لەسێدارەدانیان بۆ دەردەچێت. بەڵام چونکە ئەوان گەندەڵیی حکومەتی ئێرانیان لەمێژ بوو ناسیبوو، بە ڕازی کردنی کاربەدەستانی حکومەتی ئێران و دانی پارە و بەرتیل، حوکمی لەسێدارەدانیان شکاند و کەوتنە بەندیخانە و بە زیندانیی هەتا مردن مەحکوم کران. محەمەد ئەمین موعینی سێ ساڵ لە بەندیخانەکانی مەهاباد، ورمێ و تەورێزدا مایەوە و دواییش بۆ شاری شیراز دوور خرایەوە. دیسان توانی ئەو حوکمەش بکڕێتەوە و لە بری چوونی بۆ شیراز، لە تاران نیشتەجێبوو. لە تاران دوکانێکی کوتاڵفرۆشتنی کردەوە، بەڵام بەهۆی تاسەی زاراخانم و ئارەزووی منداڵەکانیان بۆ گەڕانەوە، ناچار لە ساڵی 1950دا گەڕانەوە مەهاباد. لەوێ بۆ وەدەستهێنانی بژیوی ژیانی خۆی و ماڵ و منداڵانی، دەستی بە کار کردەوە، بەڵام هەمیشە لەژێر چاودێریی کاربەدەستانی حکومەتی حەمە ڕەزاشادا بووە. بە گوتەی خۆی، هەتا کەمێک بار و دۆخی سیاسی تووشی نالەباری دەهات، ئەو یەکەم کەس بووە کە کەوتوەتە ژێر چاودێری و جار جاریش کەوتوەتەوە بەندیخانە.
ساڵی 1978 کاتێک ڕژێمی حەمە ڕەزاشا بەرەو ڕوخان و مەرگ دەچوو. محەمەد ئەمینی موعینی ئەگەرچی پیاوێکی بە جەرگ و بوێر و دڵگەرم بە شۆڕش بوو، بەڵام زۆرجاران بە کوڕان و کچانی دەور و بەری دەگوت کە چەک و چۆڵ و شەڕ و نا ئارامی، سەرکەوتن بە گەل نابەخشێت، بەڵکو شێوەکاری شۆڕشگێران لەم سەردەمەدا دەبێ لە ڕێگای بەرزکردنەوەی پلەی ڕامیاری و زانیاری فەرهەنگیی کۆمەڵگا بێت. تەنانەت زۆرجاران دەیگوت: (ئێمەی کورد دەبێ بە دۆست و دوژمن ڕابگەیەنین و پێیان ئیسبات بکەین کە کورد نەتەوەیەکی ئاشتیخواز و ئازادیخوازە و بەرابەریی مافی هەموو گەلان ستراتیژیی خەباتەکەیەتی).
محەمەد ئەمین موعینی لە ڕۆژی چوارشەممە 25-12-1991 (4/10/1370هەتاوی) ماڵاوایی لە گەل و نیشتمانەکەی کرد و ئاواتی وەدی نەهاتووی بردە ژێر گڵ.