سێفەزەمینی، سێوەعەرزیلە، سێوک، سێڤک، یەرەلماسی، سێف زەمینی، سێوەزەمینی، گیایەکی چەند ساڵەیە لە تیرەی "باینجانەکان" Solanées، گەڵاکانی بڕاوبڕاو و گوڵەکانی چەرموو یان بەنەوشن و لاسکەکەی زۆر هەیە و بەرزیەکەی ئەگاتە 60 سم، گیا و گوڵەکەی زۆر ژەهراوین، بەڵام لە ژێرەوە لە بن زەویدا سەلکێکی ڕەنگ سەوز یان سەوزی مەیلەو زەردی هەیە کە بۆ خواردەمەنیی مرۆڤ زۆر پێویستە، دەستە و تاقمی پەتاتەش لە ڕووی ڕەنگی گوڵ و پێستی سەلکی پەتاتەکەوە دابەش کراون. فکول (لە ڕوانگەی شیمیایەوە هەمان نشاستەی پێ ئەڵێن کە وەک گەردێکی سپی لە دانەوێڵەی وەک گەنم و جۆ و برینج و.. دەگیرێ، کە لە پەتاتەدا فکولی پێ دەڵێن) و ڤیتامین Cی زۆری تێدایە، بەتایبەتی بە گەرمی. ئەم گیایە بە چەند پلە دابەش دەکرێ، وەک زوو ڕەس، وەخت ڕەس و دێر ڕەس. لە پەتاتە زۆر چێشت و خواردمەنی دروست دەکرێ و بۆ ساز کردنی ئەلکولیش کەڵکی کێ وەر ئەگرن. بە فەرانسەیی Pomme de terre ی پێدەڵێن. بۆ زانیاری زۆرتر چاو لە "پەتاتە لە کوێوە هاتووە؟" لە بەشی مێژووی گیا، دا بکە.