یان محەمەد ئەمین عەلی بەدرخان لەساڵی 1851 لە دوورگەی "Kreta" لەدایکبووه. ئەم کەسایەتییە بەناوبانگەی بەدرخان بەیەکێک لە داکۆکیکەران و چالاکەوانەی چارەنووسی کوردی دەناسرێت و هاوکات دادپەروەرێکی ناسراوبووه.
بەدرخان بەگی باوکی لەساڵی 1847دا سەربەخۆی بۆتان ڕادەگەێنێت، بەڵام بەهۆی ناپاکی برازاکەیەوه، "Yezdanşêr"، شکست دەهێنێت و عوسمانییەکان خۆی خێزانەکەی بەرەوو ئەستنەبوول ڕاپێچ دەکەن، دواتر بۆ دوورگەی "Kreta" دووریان دەخەنەوه. ئەمین عەلی یەکێک لەو حەوت کوڕەکەی بەدرخان بەگ بووه. ناوبراو توانیوێتی بە عەرەبی، فەڕەنسی، کوردی و تورکی بنووسێت و ئاخافتن بکات.
ئەمین عەلی خوێندنی یاسا لە زانکۆ تەواو دەکات و دواتر وەک پارێزەر و دادوەر لەچەند شوێنیکی جیاوازدا کار دەکات. لەساڵی 1906دا بەهۆی گومانی تێوەگلان لە کوشتنی "ڕەزوان پادشا" خۆی و خێزانەکەی بۆ "Isparta" و "Akkon" دوور دەخرێنەوه. پاش شۆڕشی گەنجە تورکەکان و لابردنی سوڵتان عەبدولحەمەیدی دوو لەساڵی 1908دا ڕێگا بە ئەمین عەلی دەدرێت، بۆ ئەستەنبوول بگەڕێتەوه.
لەساڵی 1908دا بەهاوکاری لەگەڵ ڕۆشنبیران و زادەکاندا ڕێکخراوێکی ڕامیاری بەناوی "Kürt Teavün ve Terakki Cemiyeti" (=کۆمیتەی کوردی بۆ یارمەتیدانی یەکتری و پێشکەوتن) دادەمەزرێنێت. لێرەوە کار لەگەڵ "Seyyit Abdülkadir" دەکات. ناوبراویش لە خانەوادەیەکی دەستڕۆیشتووە سەرچاوەی گرتووه. پاش تێپەڕبوونی چەند کاتێک ڕێکخراوە ڕامیارییەکە هەڵدەوەشێنرێتەوه. لەساڵی 1918دا ئەمین عەلی و سەید عەبدولقادر ڕێخکراوێکی نوێ بەناوی "Kürdistan Teali Cemiyeti" (=کۆمەڵەی بڵندبوونی کورد) دادەمەزرێنن.
بەتێپەڕبوونی کات ناکۆکی لەنێوان ئەمین عەلی و سەید عەبدولقادر دەردەکەوێت: سەید عەبدولقادر هەوڵی بەدەستهێنانی سەربەخۆی کوردستان لەنێو ئێمپڕاتۆرێتی عوسمانی دەدات، ئەمین عەلی هەوڵی دامەزراندنی وڵاتێکی سەربەخۆی تەواوی کورد دەدات. ئەم ناکۆکییە لەساڵی 1920دا دەبێتە هەڵوەشاندنەوەی "Kürdistan Teali Cemiyeti". دواتر ئەمین عەلی ڕێکخراوێکی تایبەت بەخۆی بەناوی "Kürt Teskilat-i Içtimaîye" (=ڕێکخراوی کۆمەڵایەتی کوردی) دادەمەزرێنێت.
سەرەڕای هەستی نەتەوایەتی بۆ کورد و کودرستان ئەمین عەلی خۆی وەک عوسمانییەک دەبینێتەوە و بەشداری پارتی عوسمانی وەک "Ahrar Fırkası" (=پارتی لیبرالی) یان "Hürriyet ve İtilaf Fırkası" (=پارتی سەربەخۆ و یەکێتی) دەکات. ئەم دوو پارتەش وەک پارتی ئۆپۆزیسیۆن دژی "إتحاد و ترقی جمعیتی" کار دەکەن. ئەم پارتەش لە کۆمەڵێک گەنج پێکهاتبوو و لەساڵی 1908دا بەشداری کودەتایان دژی عەبدولحەمەیدی دوویان کردبوو و تا ساڵی 1918 لە دەسەڵاتدا مانەوه. جینۆساید دژی ئەرمەنییەکان بەهۆی توندڕەوی ئەم پارتەوە بووه.
کاتێک جەنگی جیهانی یەکەم کۆتایی هات و عوسمانییەکان شکستیان هێنا و "موستەفا کەمال" دەسەڵاتی گرتە دەست. بەدەستێکی پۆڵاین تورکیا دامەزراند، ئەمین عەلی هیوای بە دامەزراندنی وڵاتێکی سەربەخۆ بۆ کورد نەما و هەربۆیە بڕیاریدا، پاڵپشتی یۆنانییەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی کەمالییەکان بکات.
لەساڵی 1919دا لەسەر فەرمانی دەسەڵاتدارانی ئەستەنبوول لەگەڵ کوڕەکانیدا، پارێزگاری "Harput" و ئەفسەری بەریتانی "Edward W. C. Noel" بەرەوو "Sivas" بڕۆن، تا کۆنگرەکە "مستەفا کەمال" تێکبدەن و دواتر دەستگیری بکەن. بەڵام ئەم کارە بەئەنجام نەگەیشت و ساڵی 1923 پێش دامەزراندنی کۆماری تورکیا وڵاتی بەرەوو میسر بەجێهێشت. ساڵی 1926دا لەوێ ماڵئاوایی لە ژیان کرد.
لەپاش خۆی چەند منداڵێکی بەجێهێشت، لەوانەش: جەلادەت، کامەران، سورەیا، کە هەرهەموویان کاریگەری بەرچاویان بۆ خەباتی ڕزگاری گەلی کورد هەبووه.