یەکێکە لەو ڕێکخراوە پیشەییانەی ڕۆڵێکی دیار و درەوشاوەی لە خزمەت کردنی کاروانی ئەدەبی و ڕووناکبیری کوردیدا هەبووە.
هەمیشە لە بەرەی گەل و نیشتماندا بووە و هەردەم داکۆکی لە مافە ڕەواکانی گەلی کوردستان کردووە.
پاش هەوڵ و هیمەتی دەستەی دامەزرێنەری ئەم ڕێکخراوە (د. #عیزەدین مستەفا ڕەسوڵ#، د.#نەسرین فەخری#، د.#کاوس قەفتان#، د.#ئیحسان فوئاد#، د.#مارف خەزنەدار#، #جەمال بابان#، #خالید دلێر#، #محەمەدی مەلا کەریم#، #حسێن عارف#، #کاکەمەم بۆتانی#، #نوری عەلی ئەمین#) ، لە ڕۆژی 10-02-1970 ڕێکخراوەکە مۆڵەتی ڕەسمی کارکردنی وەزارەتی ناوخۆی ئێراق وەرگرت و هاتە مەیدانی کار و خزمەتی ئەدەبی و ڕۆشنبیرییەوە. ئەگەرچی ئەم ڕێکخراوە ڕێکخراوێکی پیشەیی شار بوو، بەڵام ڕێکخراوێکی تێکۆشەر و بەهەڵوێست بووە و هەردەم لەگەڵ هێڵی شۆڕش و بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلی کوردستاندا بووە و لەو پێناوەشدا قوربانی زۆری داوە و چەندین قەڵەمی بەهەڵوێستی ئەو ڕێکخراوە تووشی گرتن و ڕاونان بوون و بەشێک لەو قەڵەمانە لە کۆڕی خەباتی شار و شاخدا گیانی خۆیان بە ئازادی کوردستان بەخشی.
ڕژێمی بەعس وەک ڕێکخراوێکی یاخی سەیری یەکێتیی نووسەرانی کوردی دەکرد، هەر بۆیەش لە ساڵی 1980 هەڵی وەشاندەوە و کردی بە بەشێک لە ڕێکخراوی (ئەدیبان و نووسەرانی ئێراق) .
بەوەش ئەو یەکێتییە هەڵوەشایەوە، بەڵام نووسەرانی خاوەن هەڵوێستی هەر لە بەرەی گەل مانەوە و قەڵەمەکانیان لە خزمەتی شۆڕش و پێشمەرگە بوو، بە ناوی نهێنی لە بڵاوکراوەکانی یەکێتیی نووسەرانی کوردستان لە شاخ بەرهەمەکانیان بڵاو دەکردەوە.
لە دوای ڕاپەڕینی ئازادی، جارێکی تر یەکێتی نووسەرانی کورد دامەزرایەوە و هاتەوە مەیدانی تێکۆشانی ئەدەبی و ڕووناکبیری و تا ئێستا بەردەوامە.
یەکێتیی نووسەرانی کورد لە مێژووی پڕ شکۆی 46 ساڵی تەمەنیدا خزمەتێکی زۆری کردووە و خاوەنی خەرمانێک دەستکەوتی ئەدەبی و ڕووناکبیرییە.
This item has been written in (کوردیی ناوەڕاست) language, click on icon
to open the item in the original language!
ئەم بابەتە بەزمانی (کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی
بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!
This item has been viewed 19,151 times
Write your comment about this item!