ڕۆژی 15-11-2010، ژنێکی تەمەن 21 ساڵی کورد بە نێوی ژیان لە شاری یۆتۆبۆری لە سوید، لەلایەن باوکییەوە، دەدرێتە بەر چەقۆ و دەکوژرێت.
هۆکاری کوشتنی ئەو ژنە کوردە بە پێی ڕاگەیاندنی سویدی، دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە گوایە بە قسەی باوکی ژیان، شەرەفی ئەوی لەکەدار کردووە. بە گوێرەی ڕاپۆرتێک کە لە ڕۆژنامەی ئێوارانی ئافتونبلادتدا بڵاوکراوەتەوە، ڕاوبۆچوونی جیاواز دەربارەی ژیانی ئەو ژنە کوردە هەیە، هاوڕێکانی دەڵێن کە ئەو ژنێک بووە ژیانی لە خۆشیدابووە بەڵام لەلایەن خانەوادەکەیەوە بەتوندی کۆنترۆڵ دەکرا. بەڵام برایەکی ژیان، ڕەشید ڕەتیدەکاتەوە و دەڵێت ئەوانە هەمووی قسەی قۆڕن، ژیان بۆ خۆی دەژیا و ئێمە هیچ کاتێک هیچ شتێکمان بەسەردا نەسەپاندووە.
دوای کوشتنی ژیان، بکوژ واتە باوکی ژیان خۆی دەچێت بۆ پۆلیسخانەی شاری کاترینەهۆڵم و پیێاندەڵێت کە کچەکەی خۆی کووشتووە، ئێستا ئەو بەتاوانی کوشتن گیراوە و پارێزەرەکەی دەڵێت کە ئەو ددانی بەتاوانەکەیدا ناوە و وتوویەتی بەهۆی لەکدارکردنی شەرەفمەوە کوشتومە.
مێردە کۆنەکەی ژیان کە پێشتر لەیەک جودابوونەتەوە و لەکاتی تاوانەکدا لە دەروەی سوید بووە، دەڵێت من هێشتایش ناتوانم لەوە تێبگەم، ئێمە هەموومان هەر دەمرین بەڵام بەم شێوەیە نا. براکانی ژیانیش بەتوندی دژی ئەو کارە خراپەن کە باوکیان کردوویەتی و دەڵێن کە بەهیچ شێوەیەک لێی خۆش نابین.
زۆربەی هاوڕێکانی ژیان، ئەو وەکوو کەسێکی دڵخۆش و میهرەبان وەسف دەکەن و لەگەڵ ئەوەی کە بەقسەی ئەوان هەمیشە لەژێر کۆنترۆڵدا بووە بەڵام کەسێک بووە کە بە بەردەوامئ ئەوانی دەهێنایە پێکەنین.
بە قسەی مێردە کۆنەکەی کە پێش 3 ساڵ بووبوونە هاوسەری یەکتری، ژیان لەگەڵ کەسێکی دیکەدا دەستیتێکەڵاو کردووە، بەڵام لە مەحکەمەدا لە کاتی جیابوونەوەیاندا، ژیان وتبووی ئەو قسانە هەموو هەڵبەستراون و لەو ڕوانگەیەوە دەکرێن کە پیاوێکی دراوسێیان جارێک بە ئۆتۆمبیل گەیاندوویەتەوە ماڵەوە.
چیرۆک و بەسەرهاتی ژیان گێڕانەوەی جۆاروجۆریان لەسەر دەکرێت، بەڵام زۆربەی ئەوانەی کە ڕۆژنامەی ئافتونبلادت قسەی لەگەڵ کردوون ئەویان وەکوو ژنێک کە زۆر گیرۆدەی کوڕە دووساڵەکەی ببوو و بۆ ئەو دەژیا وەسف کردووە. بەداخەوە ئەم بەسەرهاتە تراژیدیە، ئەم تاوانە دڕندانەیە، جارێکی دیکە دەرگا لەسەر کوشتن لەسەر نامووس دەکاتەوە لە سوید، چونکە ئەوە یەکەمجار نییە کە ژنێکی کورد بەدەستی کەسووکارەکەی دەکوژرێت.[1]