لە شاری
سلێمانیسلێمانی لەگەڕەکی
چوارباخچوارباخ لەساڵی (1942) لە خێزانێکی کرێکار و زەحمەتکێش ونەدار لەدایکبووە، بەڵام عومەر نەیتوانیوە تەمەنی خۆشی منداڵی و بەها جوانەکانی منداڵی لەسلێمانی بەسەر بەرێت، بەهۆی ئەو بارودخە ناهەمووارەی دوای جەنگی جیهانی دووەم کە نەهامەتی و قات و قڕی کەبەسەر جیهاندا باڵی کێشاو خانەوادەی ئەو هونەرمەندەش کەوتنەبەر شەپۆلی ئەو بەدبەختی و نەبوونیە، باوکی لەپێناو دابینکردنی نان و ژیان بۆ خۆی و خێزان و منداڵەکانی، ڕوو دەکاتە شاری
هەڵەبجەهەڵەبجە، ئەو شارەی بەشاری شاعیران و هونەرمەندان و ڕووناکبیران ناسراوە، لەوێ درێژە بەژیان دەدەن، عومەر ڕەزا لە هەڵەبجە دەچێتە قوتابخانە، لە قوتابخانەی هەڵەبجەی سەرەتایی دەخرێتە بەر خوێندن و فێربوونی ئەلف و بێی کوردی، بەڵام لەو قوتابخانەیە عومەر ڕەزا بەهرەی دەنگخۆشی تێدا بەدی دەکرێت ئەویش بەهۆی مامۆستای ئەدیب و هونەرمەند (عەلی شەونم)، (ع، ع، شەونم).
مامۆستا عەلی شەونم کەسەرپەرشتیاری تیپی سروودی قوتابخانەی هەڵەبجە بووە، بەهەست و سۆزی هونەرییانەی خۆی درکی بەبەهرەی دەنگ خۆشی عومەر ڕەزا کردووە، هەوڵی لەگەڵدا داوە و لەتیپی سروودی قوتابخانەی هەڵەبجە دایناوە و بەیانیان عومەر ڕەزا لەگەڵ هاوڕێ قوتابیەکانی بەدەنگێکی خۆش سروودە ڕەسەنە نەتەوەییەکانی گەلەکەمانیان خوێندووە، وەک (خۆشم ئەوێ وڵاتەکەم، ئەی ڕەقیب، ئەی دلێران، خوایە وەتەن ئاواکەی، .....تاد)
ئەو بەردەوامییەی عومەر ڕەزا لەناو تیپی سروودی قوتابخانەی هەڵەبجە زیاتر مامۆستا عەلی شەونمی هانداوە کە گرینگی زیاتری پێبدات، تا ئەو جێگەی ئەو مامۆستا هونەرمەندە دوو گۆرانی بۆ عومەر ڕەزا ئامادەبکات لەهەڵبەست و ئاوازی مامۆستا عەلی شەونم خۆی بووە، داویەتی بە عومەر تا بیخوێنێ، گۆرانیەکانیش بریتی بوون لە (هاتم هاتم، پەڵپو بیانووم پێ مەگرە) ئەو گۆرانیانە دەکەونە سەر زاری هاوڕێکانی و خەڵکی و جێگەی خۆشی و داخوازی خەڵکی دەبن
بەمشێوەیە عومەر ڕەزا بەردەوام دەبێت لەخوێندن و ژیان لە شاری هەڵەبجە، تا ساڵی (1957) بەماڵەوە دەگەڕێنەوە شاری سلێمانی و هەڵەبجە بەجێدێڵن، بەڵام ئەمجارە لەگەڕەکی (سەرچیمەن) ی شاری سلێمانی نیشتەجێ دەبن،
ئەو گەڕانەوەیە بۆ عومەر دەبێتە هۆی دەستبەرداربوونی لە خوێندن بەهۆی سەختی ژیان و ناچار لەگەڵ باوکیدا شان دەداتە بەر کرێکاری و دەبێتە کرێکار لە دروستکردنی کارگەی جگەرەی سلێمانی، بەڵام لەگەڵ ناڕەحەتی ژیان و ئەو ئەرکە گرانەی سەرشانی، بەڵام دەست بەرداری هونەری گۆرانی وتن نابێت و هەمیشە لەخەمی ئەوەدا دەبێت کە گەشەبەهونەری گۆرانی گوتن بدات، ئیستگەی کوردی بەغدا کاریگەری زۆری لەسەر بیسەران و هەوادارنی میوزیک و گۆرانی دانابوو عومەر ڕەزا لەپێناو ئەوەی کە هونەرەکەی لەڕێگەی ئەو ڕادیۆیەوە بگەیەنێتە گوێگر لەساڵی (1958) عومەر ڕەزا ڕوو دەکاتە شاری بەغدا لەوێ بەڕێکەوت (خەلیل عەبدوڵڵا و ئەحمەدی شێخاڵی و هونەرمەند شەماڵ ێائیب) دەبینێ و زۆر خۆش حاڵ دەبێت بە دیتنی ئەو کەسایەتیانە، دوای باس و خواسی هونەری داوای گۆرانی لێدەکەن و عومەریش گۆرانیان بۆ دەچڕێ، ئەوانیش سەرسام دەبن بەدەنگی و بڕیاردەدەن لەگەڵ خۆیان بیبەن بۆ ئیستگەی کوردی،
کاتێک دەیبەنە ئیستگە لەوێ وەریدەگرن و ناوی دەنووسن بە (عومەر ڕەزا) ناوی (حەمە) کەی لێدەکەنەوە، لەو کاتەوە بە (عومەر ڕەزا) نێوبانگی دەرکردووە، لەئیستگەی کوردی بەغدا ئەو دوو گۆرانیەی کە مامۆستا (ع، ع، شەونم) لەشاری هەڵەبجە بۆی ئامادەکردبوو، لەوێ لەگەڵ تیپی موزیکای ڕادیۆ، بەمیوزیکەوە دەیانخوێنێ،
هونەرمەند عومەر ڕەزا دەڵێت (من خۆم هەستم بەو بەهرەی دەنگخۆشیە نەئەکرد کە لەمندا هەیە بەڵام مامۆستای گەورەو پیرۆزم (ع، ع، شەونم) ئەو بەهرە هونەرییەی لەمندا بەدی کرد ئەو گۆرانیانەی بۆدانام، بەڵام کاتێک چوومە بەغدا و لەئیستگە ئەو گۆرانیانەم بەمیوزیکەوە خوێند، تام و چێژێکی زۆری هەبوو، هەستم بەخۆشی و دونیایەکی گەورە دەکرد و لەخۆشیدا گەشکە ئەیگرتم)
دوای تۆمارکردنی ئەو گۆرانیانەو بڵاوبوونەوەیان لە ڕێگەی ئیستگەی کوردی بەغداوە، دەبێتە جێگەی خۆش حاڵی خەڵک و زیاتر بووە هۆی ناساندنی عومەر ڕەزا لەنێو خەڵکیداو بەهۆی ئەو ڕادیۆیەوە دەنگی عومەر ڕەزا سنوری بەزاندوو لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش نێوبانگی دەرکرد،
ئەو سەردەمە لەشاری سلێمانی گۆرانیەکانی عومەر ڕەزا ڕۆژ بەڕۆژ لەنێو جەماوەردا دەنگی دەدایەو و خەڵکی پێی ئاشنا دەبوون، لەهەمانکاتدا تیپی موزیکای مەولەوی بەسەرپەرشتی هونەرمەندی گەورە (قادر دیلان) کارە هونەرییەکانیان ئەنجام دەدا، هەروەها هەردوو هونەرمەند لەیەک گەڕەکدا دەبن و هاوسێی یەکتریش دەبن، هونەرمەند قادر دیلان عەمەر ڕەزا دەبات بۆ تیپی موزیکای مەولەوی، لەوێ بەم هونەرمەندانەی دەناسێنێ وەک (
ولیەم یوحەنناولیەم یوحەننا، نەجاتی عەبدە (نای ژەن)، حازم حەداد (عود ژەن)، هادی عەنبەر (کەمانچە ژەن)، حاتەم سەعید (ئیقاع)، بەهجەتی سەعاتچی و خاڵە حەمەفەرج و چەند کەسایەتیەکی تر وەک لەتیف حەمدی) (یادیان بەخێر)
هەرچەندە هونەر بەگشتی لەو سەردەمەدا جێگەی بایەخ نەبووە لەنێو کۆمەڵگادا ئەویش هۆکاری داب و نەریتی کۆمەڵگا بووە، تەنانەت لەلای هەندێک خێزان و بنەماڵەی ئەو شارە پەسەند نەبووە بەڵکو بەکەمیش سەیرکرا وە، بەڵام ئەو هونەرمەندە بەڕێزانە توانیان بەهەموو شێوەیەک خزمەتی ڕاستەقینەی هونەری کوردی بکەن و بناغەیەک بۆ میوزیک و گۆرانی کوردی دابڕێژن، (هەزار ڕەحەمت لەگڵکۆکانیان)
دوای ئەوەی هونەرمەند عومەر ڕەزا بەتیپی موزیکای مەولەوی ئاشنا دەبێت، و دەکەوێتە کارکردن لەگەڵیاندا، ئەو تێکەڵاوبوونە دەبێتە هۆی تۆمارکردنی چەند گۆرانیەک وەک گۆرانی (لەیارەوە) لە هۆنراوەی شاعیری گەورە (
ئەحمەد هەردیئەحمەد هەردی) یە هونەرمەند قادردیلان ئاوازی بۆ دادەنێت پاشان گۆرانی (دیاری) کە هونەرمەند (نەجاتی عەبدە) بۆی ئامادەکردووە، هەروەها مامۆستای گەورە (ولیەم یوحەننا) گۆرانی (گوڵاڵەی ژیان) ی بۆئامادەکات، بەو گۆرانیانە عومەر ڕەزا زیاتر ناوبانگی دەرکردو ناسرا، یەکێک لەکارە گرینگەکانی تیپی موزیکای مەولەوی کەبەرامبەر هونەرمەند عومەر ڕەزا ئەنجامیان داوە و خودی هونەرمەندیش هەمیشە سوپاسگوزاری ئەو کارە باشەیە، کە تیپی ناوبراو توانیویانە عومەر ڕەزا وەک فەرمانبەر لە فەرمانگەی دارستانی سلێمانی (دائرە غابات) وەک چاودێر دایبمەزرێنن، لەساڵی (1959) لەلایەن ئیستگەی کوردی بەغداوە بانگهێشت دەکرێت، بۆمەبەستی بەشداریکرنی لەئاهەنگی یادی شۆڕشی 14 ی تەمموز، لەهۆڵی ئوتێلی بەغداد، کە چەندین کەسایەتی نیشتمان پەروەری کورد و عەرەب و بەڕێز عەبدولکەریم قاسم ئامادەی ئەو ئاهەنگە بوون،
هونەرمەند عومەر ڕەزا لەهەمان ساڵدا لەئیستگەی کوردی بەغدا بەهاوکاری هونەرمەند (شەماڵ ێائیب) چەند گۆرانیەکی تر ئەخوێنێ، گۆرانی (بۆتۆیە دڵ بۆ تۆیە و تاکەی تاکەی) کەلەئاواز و هەڵبەستی شەماڵ ێائیب بوون،
سەبارەت بە و گۆرانیانە و هاوڕێیەتی و دۆستایەتی لەگەڵ
شەماڵ سائیبشەماڵ سائیب، عومەر ڕەزا بەم شێوەیە دەدوێت :
(هەر لەساڵی 1959 دا بوو ڕۆژێک شەماڵ ێائیب بانگی کردم و وتی وەرە دوو دیاری چاکم بۆ ئامادەکردوویت، بەخوێندنی ئەو گۆرانیانە دەبیت بە (فەرید ئەترەش) (ئەو کاتە فەرید ئەترەش یەکێک بوو لە هونەرمەندە گەورەکانی عەرەب و کاریگەری لەسەر هونەرمەندانی کورد بەتایبەت شەماڵ ێائیب دانابوو) منیش وتم دەستەکانت ماچ ئەکەم کاکە شەماڵ، هەربۆیە کاکە شەماڵ بەعودەکەی خۆی لەئیستگە سووکە پرۆڤەیەکی پێکردم، شەماڵ وتی بڕۆ بەخوا خۆیەتی!!!!!! سبەینێ عەسر وەرە بابەکوێرەکانی لەبەر بکەم و تەسجیلی کەین، مەبەستی کوێرەکان،
(گرووپە میوزیگژەنەکانی ڕادیۆی کوردی بەغدابوو) ئەوەبوو لەکاتی دیاریکراودا کە هونەرمەند شەماڵ ێائیب داینابوو ئەو دوو گۆرانیە تۆمارکراو و بڵاوکرایەوە، دەنگی دایەو و سەرکەوتنێکی گەورەبوو بۆمن)
دوای ماوەیەک هەردوو گۆرانی (ئەرێ لەیلێ و بۆتۆیە دڵ) هونەرمەند شەماڵ ێائیب بەدەنگی خۆی تۆماری کردونەتەوە
لەساڵی (1961) مامۆستای هونەرمەند (لەتیف حەمدی) چەند ئاوازێکی بەتێکستی باش و سەرکەوتوو بۆ عومەر ڕەزا ئامادەکات وەک گۆرانی (یاری چاوکاڵ و گۆرانی ئەڵێم وەک ساماڵ) ئەو گۆرانیانەش دەچنە سەر خەرمانی هونەری عومەر ڕەزا و زیاتر ناوبانگ لەنێوەندی هونەریدا پەیدا دەکات،
بڵاوبوونەوەی ئەو بەرهەمانەو زیاتر ئاشنابوونی دەنگی عومەر ڕەزا لەنێو خەڵکیدا بووە هۆی ئەوەی لەلایەن کۆمپانیای (چەقماقچی) داوالەعومەر ڕەزا بکرێت کە گۆرانی (هاتم هاتم) لەسەر قەوان تۆماربکات بەلاًَم بەشێوازێکی نوێ و کۆرسی کچانی لەگەڵدا دەبێت، ئەوکارە بۆ ئەو سەردەمە زۆر دەگمەن بووە، لەبەرابەر تۆمارکردنی ئەو گۆرانیە لەسەر قەوان کۆمپانیای چەقماقچی بڕی (200) دیناری ئەو سەردەمەی وەک دیاری دەدەنێ، لەناوەڕاستی سەدەی پێشوو هاوشانی کاری هونەری میوزیک و گۆرانی، کاری هونەری نواندن و شانۆ لەبرەودادەبێت و کۆمەڵێک هونەرمەندی بەتوانا کۆمەڵێک کاری باشیان ئەنجام داوە، لەنێوان ساڵەکانی (1960 بۆ 1961) شانۆگەری و ئاهەنگی گۆرانی و میوزیک بەیەکەوە پێشکەشکراون، عومەر ڕەزا وەک هونەرمەندێکی گۆرانیبێژ لەگەڵ تیپی موزیکای مەولەوی لەچەندین ئاهەنگدا لەگەڵ شانۆگەری (بەرەو دوا)، (مەم و زین) و (پیسکەی تەڕپیر) بەشداری کردووە، لەو شانۆگەریانەدا هونەرمەندی شانۆکارو دەنگخۆش مامۆستا (رەفیق چالاک) ڕۆڵی گرینگ و بەرچاوی هەبووە هەروەها یادیان بەخێر (هونەرمەندان ڕەووف یەحیا و ئەحمەد دەنگ گەورە) و لەگەڵ چەندین هونەرمەندی تری شاری سلێمانی لەبواری شانۆدا، هونەرمەند عومەر ڕەزا بەیەکێک لەگۆرانیبێژانی ئیستگەی کوردی بەغداد دێتە ئەژمارکردن، عومەر ڕەزا کەسایەتیەکی بێدەنگ و هونەرمەندێکی هەست ناسک و خۆشەویستی نێو هاوەڵەکانی دەبێت، پەیوەندیەکی پتەو و خۆشی لەگەڵ هونەرمەندانی ئیستگەی کوردی بەغداد دا دەبێت، وەک (مامۆستا عەلی مەردان، تایەر تۆفیق، باکوری، ڕەسوڵ گەردی، شەماڵ ێائیب، محەمەد عارف جزیری و حەسەن جزیری و جەلال کۆچەر....تاد)
دوای تۆمارکردنی ئەو بەرهەمانە، بەهۆی دروستکردنی خێزان و بوونی منداڵ و قورس بوونی ئەرکەکانی سەرشانی و بەهۆی کەمدەرامەتیەوە ئەو هونەرمەندە لە هونەری گۆرانیبێژی دوور دەکەوێتەوە، نەبوونی و سەختی ژیان تەنگی پێهەڵدەچنێ،
لەساڵی (1984) لەسەر داخوازی تەلەفزیۆنی کەرکوک هەموو گۆرانیەکانی هونەرمەند بەشێوەی (پلەی باگ) بۆی تۆماردەکەنەوە، ئیتر عومەر ڕەزا ڕۆژ بەڕۆژ لە هونەری گۆرانیبێژی دووردەکەوێتەوە، درێژە بەژیان دەدات تا ڕاپەڕینە مەزنەکەی ساڵی 1991 وەکو هەرتاکێکی ئەو کۆمەڵگایە خراپی و دژاواریەکانی ژیان زیاتر بەرۆکی پێدەگرن و خەم و کەسەری لەدەستدانی هاوسەری ئەوەش بۆ عومەر ڕەزا خەم و داڕووخانێکی تر دەبێت، عومەر ڕەزا دەبێت بە کارمەندی خزمەتگوزتر لەدیوانی پارێزگای سلێمانی، هونەرمەند بەم شێوەیە باس لە پارێزگاری ئەو کاتەی شاری سلێمانی بەڕێز (سالار عەزیز) دەکات کە شێوازی مامەڵکردنی لەگەڵ عومەر ڕەزادا بە چ شێوەیەک بووە:
(هیچ کات دڵسۆزی و هەستی پاک و بێگەردی و مرۆڤدۆستی کاکە سالار عەزیز لەیاد ناکەم، چونکە ئەو کاتە من فەڕاش بووم زۆر بێ دەرەتان بووم، ئەو بەڕێزە وەک هاوەڵێکی ساکار و سادەی دێرینی خۆی دەست لەملانم دەبوو، هەمیشە هەڵگری خەمەکانم بوو، دڵنەوایی دەکردم و قسەی خۆشی بۆ دەکردم بۆئەوەی خەمەکانم بڕەوێتەوە، بەردەوام هاوکاری ماڵی دەکردم و هیچ کات فەرامۆشی نەدەکردم، هەموو کات چاکە و پیاوەتی ئەو مرۆڤ دۆستەم لەیادە، بەهاوکاری کاکە سالار عەزیز یارمەتی بەڕێز مام جەلال بۆ هونەرمەندان بۆم بڕایەوە و هەموو مانگ وەرم دەگرت)
هونەرمەند عومەر ڕەزا خانەشین دەبێت، و باری تەندروستی ڕۆژ بەڕۆژ ڕوو لە خراپیەو مووچەی ڕێزلێنانیشی بڕاوە لەبەر ئەوەی کە مووچەی خانەنشینی وەردەگرێت، ئایا ئەو مووچەی خانەشینەی کەوەریدەگرێت تۆبڵێی بەشی ژیانی بکات، ئێستا ئەو هونەرمەندە لەژیاندایەو بەڵام باری تەندروستی باش نیە و داواکارم لەسەندیکای هونەرمەندان و یەکێتی هونەرمەندان ئاوڕێک لەو هونەرمەندە بدەنەوەکەڕۆژانێک بوو خزمەتێکی بەهونەری میوزیک و گۆرانی نەتەوەکەمان کردووە، ئومێدی لەش ساغی و سەرفرازی بۆ هونەرمەند عومەر ڕەزا و یادی هەموو ئەو هونەرمەندە کۆچکردووانەی گەلەکەمان بەگشتی بەخێرو ڕووحیان شاد بێت
گۆرانیەکانی هونەرمەند عومەر ڕەزا :
1: هاتم هاتم / لە ئاواز و هەڵبەستی / (ع، ع، شەونم)
2: پەڵپ و بیانووم پێ مەگرە / لە ئاواز و هەڵبەستی / (ع، ع، شەونم)
3: لەیارەوە / ئاوازی / نەجاتی عەبدە.... هۆنراوەی / ئەحمەد هەردی
4: گوڵاڵەی ژیان / ئاوازی / ولیەم یوحەننا
5: یاری چاوکاڵ / ئاوازی / لەتیف حەمدی
6: گۆرانی ئەڵێم وەک ساماڵ / ئاوازی / لەتیف حەمدی
7: بۆتۆیە دڵ بۆتۆیە / لە ئاواز و هەڵبەستی / شەماڵ سائیب
8: تاکەی تاکەی / لە ئاواز و هەڵبەستی / شەماڵ سائیب