رێکپۆش و دەنگخۆش و مەقامبێژی ناسراوی شاری سلێمانی کاکە حەمەی بەکر کوڕی حاجی ئەحمەد ساڵی 1926 لە شاری سلێمانی هاتۆتە دنیاوە. لە منداڵیدا نەیتوانیوە لە قوتابخانە ڕەسمییەکاندا بخوێنێت بەڵام دواتر خۆی فێری خوێندەوارییەکی باش کردووە و بە ئاستێکی وا کە بتوانێ لە کاروباری دنیا و وەزعی میللەتەکەی ئاگادار بێت. لە ڕووی نیشتمانییشەوە کاکە حەمەی بەکر کەسایەتییەکی کوردپەروەر بووەو لە هەموو بزووتنەوە سیاسییەکانی کوردیدا بەشداریی کردووە و دۆستایەتی پتەوی هەبووە لەگەڵ پارتی و حزبی شیوعیدا. چەندین جاریش زیندانی کراوە. بەشدارێکی چالاکی هەموو چالاکییە جەماوەرییەکانی سەردەمی پاشایەتی بووە. شێخ مەحمودی نەمر و مامۆستا برایم ئەحمەد و پیرەمێردی شاعیر و حەمەساڵح دیلان و شێخ لەتیفی حەفید و فایەق بێکەس و شێخ نوری شێخ ساڵح لە هاوڕێ نزیکەکانی بوون.
کاکە حەمە پیاوێکی دەنگخۆش و مەقامزان بوو. ڕۆشنبیرییەکی باشی هەبوو لە جۆر و مێژووی مەقامی عەرەبی و فارسی و کوردییەکان. لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە کەسایەتییەکی قسەخۆش و گوڵی مەجلیسی کۆڕ و کۆبوونەوەکانی جارانی شاری سلێمانی بوو. ساڵی 1959 کە بەشداری کردووە لە فیستیڤاڵی لاوانی جیهانی لە نەمسا، لەگەڵ خوالێخۆشبووان حەمە ساڵح دیلان و قادر دیلان چەند سرودێکی نیشتمانییان وتوە.
کاکە حەمەی بەکر کەسێکی بەخشندە و لایەنگری هەڤاران بووە و لە هەموو چالاکییە کۆمەڵایەتییەکانی سلێمانیدا بەشدار و هەڵسوڕاو بووە. ئەم کەسایەتییە خۆشەویستە ڕۆژی 14-2- 1999 لە سلێمانی کۆچی دوایی کرد.