مامۆستا سەلام مەنمی
نووسەرێک هەموو ژیانی خۆی بۆ خزمەتکردنی گەل و نیشتمانەکەی تەرخانکرد و لەبوارەکانی ئەدەبی و پەروەردەییدا خزمەتێکی گەورەی پێشکەش کرد و شوێن پەنجەی بە و بوارانەوە دیارە.
لە بواری ئەدەبیشدا وەک چیرۆکنووسێک ناسراوە، زۆریش بایەخی بە چیرۆکی منداڵان داوە
مامۆستا سەلام مەنمی ساڵی 1937 لەدایکبووە لە شاری #سلێمانی#..
سەرەتا چۆتە بەرخوێندنی ئایینی و لەسەردەستی مەلا غەفوری باوکی و مامۆستایان مستەفا زەڵمی و شێخ تۆفیق بەرزنجی دەرسە ئایینییەکانی خوێندووە.
هێندە خولیای خوێندن و فێربوون بووە، ساڵی 1958 لەگەڵ چەند هاوڕێیەکیدا بۆ خوێندن چۆتە قاهیرە و لە زانکۆی ئەزهەر دەستی بە خوێندن کرد و ساڵێک لەوێ خوێندوویەتی و بەهۆی تێکچوونی پەیوەندییەکانی نێوان میسرو ئێراقەوە، خوێندکارە ئێراقییەکان میسریان بەجێهێشت، ئەمیش نەیتوانیوە درێژە بەخوێندن بدات و گەڕاوەتەوە بەغدا، بەڵام کۆڵی لەخوێندن نەداوە لە بەغدا لە کۆلێژی شەریعە وەرگیراوە،
لە ساڵی 1960کۆلیژی شەریعەی لەبەغدا تەواوکردووە.... دوای ئەوەی خوێندنی تەواوکرد بەکالۆریۆسی لە زمانی عەرەبیدا بەدەستهێناوە.
پاشان لە سلێمانی بووە بەمامۆستای زمانی عەرەبی و لە قوتابخانەکانی وەتەن و سەڵاحەدین وانەی وتووەتەوە.
لە ساڵی 1974 لەگەڵ پۆلە ئەدیبێکی هاوڕێیدا چوونە ڕیزی شۆڕشی ئەیلولەوە، لەوێ لە ڕاگەیاندنی کاری کردووە. ماوەیەکیش پەیامنێر بووە لە هێزی #کەرکووک#. بۆ ماوەیەکیش بەڕێوەبەری بەدواداچوون بووە لە ئێزگەی دەنگی کوردستانی ئێراق. هەروەها ماوەیەکیش کراوە بە لێپرسراوی ڕادیۆی یەدەگ بۆ حاڵەتی پێویست لە خەلان.
ماوەی 22ساڵ مامۆستا بووە دواتر بووە.... بە سەرپەرشتیاری پەروەردە لەسەرەتای 70 کان دەستی بە کاری وێژەی کردووە
خزمەتێکی زۆر پێشکەش بەخوێندکارانی شاری سلێمانی دەکات و بەهۆی خزمەت و لێهاتووییەوە دەبێ بەسەرپەرشتیاری پسپۆڕی زمانی عەرەبی لەقوتابخانە ناوەندی و ئامادەییەکانی سلێمانیدا و لە بواری خوێندن و پەروەردەدا خزمەت ئەکات.
بێجگەلە لە بواری پەروەردە، مەیدانی کار و خزمەتی ئەساسی مامۆستا سەلام مەنمی ئەدەب و نووسین بووە.
سەرەتای نووسینی بۆ ساڵی 1970 ئەگەڕێتەوە و لەو ساڵە یەکەم چیرۆکی درێژی بەناوی جوتیارێکی کۆڵنەدەرەوە بەچاپ گەیاندووە.
دواتر لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکانی وەک هاوکاری و بەیان و ڕۆشنبیری نوێ و ڕۆژی کوردستان، چیرۆک و نووسینەکانی بڵاو کردۆتەوە و خاوەنی بیست پەڕتووکی چاپکراوە.
بەرهەمەکانی مامۆستا سەلام بوارەکانی چیرۆک و فولکلۆر و کەلەپووروئەفسانە و کلتوری لەخۆگرتووە و شوێن پەنجەی بە و ڕشتانەی ئەدەب و ڕۆشنبیرییەوە دیارە.چیرۆکەکانی مامۆستا سەلام مەنمی کە پشکی سەرەکی بەرهەمەکانین، لەگۆشەنیگای چینایەتی و کۆمەڵایەتییەوە بە زمانێکی میللی پارا و نووسراون ودەربڕی ئازار و خەمەکانی جووتیاران و ڕەنجدەرانن.
مامۆستا مەنمی بایەخیشی بەئەدەبی منداڵان داوە و چەندین چیرۆکی بۆ منداڵانی کوردستان نووسیوە و لەدوو توێی چەند پەڕتووکێکدا چاپی کردوون.
بێجگە لەدنیای چیرۆک مامۆستا مەنمی بایەخی بەرشتەکانی دیکەی ڕۆشنبیری وەک فۆلکلۆر و کەلەپوور و ئەفسانە داوە و چەند پەڕتووکێکی تایبەت بە و بوارانەی پێشکەش بەپەڕتووکخانەی کوردی کردووە.
بەهۆی ئەزموون و توانای ڕۆشنبیرییەوە، ماوەیەک وەک شارەزا لەبەڕێوەبەرایەتی گشتی چاپ و بڵاوکردنەوەی سەر بەوەزارەتی ڕۆشنبیری خزمەتی کردووە.
مامۆستا سەلام مەنمی پیاوێکی تێکۆشەر و بەهەڵوێست بووە و هەردەم لەبەرەی گەل و نیشتمانەکەیدا بووە و ساڵی 1974 بەشداری شۆڕشی ئەیلوولی کردووە و لەراگەیاندنی شۆڕش و ئێزگەی دەنگی کوردستان خزمەتی کردووە.
لەسەردەمی شۆڕشی نوێشدا هەڵوێستی دیارو ئازایانەی هەبووە و قەڵەمەکەی لەسەنگەری بەرگریی نیشتماندا بووە و لەشارەوە بەنهێنی چیرۆکەکانی بۆشاخ ناردووە و لە گۆڤاری نووسەری کوردستاندا بەناوی خوازراوەوە بڵاو بوونەتەوە.
لەدوای ڕاپەڕینیش بووە بە سەرپەرشتیاری پەروەردەیی هەتا ئەوکاتەی خانەنشین کراوە.
دواتریش بە خانەنشینی کراوە بە ڕاوێژکاری ڕۆشنبیری لە دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی سەربە وەزارەتی ڕۆشنبیری.
خوالێخۆشبوو یەکێکبوو لەوکەسانەی کە لەڕووی کۆمەڵایەتییەوە پیاوێکی خۆشەویست بوو، پەیوەندی لەگەڵ هاوڕێکانی باش بوو، ماوەیەک بوو تووشی نەخۆشی بووبوو، بەڵام کە هاوڕێکانی سەردانیان دەکرد ورەی بەرز بوو، زۆر بایەخی بە قورسی نەخۆشییەکەی نەدەدا، لە پێنج شەممە، #09-04-2015# کۆچی دوایی کردو تەرمەکەی لەگردی ئابڵاخ بەخاکسپێردرا.
مامۆستا سەلام مەنمی پەروەردەکار و ئەدیب و چیرۆکنووس و خەمخۆری فۆلکلۆر و کەلەپور، پێشمەرگە و تێکۆشەری بەهەڵوێست، نزیکەی نیوسەدە لەو بوارانە خزمەتی دیاری کرد. لەبەرئەوە ڕۆڵی جوامێرانەی هەرگیز لەبیرناکرێ و لەلاپەڕە درەوشاوەکانی مێژووی گەلەکەماندا بەشانازییەوە تۆمار دەکرێن.
مامۆستا سەلام مەنمی کەسایەتییەکی دیاری ئەدەبی و پەروەردەییە، شایستەی ئەوەیە شەقام و باخچە و قوتابخانە و دەزگای ڕۆشنبیری بەناوەوە بنرێت و بەرهەمەکانی سەرلەنوێ چاپ بکرێنەوە.
لە پەیجی ئەدەبیاتی منداڵ وەرگیراوه،
سوپاس بۆ سەرهەنگ عەبدولڕەحمان..