- دانانی بەردی بناغەی مۆنومێنتی شەهیدان لە شاری هەولێر، ئەم پڕۆژەیە لە ماوەی ساڵێکدا تەواو دەبێت.
- د. ئەختەر نەجمەدینی وەزیری خوێندنی باڵا - سلێمانی، دەربارەی مانگرتنی خوێندکاران ڕایگەیاند کە نەک زانکۆی ئاییندە داناخەین بەڵکو زانکۆی ئەهلیی تریش دەکەینەوە.
- یەکەمین دانیشتنی پەڕڵەمانی ئێڕاقی بەڕێوەچوو، لەم کۆبوونەوەیەدا باس لە تاوانەکەی هەڵەبجە کرا و جەلال تاڵەبانی بەناوی لیستی هاوپەیمانیی کوردستانەوە وتارێکی خوێندەوە، شایانی باسە تەواوی کۆبوونەوەکان بەشێوەیەکی زیندوو وەردەگێڕدرایە سەر زمانی کوردی. هەروەها لە کاتی سوێندخواردندا پەڕڵەمانتارانی کورد ڕازینەبوون بەتەنها بە عەرەبی سوێند بخۆن، بەڵکو جەختیان لەسەر ئەوە کرد کە بەکوردی سوێند بخۆن، لە ئەنجامدا بە هەردوو زمان سوێندیان خوارد.
- بەبۆنەی ساڵڕۆژی کیمیابارانی هەڵەبجەوە لە کوردستان TV فیلمی ژیان لە دەرهێنانی ج. ڕۆژبەیانی پیشاندرا.
- بەپێی ئامارێک کە لە تەلەڤزیۆنی کوردسات بڵاوکرایەوە، لە ساڵی هەشتاکاندا نزیکەی 280 ناوچەی کوردستان بۆردومانی گازی کیمیاویی کراوە.
- جۆرج بوشی سەرۆکی ئامریکا بەبۆنەی هاتنی جەژنی نەورۆزەوە پیرۆزبایی لەو وڵاتانە کرد کە بەهۆی نەورۆزەوە جەژن دەگێڕن، بەڵام بەهیچ جۆرێک ناوی کوردی نەهێنا.