00-03-2005
📅 رێکەوت و رووداو (کڕۆنۆلۆژیا)
- رێکخراوی نێودەوڵەتیی مافەکانی مرۆڤ رەخنەی لە تورکیا گرت، چونکە تاوەکو ئێستا داگیرکەری تورک هەوڵی گەڕانەوەی ئەو سەدان هەزار کوردەی نەداوە کە کاتی خۆی بەزۆر رایگواستوون.
- رێکخراوی هیومان رایتس ۆچ رەخنەی لە د.ت تورکیا گرت لەبەرئەوەی رێگا بە ئاوارە کوردەکان نادات بگەڕێنەوە بۆ گوندەکانی خۆیان.
- محەمەد مەلا قادری ئەندامی بیرۆی رامیاریی پارتی رایگەیاند کە %95ی عەرەب نەک هەر دژی فیدڕاڵین بۆ کوردستان بەڵکو دژی ئۆتۆنۆمیشن.
- دەرچوونی چەند بڕیارێک لە لایەن وەزارەتەکانی ئێڕاقەوە، بەپێی ئەو بڕیارانە ئەوانەی لە سەردەمی بەعسدا جاش بوون لە فەوجی خەفیفەدا بوون مانگانەیان دەدرێتێت.
- لە قوتابخانەکانی شاری مەریوان ئاڵای کوردستان بەرزکرایەوە. شایانی باسە د.ا تا ئێستا نەیتوانیوە ئەوانە بدۆزێتەوە کە ئەم کارەیان کردووە.
- سەرەتای ئەم مانگە: د. رۆژ نووری شاوەیس لە بەغدا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسیدا ئاڵای کوردستانی لەسەر مێزەکەی دانا و بووە هۆی نانەوەی ناڕەزاییەکی زۆر لەناو عەرەبەکاندا.
- جۆرج بەغدادی لە راپۆرتێکدا ئەوەی راگەیاند کە کوردی خۆرئاوای کوردستان بەرەبەرە داوای ئەوەدەکەن کە وەک کوردی باشوور وەک نەتەوە دانیان پێدابنرێت و زۆر بەوردیش چاودێریی بارودۆخی باشووری کوردستان دەکەن. هەروەها ئەوەشی راگەیاندووە کە کوردی خۆرئاوا ژمارەیان 1.7 ملیۆنە.
- ئەنیستیتوی واشەنتۆن لە راپۆرتێکدا رایگەیاند کە دەبێت ئامریکا بۆ لەدەستنەدانی تورکیا، کۆنگرەی گەل پکک لەناوبەرێت و هەروەها ناشبێت کەرکوک بگەڕێتەوە سەر کوردستان.
- بەلژیک، رەمزی کارتاڵی وەک پەنابەر وەرگرت. نێوبراو کەسی دووەمی کۆنگرەی گەلە.
- داگیرکەری تورک بە فەڕمی ناوی زانستیی ئەو گیاندارە کێوییانەی گۆڕی کە بەناوی کوردی و ئەرمەنییەوەن.
- رێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی لە یادی راپەڕینەکەی خۆرئاوای کوردستان، داگیرکەری سووریی لە پێشێلکردنی مافی کورد ئاگادارکردەوە.
- بەهۆی لافاوێکەوە لە ناوچەی مەریوان پردی گوندی نەنە تێکچوو و بووە هۆی خنکاندنی منداڵێک بەناوی ئیحسان کەیوانپور.
- دەرچوونی راپۆرتی ساڵانەی وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا سەبارەت بە مافی مرۆڤ لەساڵی 2004دا. لەم راپۆرتەدا باس لە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ دەکرێت لە ئێراندا و ئاماژە بەوە دەکات کە رادەی زیندانی و کوشتن و ئەشکەنجە لەم وڵاتەدا بەشێوەیەکی ترسناک بەرزبووەتەوە.
- عەرەبی سوننە و شیعە لە سنووری پارێزگای دیالەدا لە دژی کورد بەرەیەکیان پێکهێنا و پارێزگار و جێگرەکەیان کردە عەرەب.
- کوردناسی تورک ئیسماعیل بێشکچی، لە چاوپێکەوتنێکدا رایگەیاند کە پێویستە کورد سووربێت لەسەر گەڕاندنەوەی کەرکوک بۆ سنووری کوردستان و بەفیدڕاڵیکردنی کوردستان.
- ناوەڕاستی ئەم مانگە: لە شارەدێی سەروچاوەی سەربە رانیە، نزیکەی 600 کەسێک تووشی نەخۆشییەک بوون کە وەک پەتا وایە و لە کولێرا دەچێت، شایانی باسە نەخۆشخانەکانی ناوچەکە نەیانتوانی بەربەم نەخۆشییە بگرن و لە کاتی خۆیدا چارەسەری بکەن.
- وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا لە راپۆرتی ساڵانەی خۆیدا سەبارەت بە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ رەخنەی لە داگیرکەری تورکیا گرت.
- ئەرمەنییەکان داوای 60 ملیار دۆلار قەرەبوو لە داگیرکەری تورکیا دەکەن.
- یەکێتیی ئەوروپا بۆ جارێکی دیکە هۆشداریی دایە داگیرکەری تورک سەبارەت بەمافی مرۆڤ.
- داگیرکەری ئێرانی د. روئیا تلوعیی بانگکردە دادگا، نێوبراو یەکێکە لە چالاکەکانی مافی ئافرەت.
- 13 ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی هاک - پار لە تورکیا بەرەوڕووی دادگاییکردن بوونەوە، لەبەرئەوەی بەزمانی کوردی قسەیان کردووە.
- ئامریکا لەگەڵ ئۆپۆزیسۆنی سووریدا دانوستاندنی کرد.
- بەهۆی مانگرتنەکانی خوێندکاران لە دژی زانکۆی ئاییندە، نزیکەی 170 خوێندکاری ئەو زانکۆیە کە بڕوانامەکانیان نزمە یان هەر نییانە مافی خوێندنیان لەو زانکۆیە لێدەستێندرێتەوە.
- لە شاری سلێمانی دیاردەی سواڵکردن قەدەغەکرا و هەرکەسێک سواڵ بکات دەدرێتە دادگا.
📌
کوردیپێدیا، رۆژانە (بێلایەنانە) مێژووی کوردستان تۆماردەکات... 📅 کڕۆنۆلۆژیای رووداوەکان