- وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی سلێمانی بڕیاریدا لە ڕۆژی 27-01 تا کۆتایی ئەم مانگە هاتووچۆ لە سنوورەکانی هەرێم قەدەغە بکرێت، تاوەکو لە کاتی پڕۆسەکانی هەڵبژاردندا هیچ کارەساتێک ڕوونەدات.
- ئەحمەد چەلەبی ڕایگەیاند کە پێویستە شارەکانی بەسرە و عەممارە و ناسریە فیدڕاڵییەکی لەو شێوەیەکی کوردستان پێکبهێنن و ئەوەشی ڕاگەیاند کە ئەو بودجەیەی بۆ ئەم شارانە تەرخانکراوە زۆر لەوەی کوردستان کەمترە و لە کاتێکدا ژمارەی دانیشتووانی ئەم شارانە لە کوردستان زۆرترن.
- نامیق تان گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی داگیرکەری تورکیا نیگەرانیی تورکیای لە بەرامبەر ڕەوشی کەرکووک ڕاگەیاند. هەروەها گووتی کوردەکان هەوڵدەدەن دیموگرافیای کەرکووک بگۆڕن و بۆ ئەوەش لە لیستەکانی دەنگداندا ساختەکاری دەکەن و ناوی زیادەش دەنووسن.
- پارتی وڵاتپارێزی دیموکراتی کوردستان بەسەرۆکایەتیی عوسمان ئۆجەلان لە بەیاننامەیەکدا پشتگیریی خۆی بۆ ڕێککەوتنی حزبەکانی باشووری کوردستان و لیستی هاوپەیمانێتی کوردستان بۆ هەڵبژاردنەکانی عێراق دەربڕی. لەبەیاننامەکەدا بەناوی پارتی وڵاتپارێز و پارتی سۆسیالیستی کوردستان - باکوور داوا لە پارتەکانی باکووری کوردستانیش کراوە هەمان ڕێگا بگرنەبەر و ڕێککەوتنێکی لەوجۆرە ئەنجام بدەن تا پێکەوە ڕووبەڕووی پیلانی دوژمنان ببنەوە.
- بەرەی عەرەبیی یەکگرتوو کە ژمارەیەک پارت و لایەنی عەرەبی سوننی و شیعیی نێو کەرکووک لەخۆ دەگرێت، وەک ناڕەزایی دەربڕینێک بەرامبەر بەشداریی کوردە ئاوارەکان لە هەڵبژاردنە نێوخۆییەکانی کەرکووکدا، بڕیاری دا پاشەکشە لەو هەڵبژاردنانە بکات. شێخ وەسفی ئەلعاسی ئەمینداری گشتیی بەرەی نێوبراو لەو بارەیەوە بە فرانس پرێسی ڕاگەیاند کە بڕیاری پاشەکشەی ئەوان پاش ڕازیبوونی کۆمسیۆنی بالاóی هەڵبژاردنەکان دێت بەرێگەدان بەو کوردانەی بەم دواییە گەڕاونەتەوە کەرکووک، تا بەشداریی هەڵبژاردنەکانی ئەو پارێزگایە بکەن.
- تازەترین فیلمی سینەمای تورکیا بە ناو (Hirsiz var) چۆتە سەر پەردەی سینەماکانی تورکیا. ئەم فیلمە باس لە ژیانی خەڵکی گوندێکی کوردستانی باکور و پەیوەندییەکانیان لە گەڵ دنیای دەرەوە دەکات، لە ناو فیلمەکەدا بۆ یەکەمجار لە مێژووی سینەمای تورکیادا گۆرانیەکی کوردی بەناوی (کچاکوردان) لە گوتنی گۆرانیبێژی دەنگخۆشی کوردستان (ئاینور)، بەتەواوەتی و بێ ئەوەی بپچڕێندرێت لە سەرەتاوە تاکۆتایی لێ دەدرێت و لەکاتی گوتنی گۆرانیەکەدا ئەوانەی لە فیلمەکەدا گوێ لەگۆرانییەکە دەگرن، دەگرین. ئەمڕۆ لەکاتی نمایشکردنی فیلمەکە لە چەند سینەمایەکی تورکیا، ژمارەیەک لەو ئامادەبوانەی کە لە سینەما سەیری فیلمەکەیان دەکرد، وەک پرۆتێست کردنی ئەم ڕووداوە ساڵۆنی سینەماکەیان جێ هێشت و داوایان دەکرد ئەم پارچە گۆرانییە کوردییە لە فیلمەکە بهێندرێتە دەر. بەرهەمهێنەری فیلمەکە لە لێدوانێکیدا بۆ تەلەڤزیۆنیATV ی تورکی ڕایگەیاند کە ئەم گۆرانییە بە پێی سیناریۆی فیلمەکە هەڵبژێردراوە و هیچ شتێک نابێتە هۆی ئەوەی کە ئەو گۆرانییە لە فلیمەکە بهێندرێتەدەر.
- خۆپیشاندانێکی گەورە لە شاری سیرت و بووە هۆی برینداربوونی دەیان کەس و گیرانی نزیکەی 100 کەسێک لەلایەن داگیرکەری تورکەوە.