شارۆچکەی مەخموور، سەر بە پارێزگای هەولێرە و لە لە 3 شارەدێی (قەراج، گوێر، کەندێناوە) پێکهاتووە هەروەها 203 گوند لە خۆ دەگرێت و ڕێژەی دانیشتوانی نزیکەی 200 هەزار کەسن.
پێگەی جوگرافی قەزای مەخموور:
لەرووی جوگرافییەوە مەڵبەندی قەزای مەخموور بەدووری (55) کم دەکەوێتە ڕۆژئاوای پارێزگای هەولێر، لە باکوورییەوە قەزای دەشتی هەولێر و خەباتە و لە باشوورییەوە ڕووباری دیجلەیە، ڕۆژهەڵاتی زێی بچووکە و ڕۆژئاوای زێی گەوەرەییە. دووری لە ناحیەی گوێر (53)کم، لە ناحیەی قراج (14)کم، لە ناحیەی دیبەگە (30) کم، لە ناحیەی مەلاقەرە (28)کم، لە ناحیەی گیارە (28)کم لەلای ڕۆژئاوای شرقات (60)کم دوورە لە لای ڕۆژهەڵاتیشی قەزای مەخموور ناحیەیی سەرگەران هەیە بە دووری (55)کم، لەگەڵ پارێزگاکانی (موسڵ - کەرکووک - تکریت) هاوسنوورە. چیای قەرەچووغ دەکەوێتە ناوەراستی قەزاکە و زورگەزراویش دەکەوێتە لای ڕۆژهەڵاتی باکووری. قەزای مەخموور خاکێکی بە پڕشت و پیتی هەیە لەروی کشتوکاڵیەوە بەتایبەت بۆ (گەنم و جۆ) کە لە سەر ئاستی کوردستان و عێراق بە پلەی یەکەم دێت، هەر بۆیە یەکەم و دووەم گەورەترین سایلۆ لەسەر ئاستی کوردستان و عێراق لە مەخموور دروستکراوە.
مەخموردەکەوێتە سەر هێلی (35) پانی و (43-44) درێژی و ئاوهەواکەی گەرم و ئاوی ژێر زەوی ناسازە و ناشێت بۆ خواردنەوە، بۆیە لەسەرچاوەی زێی گەورە لە پرۆژەی ئاوی (سوڵتان عەبدوڵا) و دەمارەشیرینی کەندێناوە لەگوندی (گاوەرە) ئاو بۆ مەخموور دابین کراوە. بۆ ناحیەی قەراجیش لە زێی گەورە لە پرۆژەی ئاوی (حاجی عەلی) ئاو دابینکراوە لەگەڵ پڕۆژە ئاوی گوندی (دووانزە هەوار). بۆ دیبەگەش لە پڕۆژە ئاوی دیبەگە لە گوندی منارەی دەشتی مرکیە ئاو دابینکراوە. بۆناحیەی گوێڕیش لە زێی گەورە ئاو دابینکراوە.
ناوی شارۆچکەی مەخموور لە چیەوە هاتووە :-
وشەی مەخموور لە مغمور وەرگیراوە بەهاران بە گوڵی جوان و ڕەنگا و ڕەنگ دەردەکەوێت هەروەها هەندێکیتر دەڵێن لە مەرغ موور هاتووە بەواتای تەیرو توار، بۆچوونێکی تریش هەیە کە دەڵێن لە مەغمور هاتووە واتا شوێنێکی نزم، بەلام پەسەندترین بۆچوون ئەوەیە کە دەلێت لەوشەی (مەخمەر) یان (مەخمەل) هاتووە بەواتای بەهاران وەکو پارچە قوماشێکی مەخمەری دەردەکەوێت.
شایەنی باسە برایماغای دزەیی یەکەم حاکمی مەخموور بووە تاوەکو ساڵی 1920 لەدوای کۆچی دوایی ئەو کوڕەکە مشیر ئاغا بووەتە حاکمی مەخموورو کۆمەڵێ گۆرانکاری باشی ئیداری لەناوچەکە ئەنجامداوەو یەکەم قوتابخانەش لەسەر دەستی ئەو لەساڵی 1923 دروستکراوە. و یەکەم قایمقامی مەخموور (عەبدولڕەحمان سەعید بابان) بووە.
قەزای مەخموور زەویەکی زۆر بەناوبانگی هەیە بۆ جاندنی گەنم و جۆ کە زۆر شیاوە بۆ بەروبومی کشتوکاڵ
قەزاکە لە دوو دەشتی سەرەکی فراوان پێکدێت (قەراج و کەندێناوە) لەگەڵ بەشێک لەدەشتی شەمامک کە ناوەندی قەزاکە کەوتووەتە بەری قەراج و پتر لە 210 گوند لەخۆ دەگرێت. سنوری قەزای مەخموور جیا لەوەی ناوچەیەکی دەوڵەمەندی کشتوکاڵی و ئاژەڵداریە، هاوکات لەرووی بەرهەمە بیناسازی و نەوتیەکانیش دەوڵەمەندەو بەتایبەت لەناحیەکانی دیبەگە و قەراج بەدەیان بیرە نەوت هەیە و پاڵاوگەی (خورمەلە)ش کەوتووەتە دیبەگە کە نەوت لەرێگەی کەرکووکەوە بەرەو بەندەری جیهانی ڕەوانە دەکات.
بەشێوەیەکی گشتی ڕوبەری قەزاکە (352،000) دۆنمە و ڕێژەی 8ی کۆی گشتی ڕووبەری پارێزگای هەولێر پێکدێنێت. ڕووبەری قەزای ناوەندیش (880)کم2. قەزای مەخموور سێ ناحیە لەخۆ دەگرێت ئەوانیش (1. قەراج"باقرت" - 2. گوێڕ- 3. کەندێناوە "دیبەگە).
هاوکات کەمپی کوردەکانی باکووری کوردستان لە بەری خۆرئاوای قەزای ناوەندی بەدووری 3کم نیشتەجێن و لەرووی کارگێریەوە سەربە مەخموورن و لەلایەن کۆمسیۆنی بالای پەناهەندەکان سەر بە نەتەوەیەکگرتوەکان و حکوومەتی هەرێم سەرپەرشی دەکرێن. کە وەک ئیدارەیەکی گشتی بەرێوەبەر و فەرمانگەی هەیە و نزیکەی (12000) دوانزە هەزار (سڤیل)ی تێدادەژیت کە لەساڵی 1997وە لەو شارۆچکەیە نیشتەجێن.