ساڵی 1976 لە شاری کەرکووک لە دایکبووە، دوای ئەوەی خوێندنی تەواو کردووە کۆچی کردووە بۆ وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. لەوێ خێزانی پێکەوەناوە وخەریکی کار و خوێندنە.
لە ساڵانی نەوەتەکاندا بەشداریی کردووە لە دامەزراندنی ڕێکخراوی هیوا، کە ڕێکخراوێکی مەدەنیی سەربەخۆی نهێنی بوو چونکە لە ژێر ڕکێفی ڕژێمی بەعسدا بوو. هەروەها ئەندامی تیپی شانۆی هاوڕێیان بووە لە کەرکووک و لە بەشی ڕاگەیاندنیدا کاری کردووە.
ئێستا لە ڕێخراوێکی مافی مروڤ کار دەکات لە ئەمریکا، بەرپرسی بەشێکە لەو ڕێکخراوەدا، هەروەها ئەندامی جەند ڕێکخراوێکی جیهانیشە، لەوانە (ئەمنستی ئنترناشناڵ) و (چاودێری مافی مرۆڤ لە ئەتڵەنتا).
خاوەنی دوو کتێبە بەڵام جارێ چاپ نەکراوە، یەکێکیان دەربارەی مێژووی کوردە و ئەوی دییان دەربارەی جینۆسایدی کورد.
بەگشتی کار لەبواری مافی مرۆڤدا دەکات و لەسەر جینۆسایدی کورد بەتایبەت کار و تۆژینەوەی کردووە. بۆ ڕاوەستانی جینۆساید لە ئەفریقیا وەک وڵاتەکانی ڕواندا و کۆنگو و دارفور و... هتد کاریکردووە.
دوای ئازادکردنی کەرکووک جەند پڕۆژەیەکی هەبووە بۆ ئەو شارە، فیلمێکی دۆکومێنتەریی دەربارەی قوتابخانەی ئەمریکی لە کەرکووک نمایش کردووە، هەروەها فیلمێکی دۆکومێنتەریی تری دەربارەی مافی مرۆڤ لە کوردستان بۆ ڕێکخراوی ئەمنستی ئنتەرناسیۆناڵ دروستکردووە.
بێجگە لە زمانی دایکی ئەم زمانە بێگانانەش دەزانێت: ئینگلیزی، عەرەبی، فارسی و تورکمانی.