ساڵی (1971) لەلایەن شەهیدی سەرکردە جەمال عەلی باپیر-ەوە دامەزرێنراوە، بۆیە ئەو ناوەی لێنراوە، چونکە پێشەوا قازی محەمەد لەگۆڕەپانی چوارچرا لەشاری مەهاباد لەسێدارە دراوە.
مەبەست لەدامەزراندنی ئەم تیپە پێگەیاندنی یاریزانی لاو و تازەپێگەیشتوو بووە بۆ تیپی وەرزشی کەمال سەلیم، بەم هۆیەشەوە تیپەکە تا ساڵی (1978) بەشداریی لەهیچ خول و پاڵەوانێتییەکدا نەکردووە، بەڵام لەو ساڵەدا و دوای ئەوەی کەمال محەمەد بۆتە سەرپەرشتیار و ڕاهێنەری تیپەکە، ئەو تیپە ئاڕاستەیەکی سەربەخۆی وەرگرتووە و بەشداریی لەخولەکانی ئەوکاتەی سنوری شاری سلێمانی کردووە.
تیپی وەرزشی چوارچرا جگە لەوەی تیپێکی وەرزشی بووە، لانکەی چەندین پێشمەرگەی قارەمان بووە،هەروەک خاوەنی چەندین شەهیدی قارەمانیشە.
لەساڵی 1979ەوە ئەم تیپە بەشداریی خولی تیپە میللییەکانی ئەو سەردەمەی کردووە کەلیژنەی وەرزشیی ئەوکاتە سەرپەرشتی دەکرد، هەروەها لەساڵی 1980-ەوە بەردەوام بەشداریی خولی یاریگای هاوکاری دەکات کە تیپی وەرزشی هاوکاری ساڵانە ڕێکی دەخات و تا ئێستا (4) جار پلەی یەکەمی و (3) جار پلەی دووەمی و جارێکیش پلەی سێیەمی خولەکەی دەستەبەر کردووە، لە خولی یانەی وەرزشی سلێمانیشدا تیپی وەرزشی چوارچرا بەردەوام ئامادەیی هەبووە کە لە نێوان ساڵانی (1981) بۆ (1987) یانەی سلێمانی بۆ تیپە بەهێزەکانی سنووری شارەکە ڕێکی دەخست و چەندین ئەنجامی باشی لەم خولەشدا هەبووە.
لە دوای ڕاپەرینەکەی ساڵی 1991-ەوە تیپی وەرزشی چوارچرا هەر بەردەوام بووە و لەگەڵ دامەزراندنی لیژنەی تیپەمیللییەکان و کردنەوەی خول لەساڵی 1998-ەوە تیپی وەرزشی چوارچرا وەک تیپێکی پلە یەک ساڵانە بەشداری ئەو خولەشی کردووە و چەند ئەنجامێکی باشی بەدەستهێناوە.
بەهۆی نەبوونی یاریگا و کەمی تەمەنی یاریزانەکانیەوە ئێستا تیپەکە لە خولی پلە دووەکاندا درێژە بەبەشداریی کردنەکانی دەدات.