تیپی میللی لەشاری سلێمانی مێژوویەکی دێرینی هەیە و لە دوای ڕاپەرین بە شێوەیەکی بەرچاو ئەو تیپانە ڕوو لە زیادکردن بوون، تیپی وەرزشیی شەهید ئاوات یەکێکە لەو تیپانەی لە ساڵی 1992 لەلایەن چەند وەرزشکارێکی سنووری گەڕەکی ئازادی دامەزرێنرا.
سەرەتا تیپەکە ناوی شکۆ بووە، بەڵام یاریزانێکی تیپەکە کە ناوی ئاوات عەلی بووە لەساڵی 1993دا کۆچی دوایی دەکات، لەبەر ئەوە تیپەکە ناونرا تیپی وەرزشی شەهید ئاوات، تیپەکە لەگەڵ دامەزراندنیدا تا ئێستا چەندین یاریزانی لێهاتووی پێگەیاندووە کە یانەکانی ناو شاری سلێمانی سوودێکی زۆریان لێوەرگرتووە.
ئەم تیپە بەشداریی لەچەندین خولدا کردووە، لەوانە خولی یاریگای کەمال سەلیم و خولی یاریگای هاوکاری و خولی یاریگای بابان و چەندین خولی تر، چەندین ئەنجامی باشیشی دەستەبەرکردووە، لەوانە لە ساڵی 1994 یەکەمی خولی کەمال سەلیم و ساڵی 1996 یەکەمی خولی هاوکاری دەستەبەرکردووە، لەساڵی 1998یشەوە بەردەوام بەشداریی خولی لیژنەی تیپە میللییەکانی شاری سلێمانی کردووە و چەند ئەنجامێکی باشی بەدەستهێناوە.