لە ساڵی 1968 لە گوندی نۆڕک لە بناری سورکێو لە دایک بووم. باوکم (شەهید حەمەئەمین گوڵچین) یەکێک بوو لە پێشمەرگەکانی شۆڕشی ئەیلول و ئامربەتلیۆن بوو لە هێزی خەبات کە شەهید فەتاح ئاغا ئامر هێزیان بوو، لە 16 ئابی 1974 لە چیایی کۆرز لە شەڕێکی قارەمانانەدا شەهید بوو و لە دوای خۆی چوار کوڕ و کچێکی بەجێهێشت. دایکم هەموو ژیانی خۆی کردە قوربانی بۆ ئێمە و لەگەڵماندا مایەوە و ئێستا لەگەڵ برایەکمدا #سلێمانی# دەژی.
خوێندی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیم لە شاری سلێمانی تەواو کرد و هەر لە تەمەنی لاوێتیمەوە پەیوەندیم کرد شانە نهێنییەکانی پارتییەوە لە سلێمانی. لە ساڵی 1986 تا کۆتایی 1988 پێشمەرگە بووم لە لیژەنەی ناوچەی سلێمانی و پاشان ڕووم کردە تورکیا و لە کۆتایی ساڵی 1990 وە لە سوێد دەژیم و بەیکجاری وازم لە کاری حزبایەتی هێنا.
لە سوێد ڕۆژەهەڵاتناسیم خوێند و ئێستا وەک مامۆستای زمانی کوردی لە شاری ئۆپسالا کاردەکەم و هاوکات هاوکاری ڕۆژنامەی (ڕووداو) دەکەم.
تا ئێستا سێ کتێبم چاپ کردووە. یەکەمیان کە لە سوێدییەوە وەرمگێڕاوە بەناوی (شەڕە لەبیرکراوە)، دووەمیان خۆم نووسیومە بەناوی (ناسیۆنالیزمی کوردی) و سێهەمێشیان کتێبێکە لەسەر کۆمەڵکوژییەکی #دەرسیم# کە لە سوێدییەوە وەرمگێراوە. ئێستا کتێبێکم ئامادەی چاپە بەو هیوایەی بەم زوانە لە کوردستان بڵاو بکرێتەوە.[1]