لە مانگەکانی کۆتایی ساڵی 1879 بارانێکی زۆر باری لە باشووری کوردستان، خەڵکی بەم هۆیەوە زۆر دڵخۆش بوون بەهاتنی وەرزێکی باشیان دەزانی و چاوەروانی دابەزینی نرخی خۆراک بوون، بەڵام ئەم گەشبینیە زۆری نەخایاند و لەناکاو باوەزێکی ژەهراویو سوتێنەر هەڵیکردو کشتوکاڵی فەوتان و گوڵەگەنمەکانی پووکانەوە، پاشان سەرمایەکی سەخت هات و بووە هۆکاری بەستنی ڕوبارەکان،ئەمەش سەرەتای گرانیەکەو برسێتی بوو،قونسڵی فەرەنسا لە موسڵ (مسیۆ سیۆفی) لە 23 ی شوباتی ساڵی 1880 نامەیەک بۆ حکومەتەکەی دەنوسێت کە تێیدا هاتووە " گرانیەکە بوەتە برسیەتی ڕاستەقینە،رۆژ بەرۆژیش سەختر دەبێت "گرانیەکە تەنگی بەخەڵکی گوندەکان هەڵچنی و بۆ دەستکەوتنی نانی ڕۆژانەیان سەردانی شارەکانیان دەکرد،هێرشی برسیەتی لەلادێکانەوە بۆ شار بوەهۆکاری بڵاووبونەوەی زیاتری برسیەتی و لە ڕۆژێکدا پێنج کەس لەبرسیەتیدا دەمردن،گرانیەکە لە کەرکووک قورستر بوو وەک لە موسڵ و بەپێی ئەو نامەیەی کە مەترانی کلدانی ئەم شارە بۆ پەتریارکی خۆی نوسیویەتی کە لەم شارەدا ڕۆژانە سی کەس بەهۆی برسیەتیەوە دەمرن.
پاش ئەوەی گرانی و برسیەتی زیاتر لە کوردستان بڵاو بوەوەو تەشەنەی کرد،چەتەو دزو ڕێگرەکان لە گوندەکان بڵاونەوەو پەلاماری هەر گوندێکیان بدایەو هەر چیەکیان دەست بکەوتایە دەستیان بەسەردا دەگرت و بەتاڵان دەیانبرد، بەوهۆیەو زۆربەی گوندەکان چۆڵ کران،بازرگانە هەلپەرستەکان ئەمەیان بەهەل زانی و دەستیان کرد بە شاردنەوەی گەنم و جۆکانیان بە نرخێکی هێجگار زۆر و بە نهێنی دەیانفرۆشت، ئیدارە ناوخۆییەکان کە ئەو کاتە لە شارەوایدا خۆی دەبینیەوە هاوکار بوون لەم کارەداو پشتی بازرگانەکانیان دەگرت و شەریک بوون لەدەستکەوتەکەیاندا،سەبارەت بە بارودۆخی خەڵکی و بڵاووبوونەوەی برسیەتی و گرانی قونسڵی بەریتانیا بروسکەیەکی بۆ لەندن ناردووە کە تێیدا هاتوە " یارمەتی... یارمەتی... بەپەلە، مردوو زۆرن، منداڵ دەفرۆشن و دەکڕدرێن، یان دەیانخەنە ژێر ڕەحمەتی چاەرنوسەوە، برسیەکان وەکو لێشاو لە گوندەکانەوە دەرژێنە شارەکانەوە".
کوردیپێدیا بەرپرس نییە لە ناوەڕۆکی ئەم تۆمارە و خاوەنەکەی لێی بەرپرسیارە. کوردیپێدیا بە مەبەستی ئەرشیڤکردن تۆماری کردووە.
ئەم بابەتە 4,406 جار بینراوە
ڕای خۆت دەربارەی ئەم بابەتە بنووسە!