ئازاد وەرتێ
لە دایکبووی ناحیەی وەرتێ-ی سەر بە قەزای رواندزە لە پارێزگای هەولێرە. ساڵی 1967 لە دایک بووە، ساڵی 1983 پەیوەندی بە رێکخستنەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە کردووە، ساڵی 1986 پەیوەندی بە ریزەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە دەکات لە ریزی ینک لە تیپی بەڕانەتی. دواتر دەگوازرێتەوە تیپی 78ی کارۆخ و لەوێدا دەبێتە کادری رێکخستن.
ساڵی 1988-1989 دەبێتە پارتیزان لە چوارچێوەی یەکەی پارتیزانی 78ی کارۆخ. ساڵی 1989-1991 دەگوازرێتەوە راگەیاندنی ناوەندیی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان کە ئەوسا بارەگایان لە شاری سەقزی کوردستانی رۆژهەڵات بوو.
1992-1996 لە ئیدارەی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان بە ناونیشانی لێپرسراوی زاتیە کار دەکات. 1993-1996 لە رۆژنامەی کوردستانی نوێی زمانحاڵی یەکێتیی لە بەشی سیاسی کار دەکات و خاوەنی دەیان وتاری سیاسی ناوخۆیی، هەرێمی و جیهانییە و لە رۆژنامەکانی کوردستانی نوێ، رۆژنامەی رۆژنامە، ئاسۆ، هاوڵاتی، ئاوێنە، سەکۆ (بەرلین)، پێشهات، الاتحاد و چەندین گۆڤار و رۆژنامەی تر دەنوسێت.
ساڵی 1996 دەچێتە وڵاتی ئەڵمانیا و لە شاری هێنف-ی لە ویلایەتی نۆرد راین ڤێست فالن دەگیرسێتەوە. ساڵی 2006 بە یەکجارەکی دەگەڕێتەوە کوردستان و ئێستا بە ناونیشانی شارەزا لە پەڕڵەمانی کوردستان کار دەکات. ئەندامی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستانە، هەروەک ئەندامی دەستەی دامەزرێنەرانی رۆژنامەنووسانی ئەلەکترۆنی کوردستانە. لە نێو یەکێتیشدا راوێژکاری مەکتەبی ناوەندیی راگەیاندیی (ینک)ە.
ئازاد وەرتی بێجگە لەوەی نووسەر و رۆژنامەنووسە شارەزایێکی باشیشی لە بوارەکانی کۆمپیوتەر هەیە و شارەزای وێب ئەپلیکەیشنە بە شێوەی داینامیکی و خاوەنی وێبسایتی خۆیەتی بە ناوی werti.net. بێجگە لە زمانی دایک دەتوانێت بە زمانەکانی عەرەبی، فارسی، ئەڵمانی و ئێنگلیزی بنووسێ و بخوێنێتەوە و قسە بکات. لە رووی کۆمەڵایەتیشەوە خێزاندارە و خاوەنی پێنج منداڵە واتە چوار کچ و کوڕێک.