پێشمەرگەی کۆماری کوردستان، ڕێکەوتی 12ی خاکەلێوە، لە تەمەنی 86 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.
محەمەدخان سڵێمانپوور، خەڵکی سەقز، لە سەردەمی کۆماری کوردستاندا لاوێکی چالاک بوو. ناوبراو لەو سەردەمەدا، لەگەڵ براکەی کاک محەمەد سدیق خان سڵێمانپوور کە یەکێک لە فەرماندەکانی کۆماری کوردستان بوو، لە مەڵبەندی شارەکانی سەقز و بانەدا وەک پێشمەرگەیەکی کۆمار سازمان درا. هەروەها ناوبراو لە سەردەمی ڕێژیمی پاشایەتیدا بەهۆی چەند دێکۆمێنت و نووسراوەوە لەسەر کۆماری کوردستان، دوو جار زیندانی کرا.
لە سەردەمی شۆڕشی گەلانی ئێراندا محەمەدخان سڵێمانپوور و بنەماڵەکەی لە ڕیزەکانی PDKIدا خەباتیان کرد.
هەر بەو هۆیەوە، خەڵخاڵی بەناو دادوەری ڕێژیم لە کوردستاندا، حوکمی لەسێدارەدانی بۆ محەمەدخان سڵێمانپوورو 3 کوڕی ناوبراو دەرکرد.
محەمەدخان سڵێمانپوور، چوار جگەرگۆشەی بە ناوەکانی ئەسعەد، سەیفوڵڵا، ڕەزا و عەبدولحەمید سڵێمانپوور کە پێشمەرگەی PDKI بوون، لە ڕێگەی ئازادی و ڕزگاریی نەتەوەکەیدا پێشکەش کردووە.
شایانی باسە بنەماڵەی محەمەدخان، دەیان جار کەوتوونەتە بەر ئازارو ئەزییەتی هێزەکانی ڕێژیم و تەنانەت ماڵەکەیان لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە ڕووخێنراوە و زەوییەکەیان داگیرکراوە.